سەما؛ بە متمانەوە هەنگاو دەنێت
لە باشترین توێژەرەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە  

بەغداد/ 2021/ سەما حەسان، توێژەر لە تاقیگەیەكی زانكۆی موستەنسرییە

ئەحمەد مساڵحە

لە نێو چەپڵەڕێزانی ئامادەبوندا و بەوپەڕی باوەڕبەخۆبونەوە؛ سەما حەسان دەچێتە سەر سەكۆی رێزلێنان وەك یەكێك لە باشترین شەش خانمە توێژەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (تاكە عیراقی)، تا رێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بە هەماهەنگی دامەزراوەی لۆریال فاوەندەیشن خەڵاتی بكەن.

رێزلێنانەكەی سەما لە پەراوێزی (پێشانگەی ئێكسبۆ 2020)ـی دوبەی ئیمارات بەڕێوەچوو، دوای هەڵبژاردنی بۆ ئەو خەڵاتە لەسەر بنەمای توێژینەوەكانی دەربارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی دۆستی ژینگە، بۆ كێشەی پیسبونی زەوی بەهۆی پاشماوە نەوتییەكانەوە.

ئەو كچە (28 ساڵ)ـە خەڵكی بەغدادە، پسپۆڕییەكەی لە زانستی بایەلۆجیدایە و خۆشەویستی بۆ خوێندن وایكردووە دوای تەواوكردنی كۆلێژی زانست لە زانكۆی موستەنسرییە، ماستەریش بخوێنێت و ئێستا لە هەمان زانكۆ خوێندكاری دكتۆرایە.

 امرأة1
دوبەی/ 9ـی شوباتی 2022/ سەما حەسان لەكاتی وەرگرتنی بڕوانامەی رێزلێناندا فۆتۆ: abouther

زەحمەتی و فریودان

"ئەو خوێندكارانەی حەز دەكەن بگەن بە بەرزترین ئاستی زانستی سروشتی بەرفراوان، دەرفەتی ئەوەشیان هەیە یەكێك لە نهێنییەكانی گەردون و جیهان ئاشكرابكەن" سەما وای وت.

دوای بەدەستهێنانی یەكەم بڕوانامەی خوێندن (بەكالۆریۆس)، سەما لە تاقیكردنەوەی بەدەستهێنانی دەرفەتی خوێندنی ماستەر شكستدەهێنێت، بەڵام كۆڵنادات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی و ساڵێكی تەواو تێدەكوشێت، تا دواتر بە ئاسانی تاقیكردنەوەی وەرگرتن تێدەپەڕێنێت.

هەروەها دوابەدوای بەدەستهێنانی ماستەر؛ لەپێناو بەدیهێنانی خەونەكانیدا، بڕیاردەدات خوێندنەكەی تەواو بكات لەبری ئەو هەلیكارانەی لەچەندین لایەنەوە پێشكەشی دەكرێت، بۆیە بە یەكجار تاقیكردنەوەی وەرگرتنی بۆ خوێندنی دكتۆرا دەبڕێت.

گەشتەكەی سەما بێ تەحەدی نەبوو؛ لە نەبونی پاڵپشتی دارایی و مەعنەوی بۆ توێژەراندا كاریدەكرد، سەرباری كەمی پێداویستی و توانای بەردەست بۆ توێژینەوەی زانستی.

قەرباڵغی شەقامەكانی بەغداد، كێشەیەكی دیكەن و رۆژانە زیاتر لە كاتژمێر و نیوێك لە كاتەكانی دەبات، كاتێك لە ماڵەكەیەوە لە بەری كەرخ-ـەوە دەچێتە زانكۆ لە بەری رەسافە، لەكاتی گەڕانەوەشدا هەمان كاتی دەوێت.

سەما گوێی بەو دەنگانە نەدا كە دەیانەوێت بە پاساوی ئەوەی ژیانی تەنیا بۆتە خوێندن، هەوڵیاندەدا "بێ ئومێدی" بكەن و لە ئیرادەی كەمبكەنەوە، بەڵكو لە كاركردن بۆ بەدیهێنانی خەونەكانی بە پاڵپشتی كەسوكاری، بەردەوام بوو.

-58
بڕوانامەی رێزلێنانی یونسكۆ بۆ توێژەر سەما حەسان

باشترینی عیراق لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

یونسكۆ (UNESCO) بە هەماهەنگی لەگەڵ لۆریال فاوەندەیشن، سەما حەسان بەهۆی توێژینەوەكانی لە زانستی بایۆلۆجی لە چوارچێوەی بەرنامەی توێژەرانی باڵا "بۆ ژنان لە زانستدا" هەڵدەبژێرن، كە یەكەمجارە 14 زانای عەرەبی دیاربكرێن، شەش كەس لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەنێویاندا سەما، هەشت خانمە توێژەری دیكەش لە وڵاتانی باكوری ئەفریقا.

"ئامانجی توێژینەوەكەی من دۆزینەوەی رێگاچارەی دۆستی ژینگەیە بە كەمترین خەرجی و بە خێراترین كاریگەری بۆ چارەسەری كێشەی پیسبونی زەوی بەهۆی پاشماوە نەوتییەكانەوە" سەما وادەڵێت.

ئەو خانمە توێژەرە كاری لەسەر گۆڕانكارییەكانی جیناتی روەك لە ناوچە پیسبوەكاندا كردووە و هەوڵیداوە رێگاچارەی بایۆلۆجی بۆ بەرەنگاربونەوەی پیسبونی ژینگە بدۆزێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی نامەی دكتۆراكەیدا كە بڕیارە پێشكەش بە راگرایەتی كۆلێژی زانستی زانكۆی موستەنسرییەی بكات.

ئاهەنگ و مەراسیمی خانمانی توێژەر 9ـی شوباتی 2022 لە ناوەندی پێشانگەكانی دوبەی لە (ئێكسبۆ 2020) بەڕێوەچوو، وەك رێزێك لە بەرانبەر توێژینەوەكانیاندا لە بوارەكانی بایۆلۆجی، ژینگە، فیزیا، بیركاری و زانستی كۆمپیوتەر.

ئەو خەڵاتە تەنیا بۆ توێژی خانمانی توێژەرە لە قۆناغەكانی دكتۆرا و توێژینەوەی زانستی دوای بەدەستهێنانی دكتۆرا، بە ئامانجی نرخاندنی رۆڵ و كاریگەرییان لە روبەڕوبونەوەی تەحەدییەكان و تا ببێتە هاندانێكیش بۆ نەوەكانی داهاتوو.

سەما بەدەستی سارە كچی یوسف ئەمیری، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ تەكنەلۆژیای پێشكەوتو و سەرۆكی ئاژانسی ئاسمانی ئیمارات بە ئامادەبونی ئەلكسێندرا بالت، سەرۆكی جێبەجێكردنی دامەزراوەی لۆریال فاوەندەیشن خەڵاتەكەی وەرگرت.

دوای گەڕانەوەی بۆ عیراقیش لەلایەن دكتۆر حەمید فازل تەمیمی، سەرۆكی زانكۆی موستەنسرییەوە رێزی لێنرا.

 امرأة
بەغدادا/ ئاداری 2022/ سەرۆكی زانكۆی موستەنسرییە رێز لە سەما حەسان دەنێت فۆتۆ: راگەیاندنی زانكۆ

خەڵاتی هاندان بۆ ژنان

"ئەم خەڵاتە یارمەتیم دەدات ببمە نمونەیەكی باش بۆ هاوڕێ و خوێندكارەكانم، وەك سەرچاوەی ئیلهام بۆ هاندانی خانمانی تر تا ببنە بەشێك لە كۆمەڵگەی توێژینەوەی زانستی" سەما حەسان وای وت.

هەروەها وتی "هانی خانمانی توێژەر دەدەم بڕوایان بە خۆیان هەبێت و شەڕ بكەن بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتن و زانست، بە دڵنیاییەوە ئەوكاتە دێت كە تیایدا دەدرەوشێنەوە".

سەرباری ئەو هەوڵانەی هەن بەڵام هێشتا ژنان "رێژەیەكی كەم لە كۆمەڵگەی توێژینەوەی زانستی پێكدەهێنن، لە توێژینەوەی بنەڕەتییەوە تا ئاستی بڕیاردان لە زانكۆ عیراقییەكاندا، بۆیە ئەم خەڵاتە ژنان هاندەدات بەشداری لە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا بكەن "بەوتەی سەما.

سەما بەو دەستكەوتەوە ناوەستێت؛ دەیەوێت توێژینەوەكەی لەسەر ئەرزی واقیع بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە و سودی لێبوەربگیرێت، لە زانكۆیەكی حكومیشدا دابمەزرێت تا ئەزمون و شارەزاییەكانی بۆ نەوەكانی داهاتوو بگوازێتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT