دوای 19 ساڵ لە بەجێهێشتنی كەركوك
ژمارەیەك ئەفسەری سەردەمی بەعس دەگەڕێنەوە و داوای "خانوەكانیان" دەكەن

دیمەنێكی شاری كەركوك لە ئاسمانەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

هێزە ئەمنییەكانی كەركوك چونەتە سەر ژمارەیەك ماڵی كورد لە گەڕەكی كوردستان (فەیلەق)و داوایان لێكردون خانووەكانیان چۆڵبكەن، ئەوەش دوای سكاڵای ژمارەیەك ئەفسەری سەردەمی رژێمی بەعس دێت كە خۆیان وەك "خاوەن"ی خانووەكان دەناسێنن.

ئەو خانووانەی داواكراوە چۆڵبكرێن، موڵكی وەزارەتی بەرگری عیراق بون و لە سەردەمی رژێمی بەعس-دا بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن، بەسەر ئەفسەرانی باڵای ئەو وەزارەتەدا دابەشكراون.

بەڵام لە دوای روخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، ئەو ئەفسەرانە خانوەكانیان بەجێهێشتووە و ئاوارە گەڕاوەكان (كورد) تیایاندا نیشتەجێ بون، لەوانەش ئەوانەی لە سەردەمی حزبی بەعسدا روبەڕوی پرۆسەی راگواستنی زۆرەمڵی تەعریب بونەوە و دوای 2003 گەڕانەوە كەركوك.

سەرکەوت عومەر، مامۆستایە و یەکێکە لەو هاوڵاتیانەی لە 7ی ئازار مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی عەرەفە و لیوای 61ی تایبەتی سەر بە سەرۆك وەزیرانی عیراق، چونەتە سەر ماڵەكەی. بە (كەركوك ناو)ی وت "وتیان دەبێت ئەم خانووە چۆڵبكەن، سکاڵاتان لەسەرە، ئەمە  موڵكی ئەفسەرێکی پێشووە".

بەپێی وتەی سەركەوت، ئەو ئەفسەرە، لە سەردەمی رژێمی بەعسدا ئەو خانووەی پێدراوە و "ئێستا دۆخەكە بۆ ئەو لەبارەو هاتووە ئێمە دەربكات و خۆی تیایدا نیشتەجێ ببێتەوە".

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، كە لە بنكەی پۆلیسی عەرەفە وەریگرتووە، لانیكەم 40 سكاڵا لە چەند مانگی رابردودا بەرزكراوەتەوە دژی دەیان خێزانی كورد كە لە خانوی هاوشێوەدا نیشتەجێن.

خانووەكان كە زیاتر لە 500 خانوو دەبن، دەكەونە نزیك گەڕەكی كوردستان – فەیلەق -. فەیلەق لە سەردەمی حزبی بەعسدا سەربازگە بوو، دواتر زەوییەكانی لە دوای 2003وە كران بە یەكەی نیشتەجێ بون، بەسەر ئاوارە گەڕاوەكاندا دابەشكران، ئەوەش بەشێوەی هەرەمەكی.

faylaq
كەركوك/6ی ئاداری 2022/ كۆڵانێك لەو خانووانەی ئەفسەرانی سەردەمی رژێمی بەعس هەوڵی وەرگرتنەوی دەدەن. فۆتۆ: كەركوك ناو

سەركەوت عومەر، وتی "من خانووەكەم كڕیوە و داگیرم نەكردووە... تائێستا هیچ كێشەیەكم نەبووە، بەڵام لە دوو مانگی رابردودا دوجار هاتونەتە سەرم... نوسراوی دادگای كەركوك و وەزارەتی بەرگری عیراقیان پێیە".

خانووەكان بەشێكیان 400 مەترن و بەشێكی تریان 600 مەترن، لە سەرەتادا لەلایەن خەڵكەوە داگیركران، دواتر فرۆشران كە لەسەرەتادا نرخەكانیان زۆر كەمبوو، بەڵام ئێستا نرخەكانیان لە نێوان 30 ملیۆن بۆ 50 ملیۆن دینار دەبێت.

ئەم هەوڵە هاوكاتە لەگەڵ كەمبونەوەی رۆڵی كورد لە پارێزگاكە لەڕوی دەسەڵات و هێزەوە.

كورد تا ریفراندۆمی سەربەخۆیی 25ی ئەیلولی 2017، دەسەڵاتی یەكەمی لە پارێزگاكەدا هەبوو،  بەڵام لە دوای ریفراندۆم و لە تشرینی یەكەمی هەمان ساڵەوە هێزە عیراقییەكان بۆ پارێزگاكە گەڕانەوە، جگە لە پاشەكشێی پێشمەرگە و ئاسایشی سەر بە حكومەتی هەرێم، پارێزگاری كەركوكیش بۆ یەكەمجار لە دوای 2003وە لە كورد وەرگیرایەوە.

سەركەوت زیاتر وتی "من مامۆستام، ناکرێت هێزی ئەمنی هەڵبکوتێتە سەر ماڵەكەم و ژن منداڵەکانم بترسێنن... نازانین هانا بۆ كێ ببەین".

حەمەزیاد ئەحمەد، هاوڵاتییەکی تری گەڕەکەیە و بەهەمان شێوە ئاگاداركراوەتەوە خانووەكە چۆڵبكات، وتی "پێش پرۆسەی ئازادی عیراق – روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003- ئەفسەرە باڵاکانی سوپا لەم خانووانە نیشتەجێبون، ئەوەش بە فەرمانی وەزارەتی بەرگری عیراق، بەڵام لەكاتی پرۆسەی ئازادی عیراق ئەو ئەفسەرانە هەڵهاتن بۆ پارێزگاكانی باشور، لە جێگەیان ئاوارەكانی پارێزگاكانی هەرێم جێگیربون و نیشتەجێبون".

"من بۆ خۆم پێشمەرگەم و خانوەکەم کڕیوە، بەهیچ شێوەیەك ئامادەنیم بۆ هیچ كەسێك چۆڵی بكەم". حەمەزیاد وای وت.

پێشمەرگەم و خانوەکەم کڕیوە، بەهیچ شێوەیەك ئامادەنیم بۆ هیچ كەسێك چۆڵی بكەم

دەیان هەزار خێزانی كورد لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لە پارێزگای كەركوك دورخرانەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆسەی راگواستن و تەعریبكردندا، دواتر لە ساڵی 2003 گەڕانەوە پارێزگاكە.

سەرچاوەیەك لە بنكەی پۆلیسی عەرەفە، جەختیكردەوە لەوەی كە ئەوان بڕیاری دادگای كەركوك و وەزارەتی بەرگری عیراق جێبەجێدەكەن، ئەویش ئەوەیە كە دەبێت ئەو خانووانە بۆ ئەو ئەفسەرانە بگەڕێنرێتەوە.

بەڵام بۆ (كەركوك ناو) پشتڕاستنەبۆوە، ئایا خانووەكان لەسەر ئەو ئەفسەرانەی سەردەمی رژێمی بەعس تاپۆكراون، یان موڵكی وەزارەتی بەرگری عیراقن.

دیلان غەفور، پەرلەمانتاری شاری كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، چوارشەممە 9ی ئادار، بۆ ئەو مەبەستە لە بەغدا سەردانی جومعە عیناد، وەزیری بەرگری عیراقی كرد.

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "سەردانەكە تایبەت بوو بۆ بەدواداچون بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خانوەکانی گەڕەکی کوردستان لە کەرکوک"، زیاتر وتی "لەگەڵ جەنابی وەزیر و لیوا عەلی لیوای یاسایی لە وەزارەت، بە وردی تاوتوێی ئەو بابەتەمان کرد، کاری جددی دەکەین بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی یاسایی بۆ چارەسەری ئەو دۆسیەیە".

دیلان لەبەر لێكەوتەی وتەكانی لەسەر هەوڵەكانی وەزارەت، ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەكی تر باس بكات و وتی "جارێ با چاوەڕێ بكەین".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT