دوای 11 رۆژ لە بێسەروشوێنبونی، ئەمڕۆ هەینی تەرمی گەنجێكی 19 ساڵ لە لێواری بەنداوی موسڵ دوزرایەوە.
زیاد عیسا خەلەف (19ساڵ)، خەڵکى كۆمەڵگەی خانەسور لە قەزای شنگال، ماوەی هەشت ساڵە لە كەمپی خانكێی تایبەت بە ئاوارەكان نیشتەجێیە لە قەزای سێمێڵ لە پارێزگای دهۆك، لە 28ی شوبات لە كەمپ چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، تا ئەمڕۆ هەینی تەرمەكەی دۆزرایەوە.
قاسم متۆ، ئامۆزاى زیاد، بە (کەرکوک ناو)ى وت "نزیكترین هاوڕێی من بوو، بەردەوام پێكەوە بوین، 28ی شوبات وتی دەچمە لێواری بەنداو موسڵ و هەندێك وێنەدەگرم، ئەو بە تەنیا رۆیشت، كاتژمێر 6ی ئێوارەی هەمان رۆژ تەلەفونمان بۆ كرد، مۆبایلەكەی داخرابوو، لەوكاتەوە هیچ سۆراغێكی نەبوو، بۆیە دەزگا ئەمنییەكانمان هەر ئەو شەوە ئاگاداركردەوە".
وتیشی "ئەمڕۆ 11ی ئادار، لەگەڵ سێ کەسى تر خۆمان کردە سێ گروپ لە دەوروبەرى بەنداوى موسڵ بەدواى تەرمەکەیدا گەڕاین، دواى چەند کاتژمێرێک تەرمەكەیمان لە لێواری بەنداوەكە دۆزییەوە... هیچ نیشانەیەکى لێدان یان برینداربون بە لاشەكەیەوە نەبوو، پێدەچێت خنكابێت".
هیچ نیشانەیەکى لێدان یان برینداربون بە لاشەكەیەوە نەبوو، پێدەچێت خنكابێت
كەسوكاری 11 رۆژە بەردەوام بەدوای تەرمەكەیدا دەگەڕان، تا ئەمڕۆ توانیان بیدۆزنەوە.
پیر عەلو کەچەل، بەڕێوەبەرى کەمپى خانکێ بە (کەرکوک ناو)ى وت "دەزگا ئەمنییەكان و خەڵكی ناوچەكەمان لە دیارنەمانی زیاد عیسا ئاگاداركردبۆوە، بەڵام هیچ چارەنوسێكی نەبوو، تا ئەمڕۆ تەرمەكەی دۆزرایەوە".
تەرمی زیاد عیسا، رەوانەی پزیشكی دادوەری دهۆك كراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری مردنی و كەسوكاری چاوەڕێی راپۆرتی پزیشكی دەكەن.
"كوڕێكی بێدەنگ بوو، هیچ كێشەی بۆ خەڵك نەبوو، بەڵام لەڕویی ئەقڵییەوە كەمێك كێشەی هەبوو، بەبێ ئەوەی زیانی بۆ كەس هەبێت"، پیر عەلو كەچەل زیاتر وتی "کەسوکارى دڵنیادەکەینەوە کە بەدواداچونى تەواو بۆ روداوەکە دەکەین و دواتر راستییەکان بە ئەوان دەڵێین".