پاشماوەكانی جەنگ لە تەلەعفەر؛ ترس و دڵەڕاوكێی لێدەكەوێتەوە

نەینەوا/ ئاداری 2022/ دۆزینەوەی پاشماوەی جەنگ لە دەوروبەری تەلەعفەر فۆتۆ: راگەیاندنی حەشدی شەعبی

كەركوك ناو – نەینەوا

"ماوەی چوار ساڵ نەمتوانی لە زەوییەكمدا كشتوكاڵ بكەم، لە ترسی پاشماوەی جەنگ و بۆمب، ئەوەش دوای گیانلەدەستدانی جوتیارانی نزیكەی ناوچەكە بەهۆی تەقینەوەی ئەو پاشماوانەوە لەكاتی كێڵانی زەوییەكانیاندا" ئەمین حەسەن، جوتیار لە تەلەعفەر وای وت.

هەروەها بە (كەركوك ناو)ـی وت "یەكەی ئەندازیاری تەقەمەنی لە سوپای عیراقی پاڵپشتی و هاوكاری گەورەی جوتیارانن لەو بوارەدا، بەڵام وادیارە تواناكانیان بەقەت قەبارەی ئەو بۆمب و تەقەمەنییانە نییە كە (داعش) دوای خۆی بەجێیهێشتووە، بۆیە بەهۆی پاشماوەكانەوە قوربانی دەكەوێتەوە".

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە فەرماندەیی لیوای 53ـی حەشدی شەعبی (لیوای حسێن) وتی "یەكەی ئەندازیاری لیواكەمان دوو هەفتە لەمەوبەر بۆمبێكی چێنراویان تەقاندەوە و مینێكی پاشماوەی داعش-ـیان لە گوندی تەرمی خۆرئاوای تەلەعفەر پوچەڵكردەوە، هەروەها لە گوندەكانی كەسرمیحراب و جكان خەراب-ـیش بۆمبی چێنراویان تەقاندەوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عیراق هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان لە چەند گوندێكی دیكە هەبووە.

دەیان هاوڵاتی بەهۆی مین و تەقەمەنییەكانی پاشماوەكانی جەنگەوە گیانیانلەدەستداوە

 ئەكرەم عەلی (55 ساڵ)، هاوڵاتی تەلەعفەر، دەڵێت "پاشماوەكانی جەنگ و هۆكارەكانی دیكەی كوشتن دوای نەمانی (داعش) هەر هاوڵاتیان دەكەنە ئامانج، بۆیە پوچەڵكردنەوەیان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە رۆڵی دەبێت لە پاككردنەوەی ناوچەكە و گەڕانەوەی دانیشتوانەكەیدا".

"دەیان هاوڵاتی لە تەلەعفەر گیانیانلەدەستداوە لە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكەوە بەهۆی پاشماوەكانی جەنگ و مینی چێنراوی داعش لەسەر رێگاكانی هاتوچۆ و لەناو خانوو و لە زەوییە كشتوكاڵییەكاندا" بەوتەی ئەكرەم.

لە 22ـی تشرینی یەكەمی 2021 سەرچاوەیەك لە پۆلیسی پارێزگای نەینەوا وتی پاشماوەی جەنگی داعش لە گوندی كەسرمیحراب تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە، دوو منداڵ گیانیانلەدەستداوە و منداڵێكی دیكەش برینداربوو.

محەمەد قاسم، چالاكوانی مەدەنی دەڵێت لەگەڵ رێكخراوێكی نێودەوڵەتیدا بۆ دوو ساڵ كاریكردووە و لەو ماوەیەدا دەیان هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەیان هەیە دەربارەی مەترسییەكانی پاشماوەی جەنگ، لەناو خێزان و خوێندنگە و یاریگا و لە ناوچە كشتوكاڵییەكاندا، تا هاوڵاتیان نەبنە قوربانی مین و تەقەمەنییەكان، "جگەلەوەش راهێنانمان بۆ گەنجان لە هەردوو رەگەز كردەوە تا بتوانن چارەسەری مین و تەقەمەنییەكان بكەن".

2-9
نەینەوا/ شوباتی 2022/ هەڵگرتنەوەی تەقەمەنی پاشماوەی جەنگی لە گوندێكی تەلەعفەر فۆتۆ: راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان

هەروەها بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە كارەكانیان لە ناوەندی تەلەعفەر و ناحیەكانی زومار، عەیازییە و گوندەكانی دەوروبەریان بون، بەوپێیەی ئەو ناوچانە دوامۆڵگەی داعش بون لە شەڕەكاندا، "بەداخەوە نزیكەی ساڵێك پێش  ئێستا هاوپیشەیەكمان لەكاتی چارەسەری بۆمبێكی چێنراودا لەدەستدا كە داعش لە دەوروبەری ناحیەی عەیازییەی باكوری تەلەعفەر بەجێیهێشتبوو".

قاسم دەڵێت "بەپێی ئاماری ئەو چالاكوانانەی لە تۆماركردن و كۆكردنەوەی بەڵگەنامەی قوربانییەكاندا كاریانكردووە 76 كەس دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەر گیانیانلەدەستداوە بەهۆی پاشماوەی جەنگ و تەقەمەنییەكانی داعشەوە".

بەپێی ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییانەی لە هەڵگرتنەوەی مین و پاشماوە جەنگییەكاندا كاردەكەن، ناوچەكانی عەیازییە و عاشق و تەمارات و گوندەكانی فقە و تەل جەدوع و هاورنە و ساجعە لە تەلەعفەر، لەگەڵ ناوچەكانی نزیك لە ناحیەی زومار پاشماوەی جەنگی تیایاندا بڵاوبۆتەوە.

"هەموو شتێك بۆمبڕێژكرابوو، عەمودی كارەبا، دەرگای ماڵەكان، بێستان و كشتوكاڵ، شەقامی گشتی، تەنانەت دەفر و بەرمیلی نەوت.. دەزگا ئەمنییەكان هەوڵیاندا تەقەمەنییەكان هەڵبگرنەوە سەرباری كەمی توانا و پێداویستی، لەگەڵ ئەوەشدا لەو كارەدا و لەكاتی پوچەڵكردنەوەی هەندێك تەقەمەنیدا قوربانییان دا" بەوتەی سەرچاوەیەكی بەرپرس لە تەلەعفەر.

سەرچاوەیە بە (كەركوك ناو)ـی وت رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و تیمەكانی خۆبەخش هاوكاربون و رۆڵیان هەبوو لەو بوارەدا، جگە لە رێكخستنی هەڵمەتی هۆشیاری بۆ فەرمانبەران و خوێندكاران و هاوڵاتیان، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی تەقەمەنییەكانەوە قوربانی كەوتەوە.

هەموو شتێك بۆمبڕێژكرابوو، عەمودی كارەبا، دەرگای ماڵەكان، شەقامی گشتی و تەنانەت بەرمیلی نەوت

بەپێی ئامارە جیاوازەكانی بەرگری شارستانی لە پارێزگای نەینەوا 755 ئەركی لابردنی مینیان هەبووە كە بەهۆیەوە زیاتر لە هەشت هەزار و 590 پاشماوەی جەنگی و 33 بۆمبی قەبارە جیاواز هەڵگیراونەتەوە.

هەروەها بەپێی دوایین ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكاندا، كە كانونی یەكەمی 2021 بڵاویكردەوە، لە نۆ مانگی یەكەمی ساڵی رابردودا 100 منداڵ بەهۆی مین و تەقەمەنییەكانی پاشماوەی جەنگەوە لە عیراق گیانیانلەدەستداوە یان برینداربون، ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی رێكخراوە مرۆییەكان لە هەر چوار هاوڵاتییەكدا ئەو مەترسییە هەڕەشەیە بۆ سەر یەك كەس و عیراق لە زیانلێكەوتوترین وڵاتانی جیهانە بەهۆی پاشماوەكانەوە.

"هەرچەندە روبەرێكی فراوان لە تەقەمەنی پاككراونەتەوە بەڵام بەردەوام ئامۆژگاری منداڵەكانم دەكەم هیچ پارچەیەك یان وایەرێك و تەلێك هەڵنەگرنەوە لەكاتی كاری كشتوكاڵیدا، لە ترسی ئەوەی نەك تەقەمەنی بێت.. گومانی تێدانییە ئەو پاشماوانە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر جموجۆڵی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ تەلەعفەر هەیە" بەوتەی ئەمین حەسەن، جوتیاری توركمان لە قەزاكە.

تەلەعفەر (69كم باكوری خۆرئاوای موسڵ)، لە حوزەیرانی 2014ـدا كەوتە دەستی داعش و زۆرێك لە دانیشتوانەكەی ئەوكات دەوروبەری 225 هەزار كەس بەوهۆیەوە ئاوارەبون و نزیكەی سەدا 60ـیان گەڕاونەتەوە، لە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكە لە ئابی 2017ـدا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT