زیا جەلیل لە گوزەرانێكی خراپدایە، بۆیە بێ دودڵی بەدەم داواكاریی چەند كەسێكەوە دەڕوات و هەرچی بەڵگەنامەی فەرمی هەیە دەیخاتە بەردەستیان، كاتێك بەناوی رێكخراوی خێرخوازییەوە و بێبەرانبەر بڕی 100 دۆلار و فەردەیەكی 50 كیلۆیی ئاردی پێدەدەن.
ئەو روداوە حەوت ساڵ لەمەوبەر بووە و ئێستا دەرەنجامەكەی دەركەوتووە؛ لە بەرانبەر ئەو هاوكارییەدا بەناوی خێرخوازییەوە، زیاتر لە 47 ملیۆن دیناری عیراقی بە بەڵگەنامە و پەنجەمۆری زیا لە بانك قەرز كراوە.
"نەمانزانی چەند كەسێكی لەخوا نەترس بەناو و بەڵگەنامە فەرمییەكانی ئێمە پارەیان لە بانك راكێشاوە و هەڵاتون" زیا جەلیل بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
زیا لە گەڕەكی عروبەی شاری كەركوك نیشتەجێیە، جگە لەو، نزیكەی 30 هاوڵاتی دیكەی هەمان گەڕەك "فێڵ"ـیان لێكراوە و بەناوی رێكخراوی خێرخوازییەوە، بەڵگەنامەكانیان وەرگیراوە و قەرزی پێكراوە.
بە ناوی هەر یەكێك لە خێزانەكەمانەوە بڕی 18 ملیۆن دینار قەرز كراوە
ئەو كە رۆژانە بە ماتۆڕسكیلی سێ تایی كەلوپەلی كۆنی ماڵان دەكڕێت و دەفرۆشێت، بە پێكەنینەوە دەڵێت "بەم ماتۆڕ و كاسبییە چۆن بتوانم ئەو پارە زۆرە بدەمەوە... لەكاتێكدا كرێچم، من نە ئەو پارەیەم وەرگرتووە و نە بینیومە... تەنانەت ناتوانم چارەكێكی ئەو پارەیەش بدەمەوە".
ژمارەیەك بانكی حكومی لە كەركوك، دوای چەند ساڵێك لەو روداوە ئاگاداركردنەوەیان ئاراستەی ئەو هاوڵاتییانە كردووە كە قەرزیان بە ناوەوە كراوە و داوادەكەن، كاتێك بۆ گێڕانەوەی قەرزەكە دیاریبكەن بەپێچەوانەی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەبنەوە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) ئەو روداوە تەنیا لە گەڕەكی عروبەی ناوەندی شار رویداوە و ئەو قەرزەی بەناوی هاوڵاتیانەوە كراوە زۆرێكیان بڕی 25 ملیۆن دینار و هەندێكیان لەو بڕە پارەیە زیاترە.
قەحتان نورەدین، یەكێكی دیكە لە دانیشتوانی ئەو گەڕەكە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێمە شەش سەر خێزانین و بەناوی هەر یەكێكمانەوە بڕی 18 ملیۆن دینار قەرز كراوە".
"ئەو كەسانەی هاتن و وتیان لە رێكخراوی خێرخوازین، بە كوردی و عەرەبی قسەیان دەكرد، وتیان بۆ هاوكاری ئێمە هاتون و داوایانكرد بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی هاوكارییەكە، پەنجەمۆر بكەین و كۆپی بەڵگەنامە رەسمییەكانیان پێبدەین" قەحتان وادەڵێت.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، ئەو كەسانەی بەناوی هاوكارییەوە سەردانی ئەو گەڕەكەیان كردووە، ناوی هیچ رێكخراوێكیان نەهێناوە و هاوڵاتیانیش داوای ناسنامەی كاركردن و زانیاری دیكەیان لێنەكردون.
ئەحمەد عەبود، لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕی 100 دۆلاردا قەرزێكی زۆری بۆ گەڕاوەتەوە، "منیان خستە ناو گێژەڵۆكەیەك و دەرچوونم لێی ئەستەمە، تووشی کارەساتێکی جەرگبڕیش بووم هەر بەهۆی ئەو روداوەوە، چونكە هاوسەرەكەم جەڵتە لێیدا و گیانی سپارد لەتاو ئەو كێشەیە".
عەبود بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "بەهیچ شێوەیەك ناتوانم ئەو بڕە پارەیە بدەمەوە".
لایەنە ئەمنییەكانی كەركوك ئاگاداری ئەو دۆسیەیەن و لە لێكۆڵینەوەدان.
موقەدەم عامر شوانی، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوك بە (كەركوك ناو)ـی وت " زانیاریمان لەسەر هەبوونی چەند باندێک هەیە لەشارەکە، کە دوو بۆ سێ باندن و پۆلیس بەدواداچوونی وردی لەسەریان هەیە، لەماوەی ڕابردووشدا پۆلیس دوو کەسی دەستگیرکردووە کە تێوەگلاون لەو کارانەدا".
ئەوانە دوو بۆ سێ باندن و پۆلیس بەدواداچونی وردی لەسەر هەیە
شوانی داوا لە هاوڵاتیان دەكات "چاوکراوەتر بن و بەهیچ جۆرێک باوەڕ بەکەسانێک نەکەن کە لە ژێر ناوی دەزگای مرۆیی و خێرخوازی دەچنە گەڕەکەکان، بەکاری فێڵ و تەڵەکەبازی زەرەر و زیان بەخەڵک دەگەیەنن".
هاوڵاتیانی عروبە نامەیەكیان داوەتە حكومەت تا چارەسەری كێشەكەیان بۆ بكات بە دەستگیركردنی تۆمەتبارانی ئەو "فێڵ"ـە یان لێخۆشبون لەو قەرزانەی بەناوی ئەوانەوە كراوە.
پارێزەر هەژار كاكەیی بە (كەركوك ناو)ـی وت "پێویستە ئەو هاوڵاتییانە بەزوترین كات سكاڵای یاسایی تۆماربكەن و دادگا ئاگاداربكەنەوە، واباشترە دەستەی دەسپاكیش ئاگاداربێت لەو دۆسیەیەدا، چونكە ئەمە تاوانە و بەپێی ماددەی 456ـی یاسای سزادانی عیراقی بریتییە لە فێڵكردن بەمەبەستی دەستكەوتنی پارە".
بەپێی ئەو ماددەیەی یاسای سزادان؛ هەر كەسێك لەڕێی بەكارهێنانی رێگەی فێڵكردن و بەكارهێنانی ناوی درۆ یان سیفەتی درۆ و راپۆرتی ناڕاست پارە وەربگرێت یان وا لە كەسێكی تر بكات واژۆ لەسەر سەنەدێك بكات، ئەوا بە زیندانی سزادەدرێت.