پەروەردەی سەڵاحەدین، دەرگای قوتابخانەیەك بەڕوی خوێندكارەكانیدا دادەخات و كەلوپەلەكانی بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگوازێتەوە، ئەوەش ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە.
قوتابخانەی رازی سەرەتایی تێكەڵاو لە گوندی حەمەغەریب، چەند رۆژێك لەمەوبەر شمەك و پێداویستییەكانی گوزرایەوە بۆ گوندێكی دیكە، دوای ناردنەوەی خوێندكارەكانیشی بۆ ماڵەوە دەرگاكەی بە قفڵ داخرا.
ئەو گوندە لە سنوری قەزای داقوق-ـی پارێزگای كەركوكە بەڵام لەروی ئیدارییە سەر بە قەزای دوزخورماتووە لە پارێزگای سەڵاحەدین.
"قوتابخانەكەمان بە یەكجاری داخرا و كاتێكیش خوێندكارەكانمان پرسیارمان لێدەكەن چی بكەن، هیچ وەڵامێكمان پێ نییە" عەباس گلی، مامۆستای قوتابخانەی رازی سەرەتایی وای وت.
خوێندكارەكانی ئەو قوتابخانەیە لە ماڵەوە دانیشتن و پێویستە بچنە گوندەكانی دیكەی دەروبەر تا بەردەوامی بە خوێندن بدەن لە كاتێكدا زیاتر لە نیوەی خوێندنی ساڵی 2021-2022 تەواو بووە.
غایب محەمەد، ئەنجومەنی گوندی حەمەغەریب بە (كەركوك ناو)ـی وت پێداویستییەكانی قوتابخانەكە گواستراوەتەوە بۆ گوندێكی دیكەی سنورەكە كە 25 كیلۆمەتر لە گوندەكەی ئەوانەوە دورن.
ئەو قوتابخانەیەی داخراوە زیاتر لە 15 خوێندكاری هەیە.
ئەحمەد رەمەزان، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ـی وت "داخستنی قوتابخانەكە لەم كاتەدا كاریگەری لەسەر خوێندكارەكان و تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ دەبێت كە مانگێكی ماوە".
پاساوی پەروەردە بۆ داخستنی قوتابخانەكە وەك بە مامۆستاكان وتراوە كەمی ژمارەی خوێندكارە.
(كەركوك ناو) هەوڵیدا هۆكاری داخستنی قوتابخانەكە لە پەروەردەی سەڵاحەدین بپرسێت بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.
نەوزاد داودی، كەسایەتی گوندی حەمەغەریب بە (كەركوك ناو)ـی وت "سەرباری مەترسی داعش و نەبونی خزمەتگوزاری، حكومەت لەبری هاوكاری خەڵك، قوتابخانەكەیان داخست لەكاتێكدا چەند جارێك لێپرسراوانمان ئاگاداركردۆتەوە بەڵام هیچ نەكراوە".
دانیشتوانی ئەو گوندە پێشتر و بەهۆی كێشە ئەمنییەكانی سنورەكەوە سێ جار ئاوارەبون و گەڕاونەتەوە.