لە كاتژمێر 12ـی شەوەوە تا 6ـی بەیانی، هەموو رۆژێك لە تەواوی قەزای شنگال قەدەغەی هاتوچۆ دەسەپێنرێت، ئەوەش بەهۆكاری ئەمنی.
فەرماندەیی پۆلیسی قەزای شنگال لە 16ـی ئاداری 2022ـەوە بڕیاری سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تا كاتێكی نادیار بڵاوكردەوە.
قەدەغەكەی شنگال هاتوچۆ ئۆتۆمبێل، هاوڵاتیان، دوكان و بازاڕ دەگرێتەوە، بەپێی بەیاننامەیەكی پۆلیس، پێویستە خەڵك پێوەی پابەندبن و لە بارودۆخێكی نائاساییدا نەبێت لە ماڵەكانیان دەرنەچن.
قەدەغەی هاتوچۆ بۆچی؟
بەوتەی چاودێران لە شنگال، هێزە ئەمنییەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی هەفتانە روبەڕوی بۆمبی دەنگی دەبنەوە لەلایەن یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە).
سێ رۆژ لەمەوبەر خاڵێكی ئەمنی لە شنگال روبەڕوی هێرشی بۆمبی دەنگی بۆتەوە، پێش ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ بسەپێنرێت، هاوڵاتیانیش بەهیوان ئەو هێرشكردنەی سەر هێزە ئەمنییەكان دوایین پێشێلكاری ئەمنی سنورەكە بێت.
لە گەڕەك و ناوچە جیاوازەكانی قەزاكە پێشێلكاری دژی خاڵە ئەمنییەكان هەن بە تایبەت گەڕەكەكانی شوهەدا و ئازادی لە ناوەندی شنگال.
لایەنە ئەمنییەكانی شنگال "پارتی كرێكارانی كوردستان – پەكەكە" تۆمەتباردەكەن بەو كردەوانە و پێیانوایە ئامانجی لێی تێكدانی ئاسایشی قەزاكەیە و پەكخستنی پرۆسەی "ئاساییكردنەوە"ـی بارودۆخەكەیە، كە حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی دوو ساڵە لەگەڵ هەرێمدا دەستپێكردووە وەك مامەڵە و شێوازێكی نوێی كۆمەڵایەتی و ئەمنی لە شنگال، تا هاوڵاتیان بگەڕێنەوە.
هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان لە تشرینی یەكەمی 2020ـدا رێككهوتنی شنگالـیان واژۆكرد بۆ رێكخستنهوهی ئیداری، ئهمنی و ئاوهدانی قهزاكه.
كاردانەوەكانی قەدەغە
هاوڵاتییەكی ئێزیدی لە شنگال كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە وتی "هاوڵاتیان دەیانەوێت شنگال ئارام بێت و زۆربەی هاوڵاتیان پابەندی رێنماییەكان دەبن بەڵكو ئەو هەنگاوە ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە بارودۆخی قەزاكەدا".
شنگال ناوبەناو لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە روبەڕوی بۆردومان دەبێتەوە بە پاساوی راوەدونانی هێزەكانی سەر بە پەكەكە.
له قهزای شنگال زیاتر له ههشت هێزی چهكداری جیاواز ههن له نێویاندا حهشدی شهعبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یهكینهكانی بهرخودانی شنگال (یهبهشه)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق، پێشمهرگهی ئێزیدخان و پێشمهرگهی سهر به حكومهتی ههرێم.
شنگال دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، بە ناوچەیەكی كشتوكاڵی و كانزا بەناوبانگە، زێدی زۆرینە ئێزیدییە، كەمینەیەكی كریستیان و لە گوندەكانی دەوروبەریشی موسڵمان بە تایبەت عەرەبی سونە هەن.
دوو ئیدارە لە شنگال هەن؛ یەكێكیان دەوامی لە دهۆكە و ئەویتر لە ناوەندی قەزاكە، ئەوەش لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 و ناكۆكییەكانی هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر بەهۆی ریفراندۆمەوە، بەردەوامە.