سێیەكی دانیشتوانی شێخان ڤاكسین وەردەگرن

دهۆك/ شوباتی 2022/ شوكرییە حەمزۆ (60 ساڵ) لەكاتی وەرگرتنی ژەمی دوەمی ڤاكسینی كۆرۆنا لە بنكەیەكی ناوەندی قەزای شێخان فۆتۆ: كاروان باعەدرێ

کاروان باعەدرێ – دهۆك

شوكرییە هێندەی خەمی چواردەوریەتی هێندە خەمی خۆی نییە؛ بۆیە تكا لە هاوڵاتیانی شارەكەی دەكات ڤاكسین وەربگرن تا زۆرترین كەس بەرگری بەرانبەر بە ڤایرۆسی كۆرۆنا پەیدا بكەن.

ئەو ژنە تەمەنی 60 ساڵە، دەڵێت لەوەتەی ڤاكسینی وەرگرتووە هیچ كێشەیەكی تەندروستی تووش نەبووە، بۆیە هانی خەڵك دەدات چاوی لێبكەن و خۆیان بكوتن.

"راستە هەندێك كەس دەترسن ڤاكسین وەربگرن، بەڵام ترسی ناوێت و ئەگەر بمانەوێت خۆشەویستەكانمان لەدەستنەدەین، ئەوا دەبێت هەموومان ڤاكسین وەربگرین" شوكرییە حەمزۆ بۆ (كەركوك ناو) وای وت، كاتێك لە بنكەیەكی كوتان سەرقاڵی وەرگرتنی ژەمی دوەمی ڤاكسین بوو.

شوكرییە لە ئێزیدییە رەسەنەكانی خەڵكی قەزای شێخانە لە پارێزگای دهۆك، ئەو بیستویەتی تا خەڵكی زیاتر ڤاكسین وەربگرن ئەوا زوتر رێگری لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەن و بەرگری گشتی دروستدەبێت، "تا ئەم پەتایە زیاتر بڵاونەبێتەوە دەبێت هەمومان ڤاكسین وەربگرن و تەنیا رێگایە بۆ ئەوەی هەمومان تەندروستیمان باش بێت".

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو) سێیەكی دانیشتوانی قەزای شێخان بە ئاوارەكانیشەوە ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە، ئەوەش بەرێژەی لە سەدا 34.

"لەوەتەی خەڵكیش ناچاركراوە بۆ راییكردنی كارەكانی ڤاكسین وەربگرێت، سەردانی خەڵك بۆ بنكەكانی كوتان زیاتر بووە

بارزان سەعید، پەرستار لە بنكەیەكی كوتانی قەزای شێخان بە (كەركوك ناو)ـی وت "رۆژانە خەڵكێكی زۆر روو لە بنكەكانی كوتان دەكەن، هەرچەندە وەرگرتنی ڤاكسین ئارەزومەندایە، بەڵام هەندێك رێكاری توندیش دەكراون تا خەڵك هانبدەن ڤاكسین وەربگرن".

"لەوەتەی خەڵكیش ناچاركراوە بۆ راییكردنی كارەكانی ڤاكسین وەربگرێت, ئەوا رێژەی كوتان و سەردانی خەڵك بۆ بنكەكانی كوتان زیاتر بووە" بەوتەی بارزان.

بەپێی بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەمساڵدا؛ ئەگەر فەرمانبەران بە هەردوو راژەی شارستانی و مەدەنی ڤاكسین وەرنەگرن، ئەوا بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، جگە لەوەی رێ بە فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت نادرێت بەبێ ڤاكسین دەوام بكەن و هەر هاوڵاتییەك بۆ سەردانی شوێنە گشتییەكان و فەرمانگە حكومییەكان دەبێت كارتی كوتان یان پشكنینی كۆرۆنایان پێبێت.

ئەو بڕیارانە كەرتی پەروەردە و قوتابیانی سەروو تەمەنی 12 ساڵیش دەگرێتەوە.

دڵگەش نەواف، خوێندكاری ئامادەییە لە شێخان، خۆی ڤاكسینی وەرگرتووە و لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە داوا لە هاوڵاتیان دەكات، "ڤاكسین وەربگرن تا خۆمان و خێزان و دەوروبەر بپارێزین".

ڤیدیۆ: شێخان/ شوباتی 2022/ دڵگەش نەواف، گەنجێكی ئێزیدییە و هانی هاوڵاتیان دەدات ڤاكسین وەربگرن 

لە شێخان نزیكەی 45 هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە، بە هەردوو ژەمی یەكەم و دووەمەوە؛ لەو ژمارەیە نزیكەی 36 هەزار كەس ڤاکسینی جۆری فایزەر-یان وەرگرتووە، زیاتر لە پێنج هەزار كەس ڤاكسینی جۆری ئەسترازێنیكا (ژەمی یەكەم زیاتر لە 3300 و ژەمی دوەم زیاتر لە 2200 كەس)، نزیكەی سێ هەزار كەسیش ڤاكسینی جۆری سینۆفارم-ـیان وەرگرتووە.

"هەر هاوڵاتییەك بیەوێت ڤاكسین وەربگرێت، ئێستا بەبێ دانانی مەوعید و تۆماری ئەلیكترۆنی پێشوەختە دەتوانێت سەردانی بنكەكانی كوتان بكات و ڤاكسین وەربگرێت، چونكە ئێستا ڤاكسین زۆرە" کەریم کەمال، بەرێوبەری تەندروستی شێخان بۆ (کەرکوک ناو).

لە هەموو شێخان حەوت بنكەی پێدانی ڤاكسین هەن؛ ئەوانیش لە باعەردی، چڕ، ئەتریس، دوو بنكە لە كەلەكچی، لە قەسرۆك و ناو كەمپی ئاوارەكان.

ژمارەی دانیشتوانی شێخان بە ئاوارەكانیشەوە نزیكەی 130 هەزار كەسن، زۆرینەی خەڵكەكەی ئێزیدین و لەڕوی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دهۆكە، بەڵام ناوچەیەكی جێناكۆكە لە سنوری پارێزگای نەینەوا  لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عیراق.

هەر هاوڵاتییەك بیەوێت ڤاكسین وەربگرێت، ئێستا بەبێ دانانی مەوعید و تۆماری ئەلیكترۆنی پێشوەختە دەتوانێت سەردانی بنكەكانی كوتان بكات

"ئێمە تیمی مۆبایلمان داناوە؛ هەر هاوڵاتییەك ناتوانێت سەردانی بنكەی كوتان بكات، ئیتر لە گوندە دورەدەستەكاندا یان قوتابخانە و ماڵان، ئەوا دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبكات و ئێمە تیمی تایبەت بە پێدانی ڤاكسینیان بۆ دەنێرین تا خۆیان بكوتن" بەوتەی بەڕێوەبەری تەندروستی.

كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا؛ رێگە دەدات بە لەش بۆ بەهێزکردنی  توانای بەرگریکردنی جەستە بۆ ناسینەوەی ئەو پەتایە و مانەوەی بەشێوەیەکی تەندروست و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی قۆناغ بە قۆناغ، بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی کوردستان؛ لە پارێزگای دهۆك بە ئاوارە و پەنابەرانەوە تائێستا نزیكەی 146 هەزار كەس توشی كۆرۆنا بون و لەو ژمارەیەش هەزار و 834 كەس مردون، زیاتر لە 481 هەزار كەسیش ڤاكسینیان وەرگرتووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT