كۆچەرییەکانی دیوانیە بێ ئاستەنگ ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن

دیوانیە: ئاداری 2022/ ژن و منداڵێكی كۆچەری لە گوندی زهور. فۆتۆ: تەحسین زركانی

تەحسین زرکانی - دیوانییە

كاتێك یەکەم حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عیراقدا راگەیەنرا، دانیشتووانی گوندی زهوری کۆچەری نشینی لە شاری دیوانیە، لە نێویاندا ئوم سەڵاح، دەترسان ئەگەر کەسێکیان توشی نەخۆشییەکە بێت، لە چارەسەر بێبەشبکرێن و بەهۆیەوە گیانلەدەستبدەن.

بەڵام ترس و نیگەرانییەکانیان رەوییەوە دوای هاتنی تیمە تەندروستییەکان بۆ گوندەکەیان بەمەبەستی پشکنینی کۆرۆنا و دواتر دابینکردنی دەرمان و چارەسەر بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لە ماڵەوە چارەسەربکرێن. تا وایلێهات ئێستا كۆچەرییەكان بێ هیچ ئاستەنگێك دەتوانن ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن.

گوندی زهور 7 کیلۆمەتر لە باشوری خۆرهەڵاتی قەزای دیوانییەوە دورە، ئەو قەزایە ناوەندی پارێزگای دیوانیە پێكدەهێنێت لە باشوری خۆرئاوای بەغدای پایتەخت. زۆرینەی دانیشتوانەکەی عەرەبی شیعەن، لەگەڵ کەمینەیەک لە عەرەبی سوننە و بەشێک لە سابیئەی مەندائی و کۆچەرییەکان.

کۆچەرییەکانی عیراق بە کەمینەیەکی نەژادیی دادەنرێن، سەرچاوەی سەرەکی بژێوییان بەروبومی ئاژەڵدارییە، بەتایبەتی شیر، هێشتا ئاماری ورد لەبەردەستدا نییە لە بارەی ژمارەیان، ئەوەش بەهۆی سروشت و شێوازی ژیانیان و بەردەوام كۆچكردنیان لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر و گەڕان بەدوای لەوەڕگەدا بۆ مەڕوماڵاتیان.

هەندێك سەرچاوەی مێژویی باس لەوە دەكەن كە كۆچەرییەكان لە هەزارەی دووەمی پێش زایین-ەوە رویانکردە باکوری خۆرئاوا و لە ئێران گیرساونەتەوە، دواتر لە هەزارەی یەکەمی پێش زایین گەیشتونەتە دەشتاییەکانی عیراق.

تائێستا دوو ئاماری حکومی بەردەستە، یەکێکیان لە ساڵی 2000دا بڵاوکراوەتەوە و تیایدا ژمارەیان بە 200 هەزار كەس خەمڵێنراوە، ئاماری دووەمیشیان لە ساڵی 2005 بڵاوکراوەتەوە و ژمارەیان بە 50 هەزار كەس مەزەندەکراوە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئامارەكان وردنین.

ئوم سەڵاح، (42 ساڵ)، كە یەكێكە لە كۆچەرییەكانی دیوانییە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "نەخوێندەواریی و چاودێرینەکردنی هەواڵەکان بەهۆی سەرقاڵبونمان بە دابینکردنی بژێویمان، وایکردبوو زانیاریمان لەسەر پەتاکە و زیانەکانی نەبێت، تا ئەوکاتەی دوو کەس لەیەک خێزان لە گوندی زهور لە سەرەتای ساڵی 2020دا تووشی پەتاکە بون".

1-24
دیوانیە: ئاداری 2022/ ژنێكی كۆچەری لەكاتی دەستخستنی ئاوی خواردنەوە لە گوندی زهور. فۆتۆ: تەحسین زركانی

لەوكاتەوە كۆچەرییەكان هەوڵیاندا تێبگەن لەوەی پەتاكە چییە و زیانەكانی چین، هەروەها چۆن خۆیان دەپارێزن، ئەوەش دوای ئەوەی تیمی پزیشكی سەردانی گوند و ناوچە دوردەستەكانی دەكرد لە نێویاندا گوندی زهوری كۆچەری.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عیراق لە ساڵی 2020دا رێنمایی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرێتییەکانی رەگەزنامە لە پارێزگاکان کردووە بۆ لابردنی وشەی "کۆچەری" لە ناسنامەی باری شارستانی وشەی "استثناء" لەرەگەزنامەکەیان، ئەوەش لەپێناو دەستەبەرکردنی یەکسانیی لەنێوان هاوڵاتیاندا.

ئەو هەنگاوە ئاسانكاریی تەواوی كرد تا كۆچەرییەكان ببنە خاوەن كارتی نیشتیمانی، لەو رێیەشەوە وەرگرتنی ڤاكسین بۆ كۆچەرییەكان ئاسانتر بووە.

كارتی نیشتیمانی یەكێكە لە بەڵگەنامە رەسمیی و سەرەكییەكان كە هەموو هاوڵاتییەكی عیراقی پێویستە بۆی دەربكرێت و بە یاسا كراوەتە جێگرەوەی هەموو بەڵگەنامەكانی پێشوو لەوانەش رەگەزنامەی عیراقی و پێناسی باری شارستانی.

ئەمجەد حسێن، کە باوکی سێ کچە لە هەمان گوند و یەكێكە لە كۆچەرییەكان، دەڵێت، سەرەتا بۆ وەرگرتنی ڤاكسین دەبوو بەڵگەنامەیەكی رەسمیت پێبێت، "ئێمەش کارتی نیشتیمانیمان دەرکرد و توانیمان ناوی خۆمان تۆمار بکەین بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، من و هاوسەرەکەم و دووان لە کچەکانم دوو ژەمە ڤاکسینمان وەرگرتووە".

کارتی نیشتیمانیمان دەرکرد و توانیمان ناوی خۆمان تۆمار بکەین بۆ وەرگرتنی ڤاکسین

هەروەها ئوم سەڵاح، دەڵێت "زۆربەی کەسوکارم ژەمە ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئێستا هیچ ئاستەنگییەك نییە بۆ كەسێكی كۆچەری بیەوێت ڤاكسین وەربگرێت، هانی کەسانی تریش دەدەین خۆیان بکوتن".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دیوانییە، بنكەیەكی بچوكی تەندروستی لە گوندی زهور كردۆتەوە تا لەو رێیەوە خەڵكی گوندەكە و كۆچەرییەكان بتوانن، ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن.

محەمەد بدێری، بەڕێوەبەری نوسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە دیوانییە، كە لەڕوی تەندروستییەوە چاودێری ئەو گوندەشیان كردووە. وتی "ئەو بنكە تەندروستییە، هەندێك خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەش دەکات، جگە لە پێدانی ڤاكسین، هاوكاری خەڵكی ئەو گوندەش دەكات كە نەخۆشییەكانی پێستیان تیایدا بڵاوبۆتەوە، ئەوەش بەهۆی نەشیاوی شوێنەكانیان بۆ نیشتەجێبون".

ئەنعام عەبد، کە پزیشکە لە تیمە تەندروستییەكانی دیوانییە، پێیوایە لەپاڵ دابینكردنی ڤاكسیندا، پێویستە هاوكاری زیاتری كۆچەرییەكان بكرێت لەڕوی تەندروستییەوە، بەتایبەت نەخۆشییەكانی پێست.

4-8
دیوانیە: ئاداری 2022/ خێزانێكی كۆچەری لە ژێر خێوەتدا گوندی زهور. فۆتۆ: تەحسین زركانی

بەگشتی كۆچەرییەكان بەهۆی بەردەوامی كۆچكردن و دورەدەستییان لە چەقی شارەكانەوە، بە سەختی دەستیان دەگاتە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، هەر بۆیە لە ئێستادا لەپاڵ مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكانی پێست-یش هەڕەشەیە لە سەریان.

کۆچەرییەکان بەشێوەی کۆمەڵی بچوک بچوک بە چەندین ناوچەی عیراقدا بڵاوبونەتەوە بەتایبەت لە پارێزگای دیوانییە، بە زۆری لە ناوچەکانی دەوروبەری شار و شارۆچکەکان دەژین و هیچ ئامارێكی رەسمی ورد نییە كە ژمارەیان لەو پارێزگایەدا چەندە.

هەروەها هیچ ئامارێكی ورد نییە، كە چەند كۆچەری لە دیوانییە ڤاكسینیان وەرگرتووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشی تەندروستی گشتی سەر بە فەرمانگەی تەندروستی دیوانییە، کۆچەرییەکانی لە هاوڵاتیانی دیکە جیانەکردوەتەوە بەو پێیەی خاوەن کارتی نیشتیمانین، کە بوەتە هۆی لابردنی وشەی "کۆچەری" یاخود "کاوەلی" کە پێشتر لەناسنامەی باری شارستانییان دەنوسرا.

دکتۆر مەکی بریبەر سعێدی، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە دوای دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتەکە و دواتر پارێزگاکەدا، تیمە تەندروستییەکانمان بەردەوام گوندی (زهور)یان بەسەردەکردەوە و دوای گەیشتنی ژەمە ڤاکسین بۆ فەرمانگەی تەندروستی 80 کەس لەو گوندە ڤاکسینیان پێدراوە."

"بەشی تەندروستیی گشتی و هەموو کارمەندانی تەندروستی بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیاندا دەکەن، بەدەر لە رەنگ و نەژادیان، چونکە کارتی نیشتمانی ئەو زانیارییانەی لابردووە کە دەبونە هۆی جیاوازی کۆمەڵایەتی لەنێوان هاوڵاتیاندا"، بەوتەی بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی بۆ (کەرکوک ناو).

بەشی تەندروستیی گشتی و هەموو کارمەندانی تەندروستی بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیاندا دەکەن، بەدەر لە رەنگ و نەژادیان، چونکە کارتی نیشتمانی ئەو زانیارییانەی لابردووە کە دەبونە هۆی جیاوازی کۆمەڵایەتی لەنێوان هاوڵاتیاندا

ئەبو سەیف (47 ساڵ)، موختاری گوندی زهور دەڵێت، "هەموو دانیشتوانی گوندەکە پشت بەکاری رۆژانە دەبەستن بۆ دابینکردنی بژێوییان، لەکاتی سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆدا بێبەش بوین لە کارکردن و پەیداکردنی پارە بۆ دابینکردنی پێداویستییە رۆژانەکانمان، بەڵام هەندێك رێکخراو  و چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی کاریان دەکرد بۆ دابینکردنی سەبەتەی خۆراک کە یارمەتی دەداین بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە."

کۆمیتەی بەهاناوەچونی نێودەوڵەتی (IRC) کە هاوبەشی جێبەجێکاری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانە، یەكێك بوو لەو رێكخراوانەی هاوكاریی كۆچەرییەكانی كردووە، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی كارتی نیشتیمانی.

مەرجی سەرەكی پێدانی ڤاكسین، بەپێی بڕیاری حكومەت، ئەوەیە كە دەبێت بەڵگەنامەیەكت پێبێت، لە پێناسی باری شارستانی، رەگەزنامە یان كارتی نیشتیمانی.

شێوازی ژیان كۆچەرییەكان هەرچۆنێك بێت، ئێستا لە ناوجەرگەی گوندەكەی ئوم سەڵاح، بنكەیەكی تەندروستی هەیە و كێ بیەوێت دەتوانێن بەبێ بەربەست ڤاكسین وەربگرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT