كریستیانەکانی كەركوك بەئاسانیی دەستیان بە ڤاكسینی كۆرۆنا دەگات، جگە لە دانیشتووانی یەك گەڕەكی دەرەوەی شار نەبێت كە بۆ دەستخستنی پێویستە 10كم ببڕن. فەرمانگەی تەندروستی ئامادەنییە بنكەی ڤاكسین لەو گەڕەكە بكاتەوە و دەڵێت ژمارەی دانیشتووانی كەمە. هەرچەندە دانیشتووانەكەی بەپێویستی دەزانن.
بەگشتی کریستیانەکان لە پارێزگای کەرکوک –پارێزگایەکی فرە رەنگی ئایینی و نەتەوەییە لە كورد، عەرەب، توركمان و كریستیان-، لە پێدانی ڤاکسیندا لە پێکهاتەکانی تر جیانەکراونەتەوە، بەڵام گەڕەکی سێکانیان کە بەشێكیان کریستیانین، گرفتی دەستڕاگەیشتنیان بە ڤاکسین هەیە، هاوشانی دانیشتووانی نەتەوە و ئایینەكانی تر لە هەمان گەڕەك. ئەو گەڕەكە دەکەوێتە باکوری خۆرهەڵاتی کەرکوك.
تا 25ی ئاداری 2022، لە پارێزگای كەركوك هەزار و 489 كەس بە كۆرۆنا مردون، لەكۆی توشبوونی 89 هەزار و 314 كەس، ئەوەش بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق،
سەمیر حەنا، کە کریستیانە و لەو گەڕەکە دەژیت، وتی "زۆرێك لە كریستیانەكان لەم گەڕەكەین، بەڵام ڤاکسین لەم گەڕەکە دەستناکەوێت... مانگێک لەمەوبەر ویستم ڤاکسین بۆ دایکم وەربگرم، چومە بنکەی تەندروستی سێکانیان، بەڵام وتیان ڤاکسینمان نییە و دەبێت بچیتە ناو شار".
"دایکم بەتەمەنە و ناتوانێت زۆر دوربکەوێتەوە، بەڵام ناچاربوم لەبەر تەندروستی ئەو بردمە گەڕەکی عەرەفە". عەرەفە زیاتر لە 10کم لە گەڕەکی سێکانیانەوە دورە.
دایکم بەتەمەنە و ناتوانێت زۆر دوربکەوێتەوە، بەڵام ناچاربوم لەبەر تەندروستی ئەو بردمە گەڕەکی عەرەفە
سەمیر وتی داوا لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک دەکەین لە بنکەی تەندروستی سێکانیان بەشی پێدانی ڤاکسین-یش بکاتەوە.
"ئەگەر ئۆتۆمبێلت نەبێت، دەبێت نزیکەى 10 هەزار دینار بە تەکسی بدەیت تا دەگەیتە ناوەندێکی تەندروستی کە ڤاکسینیان هەیە"، سەمیر وایوت.
هاوكات، سەمیرە گۆرگیس، 70 ساڵ، کە کریستیانە و ژنی ماڵەوەیە، وتی "من لەڕێی تیمی گەڕۆکەوە ڤاکسینم وەرگرتووە، بەڵام بۆ ژەمی دووەم ناچاربوم بچمە گەڕەکی عەرەفە".
سەمیرە بە تەنیا دەژیت و کوڕ و کچەکانی لە ئەوروپا دەژین، داوایکرد ئاسانکاریی زیاتریان بۆ بکرێت.
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک کە دراوە بە (کەرکوک ناو)، لە تەواوی پارێزگاکەدا 90 ناوەندی پێدانی ڤاکسین هەیە.
دکتۆر نەبیل حەمدى بوشناق، بەڕێوەبەرى گشتی فەرمانگەى تەندروستى کەرکوک، بە (کەرکوک ناو)ی وت "کردنەوەی ناوەندەکانی پێدانی ڤاکسین، بەپێی ژمارەی دانیشتووانە، راستە لە بنکەی تەندروستی سێکانیان پێدانی ڤاکسین نییە، چونکە ژمارەی دانیشتووانەکەی کەمن".
لەو گەڕەكەدا، 900 خێزان نیشتەجێن، 150 خێزانیان كریستیانین، ئەوانەی تر تێكەڵەیەكن لە نەتەوەكانی تر، بەپێی ئاماری موختاری گەڕەكەكە.
نەبیل بوشناق، زیاتر وتی "بۆ هەر دەرزییەکی پێدانی ڤاکسین دەبێت شەش کەس ئامادەبێت، بەڵام لەو گەڕەکانەی ژمارەی دانیشتووانیان کەمە، ئەو ژمارەیە بەردەست نین تا ڤاکسینیان پێبدەین، لەوانەش گەڕەكی سێكانیان". بەڵام وتی "ئەگەر ئەو ژمارەیە ئامادەبن، ئێمەش ئامادەین تیمی گەڕۆکیان بۆ بنێرن، با پەیوەندی بە فەرمانگەکەمانەوە بکەن".
بەگشتی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، تیمی گەڕۆکی بۆ زۆربەی ناوچەکان دابینکردووە.
تا 25ی ئاداری 2022، لە پارێزگای كەركوك و بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق، 89 هەزار و 314 كەس توشی كۆرۆنا بون و هەزار و 489 كەس مردون. ئەوەش لە كۆی ملیۆنێك و 726 هەزار كەس لە دانیشتووانی پارێزگاكە، بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ ساڵی 2021.
نور ئیلیاس، كریستیانە و دانیشتوى گەڕەکى عەرەفەیە لە ناوەندی كەركوك، وتی "وەكو كریستیان هیچ كێشەیەكمان نییە، هەر وەك هەموو ئایینەكانی تر دەتوانین بەبێ گرفت ڤاكسین وەربگرین، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە خەڵكێكی زۆر هێشتا قەناعەتی بەوە نییە كە ڤاكسین وەربگرێت و پێویستە یەكەكانی تەندروستی، هەڵمەتی هۆشیاریی زیاتر رێکبخەن بۆ ئەوەی خەڵکی ڤاكسین وەربگرن".
لە پارێزگای كەركوك، لە ئێستادا هەرسێ جۆری ڤاكسینی سینۆفارم، ئێسترازێنیكا و فایزەر دەستدەكەوێت.
نامانەوێت بۆ یەك كەس دەرزییەك بشكێنین و دواتر فڕێی بدەین
تا ئێستا 344 هەزار و 279 كەس ژەمی یەكەمی ڤاكسینی جۆری فایزەریان وەرگرتووە، 58 هەزار و 295 كەس ژەمی یەكەمی سینۆفارم و 15 هەزار و 304 كەسیش ژەمی یەكەمی ئێسترازێنیكایان وەرگرتووە، هەر بەپێی ئاماری فەرمانگەكە.
هەروەها 701 هەزار و 317 ژەمە ڤاكسین بە هەرسێ جۆرەكەیەوە بە دانیشتوانی پارێزگای كەركوك دراوە، لە ژەمی یەكەم، دووەم و سێیەم.
وەزارەتی تەندروستی عیراق و تەندروستی كەركوكیش ئاماری وەرگرانی ڤاكسینی كۆرۆنایان بەپێی نەتەوە و ئایینەكان جیانەكردۆتەوە.
بەپێی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، ژمارەی كریستیانەكان پێش ساڵی 2003 دەگەیشتە ملیۆن و (500) هەزار کەس، بەڵام ئەو ژمارەیە دابەزیوە بۆ 250 هەزار كەس كە زۆرینەیان لە هەرێمی كوردستانن، لەگەڵ پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا و بەغدا.
نەبیل حەمدی بوشناق، جەختیكردەوە كە بەیەك چاو سەیری هەموو نەتەوەكان دەكەن، وتی "بەڵام گرفتی ئێمە ئەوەیە نامانەوێت بۆ یەك كەس دەرزییەك بشكێنین و دواتر فڕێی بدەین... كێ لە چ گەڕەك و ماڵێك ڤاكسینی دەوێت با پەیوەندی بە فەرمانگەی تەندروستییەوە بكات و تیمی بۆ رەوانە بكەین، بە مەرجێك شەش كەس ئامادەبن".
لە ئێستادا وەرگرانی ڤاكسین، وەك بوشناق دەڵێت كەمیكردووە، ئەو وتی "رۆژی 25ی ئادار تەنیا 69 ژەمە ڤاكسین دراوە لە تەواوی پارێزگاكە، بەڵام ئەو رۆژە هەینی بووە".
لە پاڵ فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، هەندێك رێكخراوی خێرخوازی هاوكاری كریستیانەكان و تەنانەت ئایینەكانی تریش دەكەن، لە پێدانی ڤاكسین-دا لەوانەش كۆمەڵەی خێرخوازی واحە حەنان.
ڤیدیۆ: هەڵمەتێكی كوتان دژی ڤاكسینی كۆرۆنا لە كەركوك. ڤیدیۆ: كەركوك ناو
دینا نائل حداد، لێپرسراوی ئەو كۆمەڵەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ساڵی رابردوو بەهۆی زۆری رێژەی توشبووانی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەو هەڵمەتەمان راگەیاند، بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیان سودمەندبون، نەك تەنیا كریستیان، بەڵکو پێکهاتەکانی تریش، هەروەها هەڵمەتی هۆشیاریشمان بە هاوكاریی بەڕێوەبەرێتیی تەندروستی كەركوك راگەیاندووە".
"رۆژانی هەینی لەنێو هۆڵی رۆرشنبیرى کاتدرائی کریستیان لەنێو کڵێساى (قلب الاقدس) لە كەركوك ڤاكسینمان بە هاوڵاتیان دەدا و 900 كەس سودمەند بون".
دانا غازی، ئەنجومەنی گەڕەکی سێکانیان، دەڵێت لەسەر داوای خەڵك داواكارییان بۆ كردنەوەی بنكەیەكی پێدانی ڤاكسین بۆ گەڕەكەكە بەرزکردۆتەوە، بەڵام وەڵامەكە ئەوە بووە كە ژمارەی دانیشتووانی گەڕەكەكە كەمە.
"ناكرێت بۆ ڤاكسین بچینە گەڕەكی عەرەفە، ئەی بۆچی لە هەندێك ناوچە لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا كە ژمارەی دانیشتووان زۆر لەم گەڕەكە كەمتر بوو، بەڵام بنكەی پێدانی ڤاكسین دەكرایەوە"، زیاتر وتی "بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵك ڤاكسین وەربگرێت، پێویستە بنكەكە لە نزیكترین شوێندا بكرێتەوە"، ئەنجومەنی گەڕەکی سێکانیان وایوت.