ژینا و دایكی باجی هەڵە و فێڵ دەدەن
چۆن بێ ناسنامەیی كچێكی شەش ساڵان لە خوێندن بێبەشدەكات

ژینا و سەمیرەی دایكی لە كەمپێكی ئاوارەكان لە پارێزگای دهۆك. فۆتۆ: تایبەت بە (كەركوك ناو)

عەمار عەزیز – دهۆك

كچێكی شەش ساڵان، لە كەمپێكی ئاوارەیی پارێزگای دهۆكدا، بێ ناسنامەیە و بەهۆیەوە لە خوێندن بێبەش بووە. دایكیشی لە دۆخێكی دەرونی خراپدا ژیان بەڕێدەكات، بەهۆی ئەوەی كچەكەی بێ مارەبڕین هێناوەتە دونیاوە.

ئەو كچە (ژینا) شەش ساڵ لەمەوبەر، لە دایكبووە، ئەوەش دوای پەیوەندییەکی دایکی لەگەڵ كوڕێكدا کە لەکاتی خۆیدا، بەڵێنی هاوسەرگیری پێدابوو. کاتێک ئەو کەسە دەزانێت سەمیرەی دووگیانكردووە، بەجێیدەهێڵێت و ئامادەنابێت لە دادگا و لای پیاوی ئایینی مارەی بكات.

چیرۆكی لە دایكبونی ژینا

لە ئابی 2014دا، كاتێك چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، هێرشیانكردە سەر شنگال، خێزانەكەی سەمیرە، ناحیەی گرعوزێر لە قەزای شنگال بەجێدەهێڵن و ئاوارەی چیای شنگال دەبن.

سەمیرە كە ئەوكات 22ساڵ بوو و ئێستا 30 ساڵە، دوای شەش رۆژ مانەوە لە چیای شنگال، داوا لە دایكی دەكات رێگەی بدەن بەرەو هەرێمی كوردستان بڕوات.

سەمیرە بە (كەركوك ناو)ی وت "ژیان لە چیای شنگال زۆر سەخت بوو، بەرگەی گەرما و ناخۆشی چیای شنگالم نەدەگرت، ئەوكات خەڵكێكی زۆر چیای شنگالیان بەجێدەهێشت و منیش روخسەتم لە دایكم وەرگرت و لەگەڵ ئەو خەڵكە بەرەو دهۆك بەڕێكەوتم تا گەیشتینە زاخۆ لە پارێزگای دهۆك".

ئیدارەی پارێزگای دهۆك ئەوكات بڕیاردەدەن ئاوارەكان ببەنە كۆمەڵگەی شاریا لە زاخۆ، دوای یەك مانگ كەمپێكی تایبەت بۆ ئاوارە ئێزیدییەكان بەناوی كەمپی شاریا كرایەوە و سەمیرە بووە خاوەنی خێوەتی خۆی و لەو كەمپەدا بە تەنیا نیشتەجێ بوو.

لە كۆتایی هەمان ساڵدا، دوو ژن، كە سەمیرە یەكێكیانی لە كەمپەكەدا ناسیووە، دەچنە لای سەمیرە و پێی دەڵێن "كوڕێكی تا بڵێی جوان و بەڕەوشت هەیە، بۆ بەتەنیا دەژیت، ئەگەر شوو دەكەیت پێت دەناسێنین"، بەوتەی سەمیرە.

كوڕێكی تا بڵێی جوان و بەڕەوشت هەیە، بۆ بەتەنیا دەژیت، ئەگەر شوو دەكەیت پێت دەناسێنین

وەڵامی سەمیرە ئەوە دەبێت كە ئامادەیە كوڕەكە ببینێت و دواتر بڕیار دەدات لەوەی شوی پێدەكات یان نا.

"دوای چەند رۆژێك كوڕەكەم بینی، قسەمان كرد و وتم بە مەرجی ئەوەی لە دادگا مارەم بكەیت، ئەویش قایلبوو و ئامادەبوو هەموو شتێكم بۆ بكات و پێكەوە بژین".

دوای 10 رۆژ لە یەكتر بینین، كوڕەكە رۆژێك بۆ خێوەت سەردانی دەكات و باسی رێوشوێنەكانی هاوسەرگیرییەكە دەكەن.

سەمیرە وتی "ئەو رۆژە دەیویست لێم نزیكبێتەوە، بەڵام من نەمهێشت دەستم لێبدات".

campi qadya
دهۆك/ 2020/ كەمپی ئاوارەكانی قادیا كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە هاوڵاتیانی ئێزیدین فۆتۆ: خەیری عەلی

بە وتەی سەمیرە سەردانی كوڕەكە، بۆ خێوەت بەردەوام بووە و هەموو كات خواستی ئەوەی هەبووە سێكس بكەن.

"رۆژێك هات سوێندی خوارد، لە دادگا مارەم بكات، دوای ئەو سوێندە ئیتر دوو مانگێك پێكەوە لەو خێوەتەدا ژیاین و وەكو هەر ژن و مێردێك پێكەوە بوین"، سەمیرە دەڵێت لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا بەردەوام بیری كوڕەكەی هێناوەتەوە، كە پێویستە پەلەبكەن لە مارەبڕین لە دادگا و لای پیاوانی ئایینی ئێزیدی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەردوكیان ئێزیدی بون.

"هەموو رۆژێک دەموت با ئەمڕۆ بچینە دادگا یان بچینە لاى پیاوانى ئایینى ئێزیدى بۆ مارەكردن، هەر دەیوت ئەمڕۆ نا سبەی، هەندێك كات لە پێداگری من توڕە دەبوو و بیانوی دەهێنایەوە".

سەمیرە دەڵێت هەموو ئەو كارانەی بێ ئاگاداری كەسوكاری كردووە.

سەمیرە دووگیان دەبێت و كوڕەكەش دیارنامێنێت

سەمیرە دەڵێت، بەردەوام "پیاوەكەی"، بەدوای ناوی نوێدا گەڕاوە و وتویەتی بۆ ئەوەی ئەگەر منداڵیان ببێت ناوەكەی ئامادەبێت، ئەوەش سەمیرە دڵخۆشكردووە.

"وامدەزانی ئەگەر منداڵمان ببێت دڵخۆش دەبێت و ئیتر دەبینە هاوسەری یەكتر"، سەمیرە زیاتر وتی "لە ئاداری 2015دا چومە بنكەی تەندروستی شاریا لەناو كەمپ، پشكنینم كرد، وتیان تۆ دووگیانی".

لەگەڵ گەڕانەوەیەدا بۆ خێمەكەی، سەمیرە هەواڵەكە بە "مێردەكەی" دەدات.

وامدەزانی ئەگەر منداڵمان ببێت دڵخۆش دەبێت و ئیتر دەبینە هاوسەری یەكتر

"یەکسەر دۆخى تێکچوو، زۆری پێی ناخۆش بوو، توڕە بوو، پێی وتم دووگیانی چی!... هەمان رۆژ ئێوارەكەی جانتایەكی هێنا و كەوتە كۆكردنەوەی جلوبەرگەكانی. وتم بۆ كوێ دەچیت، وتی خوشکێکم لە نەخۆشخانەیە دۆخى زۆر خراپە و دەگەڕێمەوە"، زیاتر وتی "پێموت ئەی بۆ كەلوپەل و جلەكانت دەبەیت، وتی لەوانەیە چەند رۆژێك لە نەخۆشخانە بمێنمەوە".

لەو رۆژەوە تاكو ئێستا سەمیرە، ئەو كوڕەی نەبینیوەتەوە، هەمان شەو وەك دەڵێت مۆبایلەكەشی داخراوە و نەكراوەتەوە.

"زۆر بێزاربوم، چەند رۆژێک بە تەنیا لەخێوەتدا مامەوە و هەواڵی من گەیشتە کارگێڕی کەمپ، بەڵام هیچ شتێك لە ژیانی من نەگۆڕا".

سەرەتا سەمیرە هەوڵدەدات چیرۆكەكە بە نهێنی بمێنێتەوە، تەنانەت هیچ داوایەكی یاسایی تۆمارناكات. وردە وردە، كۆرپەكەی گەورە دەبێت و لەبەر توانج و تانەی خەڵكی كەمپ-یش، وای لێدێت نایەوێت بچێتە دەرەوە و هەر لەناو خێوەتەكەیدا دەمێنێتەوە.

ئەو وتی "دوجار هەوڵمدا كۆرپەكەم لەبارببەم، بەڵام پەشیماندەبومەوە، رۆژێك رێكخراوێك لەگەڵ كارگێڕی كەمپ هاتنە لام و بە تەواوی و بۆ یەكەمجار هەموو چیرۆكەكەم بۆ گێڕانەوە".

دوجار هەوڵمدا كۆرپەكەم لەبارببەم، بەڵام پەشیماندەبومەوە

دوای ئاشكرابونی چیرۆكەكەی، سەمیرە بە هاوكاری ئیدارەی كەمپ و رێكخراو و لایەنە ئەمنییەكان بۆ سەنتەرێكی ناوەندی دهۆك دەگوازرێتەوە، كە سەمیرە ناوەكەی نازانێت. بەڵام وتی "تایبەت بوو بەو ژنانەی هەڕەشەیان لەسەرە، هەر لەوێ منداڵەكەم لە دایك بوو".

سەمیرە لە 28ی كانونی یەكەمی 2015 منداڵەكەی لە دایكدەبێت، منداڵەكەی كچە و ئێستا تەمەنی شەش ساڵ و چوار مانگە.

ئیتر، سەمیرە لە دوای لەدایكبونی منداڵەكەیەوە ئینجا سكاڵا تۆماردەكات. ئەو دەڵێت لە دوای لە دایكبونی منداڵەكەی رۆژێك لەگەڵ رێكخراوەكە و دەزگا ئەمنییەكان دەبرێتە بەردەم دادگا.

camp-17-1
دهۆك، 2019، كه‌مپی كه‌به‌رتووی ئاواره‌كان كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئێزیدین فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

(كەركوك ناو)، چەند جارێك پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ئەوكاتی كەمپی شاریاوە كرد، كە لە ئێستادا لە حكومەتی خۆجێی دهۆك لێپرسراوێتی هەیە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.

"لە دادگا، دادوەر پێیوتم هیچ زانیارییەكت لەسەر ئەو كەسە هەیە، وتم نا... دواتر وتی حەزدەكەیت لەگەڵ منداڵەكەت بچێتە كەمپ، وتم بەڵێ، بەڵام بۆ كەمپێكی تر نەك ئەو كەمپەی لێی بوم"، سەمیرە وایوت.

سەمیرە دەبرێتە كەمپێكی تر – لەبەر سەمیرە ناوی كەمپەكە پارێزراوە -، لەوێوە لەگەڵ كچەكەی ژینا شەش ساڵە پێكەوە دەژین.

ئەو وتی "چەند جارێك ویستومە خۆم بكوژم، چونكە بێهیوابوم لە چارەسەركردنی كێشەكەم".

سەمیرە ناسینی ئەو كوڕە و چیرۆكی دوگیانبونی، لە كەسوكاری دەشارێتەوە، لەو ماوەیەشدا كە لە كەمپ بووە هیچ سەردانیان نەكردووە، ئەویش بە هەمان شێوە سەردانیان ناكات.

سەمیرە دەڵێت "تەنیا دایك و خوشكێكم جار جار تەلەفونم بۆ دەكەن".

هەروەها دەڵێت "لەوكاتەوەی لە ساڵی 2014دا چیای شنگال بەجێهێشتووە بەهیچ شێوەیەك باوكی قسەی لەگەڵ نەكردووە، تا ئەوكاتەی تەمەنی كچەكەی بۆتە 40 رۆژ" و چیرۆكەكەی بۆ باسكردووە، بەڵام لەوە بەدواوە چیتر پەیوەندی پێوە نەكردووە.

كەسوكاری سەمیرە، لەوانەش دایك و باوك و براكانی، ئێستا لە ناحیەی سنونێ دەژین لە شنگال.

خەلیل حەجى - براى سەمیرە-، لەڕێی تەلەفونەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "سەمیرە بە سەربەخۆیی چیای شنگالی بەجێهێشت، باوكم زۆر داوای لێكرد نەڕوا، بەڵام گوێی پێنەدا...".

ئەو دەڵێت "خوشكەكەم بەرگەی چیای شنگالی نەدەگرت، خەڵك برسی و تینوو بون، منداڵان بۆ نان دەگریان، ئەویش ئارامی لێ بڕابوو... بەڵام دواجار دایکم رێى بە سەمیرە-دا بچێتە هەرێمی كوردستان، هەرچەندە باوكم قایلنەبوو".

خوشكەكەم بەرگەی چیای شنگالی نەدەگرت، ئارامی لێ بڕابوو... دواجار دایکم رێى پێدا بچێتە هەرێمی كوردستان، هەرچەندە باوكم قایلنەبوو

خەلیل دەڵێت "ئەو كوڕە فێڵی لە خوشكەكەی كردووە و هەڵی خەڵەتاندووە و دەستدرێژیی كردۆتە سەری".

ئەوەی پرسیارە بۆ كەسوكاری سەمیرە لەوانەش براكەی، ئەوەیە "چۆن لەناو كەمپدا كەسێك جورئەتی ئەو كارە دەكات... ئەی چۆن زانیارییان لەسەر ئەو كەسە نییە".

بەڵام (كەركوك ناو) دوای هەوڵێکی زۆریش، نەیتوانی لێپرسراوانی ئەوكاتەی كەمپەكە بۆ ئەم بابەتە بدوێنێت و وەڵامیان نەبوو.

خەلیل حەجی، وەڵامی ئەوەی نەدایەوە كە بۆچی زیاتر لە حەوت ساڵە سەردانی خوشكەكەیان نەكردووە، تەنیا وتی "راستە هیچ كات سەردانمان نەكردووە لەناو كەمپ، بەڵام ئەگەر بێتەوە پێشوازی لێدەكەین، چونكە ئەو تاوانبار نییە".

وتیشی "خوشكەكەمان ئێستا دۆخی دەرونی خراپە، ئەوكاتیش كە بە تەنیا بووە رەنگە دەرونی باش نەبوبێت و ئاشكرایە فێڵێ لێكراوە".

هەروەها سەمیرە-ش دەڵێت لە كۆی چوار خوشك و پێنج برا، تەنیا خوشكێك و دایكی قسەی لەگەڵدا دەكەن. "لەوكاتەوەی چیای شنگالم بەجێهێشتووە كەس سەردانی نەكردوم".

تاوانبار لە كوێیە؟

ئیبراهیم خدر، بەڕێوەبەرى پێشوى ئەو كەمپەی ئێستا سەمیرە لەگەڵ كچەكەیدا لێی دەژێت، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەمیرە هەر كە هاتە كەمپ، دۆخی دەرونی باش نەبوو، لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان لەوانەش ئاسایش بەدواداچونی زۆر وردمان بۆ كەیسەكەی كردووە، تاوانبارمان ناسیوەتەوە كە خەڵكی كۆمەڵگەی خەتارێ-یە".

خه‌تارێ دەكەوێتە ناحیه‌ی ئه‌لقوش له‌ قه‌زای تلكێف و دانیشتوانه‌كه‌ی ئێزیدیین.

campi-shrya-62021-1-1
دهۆك/ 5ی حوزه‌یرانی 2021/ منداڵێكی ئێزیدی له‌ نێو خێوتێكی سوتاوی كه‌مپی شاریا دوابه‌دوای رۆژێك له‌ روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 300 خێوه‌ت سوتان فۆتۆ: كاروان باعه‌دری

ئیبراهیم، كە خۆی ئێزیدییە و ئێستا كاندیدە بۆ وەرگرتنی لێپرسراوێتی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە شنگال و كەمپی ئاوارەكان لەلایەن ئەو رێكخراوەوە ئیدارە دەدرێن، وتی "دواینجار ئاسایشی دهۆك پێی وتوین ئەو تاوانبارە چۆتە ئەوروپا و عیراقی بەجێهێشتووە".

ئێستا خەڵكی كەمپەكە و هەندێك خێرخواز هاوكاری سەمیرە و كچەكەی دەكەن.

ئیبراهیم، وتی "کێشەى سەمیرە-مان گەیاندۆتە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، تەنانەت خێزانێكی موسڵمان و دوو خێزانی ئێزیدیش لە دەرەوە ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ لەخۆگرتنی كچەكەی، بەڵام سەمیرە قبوڵی نەكردووە".

ئەو دوو ژنەی كە بۆیەكەمجار كوڕەكەیان بە سەمیرە ناساند، یەكێكیان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە و لەبەردەم دادوەریش ئامادەبوو و راستی روداوەكەی باسكردووە، ئەوەش بە وتەی سەمیرە.

سەمیرە وتی "لای دادوەر چیرۆكەكەی گێڕایەوە و دەزگا ئەمنییەكانیش لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كردووە، بەڵام ژنەكەی تر بە هەمان شێوەی كوڕەكە شوێنی نادیارە".

بۆ ئەم بەدواداچونە، (كەركوك ناو)، چەندجارێك پەیوەندیكرد بە ئاسایشی دهۆك كە كەیسەكەیان لایە، بەڵام نەیتوانی لێدوانیان لێوەربگرێت.

جهور عەلی بەگ، جێگری میری ئێزدییان بۆ کاروباری راگەیاندن، لەبارەی ئەو كەیسەوە، وتی "ئاگاداری ئەو دۆسییەیە نین، هیچ کەسیکیش سکاڵای لای ئێمە تۆمارنەکردوە تا بەدواداچون بۆ کەیسەکە بکەین".

ژینا قوربانییە گەورەكە

ژینا كچە شەش ساڵانەكەی سەمیرە، دەبوو ئەمساڵ بچێتە بەر خوێندن، بەڵام هیچ ناسنامەیەكی نییە و ئەوەش كێشەی بۆ خۆی و دایكی دروستكردووە.

ساڵی رابردوو، سەمیرە لەگەڵ كچەكەیدا چونە ناحیەی سنونێ بۆ لای پورێكی، بەڵام لە بازگەی حكومەتی عیراق داوای ناسنامەی كچەكەیان لێكرد.

"وتیان تۆ درۆ دەكەیت، ئەوە كچی تۆ نییە، بە هەزار تكا رزگارم بوو"، زیاتر وتی "كێشەیەكی تر ئەوە بوو من لە ناسنامەكەمدا هێشتا كچم، دەیانوت ئەی چۆن ئەوە كچی تۆیە".

وتیشی "ویستم كچەكەم بخوێنێت، بەڵام کارگێڕی خوێندنگەی کەمپ وتیان بەبێ ناسنامە ناتوانن كچەكەت وەربگرین".

ویستم كچەكەم بخوێنێت، بەڵام کارگێڕی خوێندنگەی کەمپ وتیان بەبێ ناسنامە ناتوانن كچەكەت وەربگرین

بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی منداڵ، هەموو منداڵێك مافی خوێندن و فێربونی هەیە و رێگریكردن لێی بە پێشێلكاریی دانراوە.

 منداڵ تەنیا ناوی باوك یان باپیری هەڵدەگرێت، بەپێی یاسای كارتی نیشتیمانیی عیراقی، بەپێچەوانەوە هیچ بەڵگەنامەیەكی پێنادرێت، هەر بەو هۆیەوە ناسنامە بۆ كچەكەی سەمیرە دەرنەكراوە.

بەپێی ئاماری رێكخەرانی كەمپینی ناوی "من ناوی دایكمە"، 4000 منداڵ لە عیراق، لە سەردەمی شەڕی داعش (2014 - 2017) و لە ئەنجامی دەستدرێژی سێكسی لە دایكبون و هیچ ناسنامەیەكیان نییە.

ئەو كەمپینە لە 25ی كانونی یەكەمی 2018، لەلایەن ژمارەیەك لە چالاكوانانی مەدەنی، پەرلەمانتاران و رێكخراوەكانی ژنان پێكهێنراوە و ئامانج لێی هەمواركردنەوەی یاسای كارتی نیشتیمانی عیراقی ژمارە 3 بۆ ساڵی 2016 یە، كە تیایدا رێكخەرانی كەمپینەكە  لە رەشنوسێكی ئامادەكراودا "چارەسەری گونجاو"یان بۆ ئەو منداڵانە دیاریكردووە کە رەچەڵەکیان نادیارە.

بەپێی رەشنوسەكە، لەحاڵەتێكی وەكو ئەوەی سەمیرە-دا دەكرێت، كچەكە بەناوی دایكی-ەوە بنرێت، لەكاتێكدا لە یاساكەدا رێگەی پێنادرێت.

پێشتر رازاو مەحمود، پارێزەر و ئەندامی كەمپینەكە، وتی "بەپێی یاسای كارتی نیشتیمانی، ئەو منداڵانەی لە كێشەی كۆمەڵایەتیی و كێشەی مەزهەبە جیاوازەكاندا لە دایكبون و باوكیان نادیارە، یان ئەوانەی لە ئەنجامی دەستدرێژی چەكدارانی داعش لە دایكبون و ئێستا باوكیان نادیارە، هیچ بەڵگەنامەیەكیان پێنادرێت، بەڵام كەمپینەكە دەیەوێت چارەسەرێك بۆ ئەوە بدۆزێتەوە لەڕێی پێشكەشكردنی رەشنوسەكەوە".

ئیبراهیم خێرۆ بەڕێوەبەری پێشوی ئەو کەمپەی ئێستا سەمیرەو کچەکەی لێی نیشتەجێن، دەڵێت "چارەسەر ئەوەیە سەمیرە هاوسەرگیرى لەگەڵ کەسێکدا بکات و ئەو کچە لەسەر ناوى ئەو پیاوە تۆماربکرێت، تائێستا شەش تا حەوت كەس هاتونەتە كەمپ و ئامادەبون هاوسەرگیری لەگەڵ سەمیرە بكەن و لە دادگا مارەی بكەن، بەڵام ئەو رازی نەبووە".

"ئێمە و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش ناتوانین ناسنامە بۆ ئەو كچە دەربهێنین، چونكە بەپێی یاسا دەبێت باوكەكە دیاربێت و یەكلاییببێتەوە كە منداڵی ئەوە، چونكە یاساكە رێنادات لەسەر دایكی تۆماربكرێت".

تێبینی: ژینا و سەمیرە ناوی راستەقینەی ئەو كچ و دایكە نین، ناوی راستەقینەیان لای (كەركوك ناو)، پارێزراوە، هەروەها ناوی ئیبراهیم خدر، بەڕێوەبەری پێشوی كەمپەكەش خوازراوە. ئەوەش لەبەر دروستنەبونی مەترسی لەسەر ژیانیان و لێكەوتەكانی لەناو كۆمەڵگەدا.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT