مۆزەخانەی فۆلكلۆری كەركوك، 10 ساڵە بنیاتنراوە و تازە بەڕوی هاوڵاتیاندا دەكرێتەوە، كە تیایدا نمایشی پیشە كۆنەكانی شار و شێوازی ژیانی هاوڵاتیان لە رابردوودا، نمایشكراوە.
لە چەند رۆژی رابردودا مۆزەخانەی فۆلكلۆری لە ناو شوێنەواری مێژویی قشڵەی كەركوك كرایەوە.
ماهر عوگلە، بەڕێوەبەری شوێنەواری كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "مۆزەخانەكە ساڵی 2012 تەواو كراوە، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا كەموكوڕییەكانی پڕدەكرایەوە، ... بۆیە نەكرایەوە".
مۆزەخانەكە دەكەوێتە نهۆمی كۆتایی باڵەخانەی قشڵەی كەركوك، لە ژورێك و چەندین خانەی بچوك پێكهاتووە، تیایدا بە پەیكەر نمایشی پیشەوەرە جیاواز و كۆنەكانی شار كراوە، لەگەڵ نیشاندانی ئەو جلوبەرگە نەتەوەییانەی پێكهاتەكانی كەركوك لە كۆندا دەیانپۆشی.
عالیە موفتی، چالاكوانی مەدەنی لە كەركوك بۆ (كەركوك ناو) باسی لە گرنگی مۆزەخانەی فۆلكلۆری كرد و وتی "چەندینجار هاوڕێینام لە شوێنەكانی دیكەوە هاتون و ویستویانە سەردانی شوێنە مێژوییەكان بكەن و زانیاری لەسەر مێژوی كەركوك بزانم، نەمزانیووە بۆ كوێیان ببەم، تەنیا قەڵا هەبووە".
لە كەركوك قەڵای مێژویی كەركوك و قشڵە و چەندین شوێنەواری دیكە هەن.
ئەمین لەیلانی، ئەندازیاری شارستانی و پسپۆڕ لە نۆژەنكردنەوەی شوێنەوار بە (كەركوك ناو)ـی وت "گرنگی بونی مۆزەخانەی فۆلكلۆری دیاریكردنی شارستانییەتی ئەو شارەیە كە لە ڕابردودا چۆن دانیشتوانەكەی ژیاون و بە چ كارێكەوە سەرقاڵ بون" بۆیە بەپێویستی زانی گرنگی زیاتری پێبدرێت.