هاوڵاتیان لە پارێزگا جیاوازەكانی عیراق، بەبێ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا دەتوانن ببنە خاوەنی بەڵگەنامەی رەسمی كارتی وەرگرتنی كوتان و بەهۆیەوە مامەڵەكانیان لە فەرمانگەكانی حكومەتدا پێ راییدەكەن، ئەوەش لەڕێی تۆڕێك كە راستەوخۆ لە ناوەندە تەندروستییەكاندا بە پارە كاردەكەن.
پەنابردن بۆ دەستخستنی كارتی كوتان، بەبێ وەرگرتنی هیچ ژەمە ڤاكسینێك، بەتایبەت ئەو هاوڵاتییانە پەنای بۆ دەبەن كە ترسیان لە خۆكوتان هەیە و حكومەت ناچاری كردون كارتی كوتان وەربگرن. ئەو هاوڵاتییانە لە هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی تێدایە.
نەسرین عەلی، كچێكی خەڵكی پارێزگای سەڵاحەدین، یەكێك بوو لەو كەسانەی رەتیكردەوە هیچ ژەمە ڤاكسینێك وەربگرێت لە ماوەكانی رابردودا و پێیوابوو "زیانی زیاترە لە سود"، بەڵام وەرگرتنی لە یەكێك لە زانكۆ عەرەبییەكان بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵا، ناچاری كرد كە بەدوای چارەسەرێكدا بگەڕێت بۆ دەستخستنی كارتی ڤاكسین، كە مەرجێكی خوێندن و رێپێدانی گەشتەكەی بوو.
ترسی نەسرین لە وەرگرتنی ڤاكسین دوای ئەوە هاتبوو كە خزمێكی لەگەڵ ئەوەی ڤاكسینی وەرگرتبوو، بەڵام دوای چەند رۆژێك بە كۆرۆنا گیانیلەدەستدابوو.
"كاتێكی زۆر كەمم لەبەردەمدا بوو، بۆ دەرهێنانی كارتی كوتان نێودەوڵەتی و دەستپێكردنی گەشتەكەم"، نەسرین زیاتر وتی "بەدوای كەسێكدا دەگەڕام لەو كێشەیە رزگارم بكات".
هاوڕێیەكی نەسرین باسی گەنجێكی بۆ دەكات كە دەتوانێت ئەو لەو كێشەیە رزگاری بكات و وتی "بەسەرە ڕم"، بانگی دەكەن. دوای دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ "سەرە ڕم" رێكدەكەون بە پارە ئەو كارە بكرێت.
بۆ ئەوە تەنیا پێویست بوو، نەسرین كارتی نیشتیمانی، یان پێناسێك بۆ "سەرە ڕم" بنێرێت و دوای چەند رۆژێكی كەم بووە خاوەنی كارتی كوتان و دواتریش كارتی ڤاكسینی نێودەوڵەتی دەرهێنا، بەڵام ئەمەی دووەمیان بەشێوەی رەسمی و پێویستی بە پارە نەبوو.
"سەرە ڕم" نازناوی یەكێكە لەو كەسانەی كە لەبەرامبەر پارەدا کارتی کوتانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان دابین دەكات، بێ ئەوەی ژەمە ڤاکسین وەربگرن. كارتەكان رەسمین و مۆر و ئیمزای بنكەیەكی تەندروستی شاری بەغدای پایتەختی عیراقی لەسەرە. لەگەڵ پڕكردنەوەی كارتەكەشدا نامەیەكی مۆبایل بەو هاوڵاتییە دەگات كە دەیەوێت كارتی ڤاكسین بەدەستبهێنێت.
لە ماوەی تەنیا مانگی رابردودا، "سەرە ڕم" كە خۆی قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد، کارتی ڤاکسینی مۆرکراوی بنکەیەکی تەندروستی بەغدای گەیاندە دەست 20 هاوڵاتی کە زۆرینەیان دانیشتووی پارێزگای کەرکوکن، هەموو کارتی ڤاکسینەکانیش تیایدا ئەوە تۆمارکراوە کە ڤاکسینی جۆری فایزەری ئەمریکییان پێدراوە.
هەركات کارتی ڤاکسینەکەت لە "سەرە ڕم"ەوە بەدەست دەگات، دەتوانیت مامەڵەکانت لە فەرمانگە حکومییەکان رایی بکەیت و رێگەت پێدەدرێت بچیتە ناو زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکان، دەشتوانی کارتی کوتانی نێودەوڵەتیش بەدەستبهێنیت.
بەپێی رێنماییەکانی ئیدارەی پارێزگای کەرکوک کە پشت بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەبەستێت پێویستە فەرمانبەران و ئەو کەسانەی سەردانی فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان دەکەن کارتی ڤاکسین یان کارتی پشکنینی هەفتانەی کۆرۆنایان هەبێت.
"سەرە ڕم"، ئەو گەنجە 32 ساڵە، نازناوەكەی بەخۆوەیەتی، سەرە ڕمی ئەو توڕەیە كە كارتی كوتانی ڤاكسین بۆ هاوڵاتییان و فەرمانبەران دەردەكەن. ئەو نایەوێت بەهیچ شێوەیەك ناوی راستەقینەی خۆی بڵێت.
"سەرە ڕم"، بۆ (كەركوك ناو)ی رونكردەوە كە كە ئەو پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ چەند كارمەندێكی ناو بنكەی پێدانی ڤاكسیندا هەیە، كە بەشێكیان راستەوخۆ داتاكان داخل دەكەن، "دوای ئەوەی ئێمە پێناسی ئەو كەسانەیان پێدەدەین، ئەوانیش لەگەڵ پڕكردنەوەی كارتی كوتانەكە، راستەوخۆ داتاكان داخلی ناو كۆمپیوتەر دەكەن و كارتی ڤاكسینەكە دەبێت بە فەرمی و كارتەكەت مۆر و ئیمزای دەكەین، هەموشیان لە وەزارەتی تەندروستییەوە لەگەڵ داخلكردنی داتاكان، نامەیەكیان لەڕێی ژمارەی مۆبایلەوە پێدەگات كە ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە".
دوای ئەوەی ئێمە پێناسی ئەو كەسانەیان پێدەدەین، ئەوانیش لەگەڵ پڕكردنەوەی كارتی كوتانەكە، راستەوخۆ داتاكان داخلی ناو كۆمپیوتەر دەكەن و كارتی ڤاكسینەكە دەبێت بە فەرمی و كارتەكەت مۆر و ئیمزای دەكەین
"ئەوەی من دەیكەم، بۆ هاوكاریكردن و كارئاسنی خەڵكە، هەندێك كات تەنانەت هیچ بڕە پارەیەكیش وەرناگرم"، سەرە رم وای وت.
دابەشكردنی پارەی دەركردنی كارتی كوتان، بەپێی رێككەوتنی ئەندامانی ناو تۆڕەكە دەبێت.
"سەرە ڕم" لە مانگەكانی كۆتایی 2021ەوە دەستی بەو كارە كردووە و لە ئێستادا تۆڕێكی فراوان لە خەڵك رۆژانە پەیوەندی پێوەدەكەن و داوای كارتی ڤاكسینی لێدەكەن.
محەمەد سەباح، یەكێك لەو كەسانەی كە لەو رێیەوە كارتی كوتانی بەدەست گەیشتووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرە ڕم تەنیا داوای كۆپییەكی پێناس و كارتی نیشتەجێبونی لێكردم، دوای چەند كاتژمێرێكی كەم دوو نامەم لەیەککاتدا پێگەیشت نوسرابوو: بەڕێز (محەمەد سەباح) ژەمە ڤاکسینەکەت پێدرا)، لایەنی نێردەر ماڵپەڕی وەزارەتی تەندروستی عیراق بوو (MOH)".
ئەوە پێگەی رەسمی وەزارەتی تەندروستی عیراقە و تایبەتە بە ناردنی نامە لەلایەن پرۆگرامی داخڵکردنی داتا و زانیارییەکانی دوای کوتان.
محەمەد رۆژێك دوای پێگەیشتنی نامەكە، كارتی ڤاكسینەكەی لەڕێی سەرە ڕم-ەوە پێگەیشت، بەڵام هێشتا دڵنیا نەبووە ئایا ئەوە تەزویرە یاخود نا.
"چەند رۆژێک دواتر كاتێك سەردانی بنکەی دەرهێنانی کارتی ڤاکسینی نێودەوڵەتیم کرد، بۆم دەرکەوت کە کارتەکە فەرمییە و وەک ئەوە وابێت بەفیعلی ژەمە ڤاکسینەکەم وەرگرتبێت".
نەسرین عەلی، لەو رۆژەوەی لەو رێگەیەوە كارتەكەی بەدەستهێناوە، دەیان كەسی تری بۆ لای سەرە ڕم ناردووە، بۆ ئەوەی كارتی ڤاكسینی بۆ دروستبكات، بەو شێوەیە سەرەڕم كە لە یەكێك لە پارێزگاكانی عیراق دەژیت، ئێستا تۆڕێكی فراوانی هەیە بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی نایانەوێت ڤاكسین وەربگرن و ناچاریشن ببنە خاوەنی كارتی كوتان.
سەرە ڕم وتی "یارمەتی زیاتر لە 50 کەسمداوە بۆ بەدەستهێنانی کارتی ڤاکسین بەخۆڕایی، دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیەش بە پارە دەرهێنراون کە سودی ماددی بۆ ئەندامانی تۆڕەکە هەبووە".
نرخی کارتی ڤاکسین گەیشتە 200 دۆلار
جاسب حیجامی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرخ لەشاری بەغدا، لە 17ی تەمموزی ساڵی رابردوو، لە پەیجی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، بڵاویكردەوە "لە رۆژەکانی سەرەتای دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتان بۆ خۆپارستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پرۆسەی تەزویر و بەرتیل پێدان هەبووە بۆ بەدەستهێنانی کارتی کوتان بێ ئەوەی کەسەکە ژەمە ڤاکسینی وەرگرتبێت".
وتیشی، "ئێستا نرخی کارتی كوتان بەبێ وەرگرتنی ڤاكسین، دەگاتە 200 دۆلار"، ئەو کارەشی بە "نەشیاو" وەسفکرد و وتی "وەک ئەوە وایە پارە بە بکوژێکی بەکرێگیراو بدەیت تا بتکوژێت".
دەشپرسێت، "ئاخۆ چۆن لەبەردەم خودا دەوەستیت ئەگەر بەو نەخۆشییە گیانلەدەستبدەیت، لەکاتێکدا خۆت پارە و بەرتیلت داوە تا بمریت؟ ئەو کەسەشی بەرتیلەکە وەردەگرێت بکوژێکی بەکرێگیراوە و تاوانی کوشتنەکەی لەئۆباڵدایە".
ئاخۆ چۆن لەبەردەم خودا دەوەستیت ئەگەر بەو نەخۆشییە گیانلەدەستبدەیت، لەکاتێکدا خۆت پارە و بەرتیلت داوە تا بمریت؟
بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرخ وتیشی "ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ چەند کارمەندێکی فەرمانگەی تەندروستی کەرخ دەکرێت کە هاریکاری ئەو کەسانەیان کردوە لە دەرکردنی کارتی ڤاکسین".
لە مانگی کانونی یەکەمی 2021، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای کەرکوک رایگەیاند كە باندێک دەستگیرکراون بە تۆمەتی تەزویرکردن و فرۆشتنی کارتی ڤاکسین.
لەو بارەیەوە وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، رائید عامر نوری بە (كەركوك ناو)ی وت "هێزەکانی بەگژداچونەوەی تاوان لە کەرکوک لەبۆسەیەکدا باندێکیان دەستگیرکرد کە تێوەگلاون لە تەزویرکردن و فرۆشتنی کارتی ڤاکسینی کۆڤید-19 لەبەردەم باڵەخانەی بەڕێوەبەرێتی رەگەزنامە و پاسپۆرتی پارێزگای کەرکوک...."
وتیشی ئەو کەسانە بەپێی هەردوو ماددەی 298 و 289ی یاسای سزادانی عیراقی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
بەپێی ماددەی 289ی یاسای سزادانی، "هەر کەسێک بەڵگەنامەیکی فەرمی تەزویر کردبێت سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت".
سەرەتای ئەمساڵیش، باندێکی تری تەزویرکردنی کارتی کوتان لەپارێزگای دیالە دەستگیرکران. بەپێی بەیاننامەیەکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە 16ی کانونی دووەمی 2022، دوانزە کەس دەستگیرکراون بەتۆمەتی فرۆشتنی کارتی ڤاکسین.
بەیاننامەکە ئاماژەشی بەوە داوە کە "پێنج کەس لەو تۆمەتبارانە فەرمانبەرن لەچەند فەرمانگەیەکی پەیوەندیدار".
کارمەندێکی فەرمانگەی تەندروستی رەسافە کە بەرپرسە لەتۆمارکردنی داتا و زانیارییەکان پاش وەرگرتنی ڤاکسین بە (کەرکوک ناو)ی وت، "رێوشوێنەکانی وەزارەت و فەرمانگەی تەندروستی و کارگێڕی کەرتە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستییەکان، کاریگەرییان نەبووە بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی فرۆشتنی کارتی ڤاکسین، بەشێک لەو کارتانە فەرمین و بەشێکیشیان ساختەن".
وتیشی، "هەرچەندە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوەوە چەندین نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی داخران کە بنکەی کوتان دژی کۆرۆنایان تیابوو، کەچی ئێستاش هەندێك کەس سەردانمان دەکەن بۆ داخڵکردنی داتای وەرگرتنی ڤاکسین کە دوو مانگ دوای ئەو بەروارە دراوە، ئێمەش داوای کیتابی راستاندن دەکەین، کاتێک ئەو کەسەش دەزانێت کە دوچاری لێپرسینەوە دەبێت دەڕوات و ناگەڕێتەوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو جۆرە کارتە مۆرکراوانە لە دەرەوەی بنکەکانیش بەربڵاون".
سەبارەت بەوەی ئاخۆ کارتی ڤاکسین لە بنکەکانی کوتان دەفرۆشرێن، ئەو کارمەندە وتی، "لەوانەیە لەویش بفرۆشرێت، بەڵام کەس نازانێت چۆن و کێ بەرپرسیارە، بەڵام لە بنکەکەی ئێمەدا سستمێکی ئاڵۆز پەیڕەو دەکرێت و ئەستەمە بتوانرێت کارتی ڤاکسێن بەدەر لەیاسا و رێساکان دەربکرێت و کارمەندەکانیش رێوشوێنەکان بەتوندی جێبەجێ دەکەن".
(کەرکوک ناو) زۆر هەوڵی دا بگاتە ئەو کەسانەی "سەرە ڕم" پشتی پێیاندەبەستێت بۆ بەدەستهێنانی کارتەکان، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بون، چونکە وتی، "ئەگەر پێداگری لەسەر ئەوە بکەن بەهیچ شێوەیەک قسەتان بۆ ناکەم لەسەر ئەم بابەتە"، وتیشی "من تەنیا دەمەوێت یارمەتی خەڵک بدەم".
هەندێكجار سستمی نامە ناردن كە تیایدا دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان لە وەرگرتنی ڤاكسین، بەهۆی گرفتی تەکنیکی لەکارکردن دەوەستێت بەشێوەیەکی کاتیی، بۆیە کاروان حسێن، لە نەتەوەی کوردە، رەتیکردەوە تا نامەكەی پێدەگات کارتی ڤاکسینەکە لە سەرە ڕم وەربگرێت، چونکە بەبڕوای ئەوە کارتەکە لەوانەیە تەزویر بێت و روبەڕوی لێپێچینەوە بێتەوە.
بەڵام كاروان لەكاتێكی درەنگتردا نامەكەی بەدەستگەیشت و كارتەكەی وەرگرت.
كاروان خەڵكی پارێزگای كەركوكە، وتی "من دەبوو كارتی كوتان بەدەستبهێنم، بۆ راییكردنی كارەكانم لە فەرمانگەكانی حكومەتدا، بەڵام ئامادەنەبوم خۆم بكوتم، چونكە متمانەم بە حكومەتی خۆجێی كەركوك نییە، لەوەی بتوانن ڤاكسینەكە لە بەسەرچون بپارێزن".
وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەکانی سەر بەو وەزارەتە لە پارێزگاکان لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن و بەهەماهەنگی لەگەل رێکخراوی تەندروستی جیهانی چەندین هەڵمەتی وشیارکردنەوەیان رێکخستوە لەبارەی گرنکی کوتان و بەگژداچونەوەی دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست.
لە 26ی تشرینی دووەمی 2021دا خوێندكارێكی قەزای داقوق دوای وەرگرتنی ڤاكسینی جۆری فایزەر گیانیلەدەستدا و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وابڵاوكرایەوە كە بەهۆی كاریگەری ڤاكسینەكەوەیە.
دوای رۆژێک لەو روداوە و لە (27ی تشرینی دووەمی 2021)، نەبیل حەمدی بوشناق، بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک وتی "ئەو خوێندكارە مستەفا عەدنان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و بەرێژەی لەسەدا 50 زیان بە سییەکانی گەیشتووە".
جەختیشیکردەوە "ڤاکسین دوچاری نەخۆشیت ناکات"، ئاماژەشی بەوەدا کە "وا دیارە ئەو خوێندكارە لەکاتی دەوامدا تایەکی زۆری هەبووە و بە کەسوکارەکەی نەوتووە، بۆیە ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکەی وەرگرتووە".
"سەرە ڕم" لەکۆتایی قسەکانیدا بە (کەرکوک ناو)ی وت، "ئامۆژگاریت دەکەم سەردانی بازاڕی مرێدی بکەیت تا بەچاوی خۆت بیبینیت، بۆچی دەزگاکانی دەوڵەت دیاردەی تەزویرکردن و فرۆشتنی كارتی ڤاکسین لە دەرەوەی بنکەکانی کوتان بنبڕ ناکەن؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە پێویستە وەڵام بدرێتەوە.
تێبینی: ناو تەواوی ئەوانەی لەم راپۆرتەدا هاتووە لەسەر داوای خۆیان و داوای سەرە ڕم خوازراون