یانەی وەرزشی خانەقین بۆ تۆپی پێ، دوو بژاردە تاوتوێ دەكات، یان بەشدارپێكردنیانە لە خولی پلە نایابی كوردستان، یان كشانەوە لە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان، بەو هۆیەوە هەفتەیەكە تەواوی چالاكییە وەرزشییەكانیان راگرتووە.
لە 14ی ئاداری ئەمساڵ، لە یارییەكی یەكلاییكەرەوەدا لە نێوان هەردوو یانەی وەرزشی خانەقین و چوارقوڕنە لە خولی پلەیەكی كوردستان بەڕێوەچوو، یانەی چوارقوڕنە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك پێشكەوت، بەڵام لە خولەكی 80ی یارییەكەدا تەواوی یاریزانانی خانەقین یاریگایان بەجێهێشت و نەگەڕانەوە، ئەویش بەهۆی توندوتیژی هاندەرانی یانەی چوارقوڕنە كە بووەهۆی برینداربونی دوو یاریزانی یانەی خانەقین.
ئەو یارییە كە لە یاریگەی چوارقوڕنە بەڕێوەچوو، خانەقین بە سەركەوتن و یەكسان بون، دەگەیشتە خولی پلە نابابی كوردستان و لە گێمی یەكەمیشدا بە گۆڵێكی بێبەرامبەر لە پێش بوو، بەڵام یانەی چوارقوڕنە تەنیا بە بردنەوە سەردەكەوت و لە گێمی دووەمدا دوو گۆڵیان تۆماركرد.
حسێن شێرزاد، سەرۆکی یانەی خانەقین بە (کەرکوک ناو)ی وت "لە 31ی ئادارەوە تەواوی چالاكییە وەرزشییەكانمان راگرتووە، چونكە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بڕیاریداوە ئەنجامی یارییەكە پەسەندبكات و یانەی چوارقوڕنە سەربكەوێت بۆ خولی پلە نایاب".
بەپێی یاسای یەكێتی تۆپی پێی كوردستان، لەچ خولەكێكدا یارییەكان بەهەر هۆكارێك رابگیرێن، لەو خولەكەوە یارییەكە دەستپێدەكاتەوە، بەڵام یانەی خانەقین داوایانكرد، یارییەكە لە سەرەتاوە دەستپێبكاتەوە.
حسێن شێرزاد، وتی "ئێستا دەمانەوێت ئەنجامی یارییەكە لە بەرژەوەندی ئێمە یەكلاییبكرێتەوە و ئێمە بۆ خولی پلە نایاب سەربكەوین، چونكە هاندەرانی چوارقوڕنە توندوتیژی زۆریان بەرامبەر بە یاریزانان و دەستەی كارگێڕی ئەنجامدا... پاساوی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان گوایە ئێمە لە یاریگا هەڵهاتوین لاوازە، دڵنیاتان دەكەینەوە ئەگەر لە بەرژەوەندی ئێمە بڕیارنەدرێت ئەوە بڕیارێكی ترمان دەبێت".
دەمانەوێت ئەنجامی یارییەكە لە بەرژەوەندی ئێمە یەكلاییبكرێتەوە و ئێمە بۆ خولی پلە نایاب سەربكەوین
یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان لە 30ی ئادار لەسەر سكاڵای یانەی خانەقین دژی ئەو یارییە و لە دووەم دانیشتنیدا بڕیاریدا یانەی چوارقوڕنە سزابدات بەوەی لە وەرزی داهاتودا هیچ یارییەك لە یاریگەی خۆی ئەنجام نەدات، بەڵام لەگەڵئەوەشدا ئەنجامی یارییەكەی دوو بە یەك لە بەرژەوەندی ئەو یانەیە پەسەند كرد و بەوەش چوارقوڕنە گەیشتە پلە نایابی كوردستان و خانەقین لە پلەیەك مایەوە.
هادى کەریم ئەحمەد، جێگرى سەرۆکى یەكێتی تۆپی پێی کوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیاری یاسایی ئێمە ئەوە بوو كە ئەو 10 خولەكەی یارییەكە تەواوبكرێت، ئەوەش بەپێی یاسای یەكێتییەكەمان، بەڵام خانەقین ئەوەی رەتكردەوە و داوای دوبارەكردنەوەی یارییەكەیان كرد".
وتیشی "ئێستا كە بڕیارمانداوە چوارقوڕنە بچێتە نایاب بڕیارێكی لە خۆوەنەبووە و پشت بە یاسای یەكێتییەكەمان دەبەستێت".
لەبارەی هەڕەشەكانی یانەی خانەقین و راگرتنی چالاكییەكانیان، وتی "ئەوە هیچ لە بڕیاری ئێمە ناگۆڕێت".
وتیشی "یانەی چوارقوڕنە سزای خۆی وەرگرتووە لەبەرامبەر ئاژاوەی هاندەرەكانی، ئەویش بە یارینەكردنی لە یاریگاكەی لە وەرزی داهاتوو".
جێگرى سەرۆکى یەكێتی تۆپی پێی کوردستان، جەختیشیكردەوە كە كشانەوەی یانەی خانەقین لە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان، "هیچ زیانێكی نابێت بۆ یەكێتییەكەمان، بەڵام بڕیاری لەو شێوەیەمان پێناخۆشە و هیوادارین ئەو بڕیارە نەدەن".
كشانەوەی یانەی خانەقین لە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان، هیچ زیانێكی نابێت بۆ یەكێتییەكەمان، بەڵام بڕیاری لەو شێوەیەمان پێناخۆشە
یانەی خانەقین لە ساڵی 2006 لەكاتێكدا بە یەك بردنەوەی تر سەردەكەوت بۆ خولی پلە نایابی عیراق، بەڵام لە خولەكانی عیراق كشانەوە و هاتنە سەر خولەكانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان. ئەوەش بە پاساوی ئەوەی "شارەكە كوردییە و لە خولێكی كوردیدا یاریی دەكەن"، هەرچی یانەی چوارقوڕنەیە یەكێكە لە یانە وەرزشییە دەركەوتووەكان لە چەند ساڵی رابردودا. سێ ساڵ لەمەوبەر لە خولی پلە سێی كوردستان یارییان دەكرد و ئەمساڵ دوای بردنەوەیان لە خانەقین گەیشتنە پلە نایاب.
لە یاریی نێوان ئەو دوو یانەیە، 10 هەزار هاندەر لە یاریگادا ئامادەبون، ئەوەش زۆرترین ژمارەی ئامادەبونی هاندەر بوو لە خولەكانی كوردستاندا لە ئەمساڵدا، لەكاتێكدا یاریگاكە جێگەی 4000 كەس دەگرێت.
حسێن شێرزاد، سەرۆکی یانەی خانەقین، خۆیان بە زوڵملێكراو دەزانن و وتی "دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرن كە یانەكەمان لە ناوچە جێناكۆكەكانەوە هاتووە و نابێت بەو شێوەیە رەفتارمان لەگەڵدا بكرێت".
بەڵام هادى کەریم، جێگرى سەرۆکى یەكێتی تۆپی پێی کوردستان وتی "دوو وەرزە خانەقین لە خولی پلە یەك هاوكاریمان كردون بۆ ئەوەی لەم خولە بمێننەوە، چونكە خانەقین قەزایەكی كوردییە و وەكو یانەی خۆمان وایە".
"سەركەوتن بۆ پلە نایاب بەزۆر نییە، یاریكردن یاسای خۆی هەیە و دەبێت یانەی خانەقین ئەو راستییە بزانن"، هادی كەریم وایوت.