لە تەواوی كەركوك و قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، 250 كەس بەهۆی كاریگەریی خۆڵبارینەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، پێنج كەس-یش گیانیانلەدەستدا.
لە بەرەبەیانی پێنجشەممە 7ی نیسانەوە شەپۆلێكی خۆڵبارین تەواوی پارێزگاكانی عیراقی گرتۆتەوە و تا ئەمڕۆ هەینی كاریگەرییەكانی بەردەوامن و بەهۆیەوە دەیان كەس گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكان.
فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، بەیانی ئەمڕۆ هەینی 8ی نیسان، بڵاویكردەوە كە 123 كەس گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكان و چارەسەریان وەرگرتووە، كە زۆرترینیان رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی كەركوك كراون كە 58 حاڵەت بووە.
هاوكات سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی تەندروستی دوزخورماتوو، جەختیكردەوە "تا کاتژمێر 11ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 127 كەس رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی قەزاكە كراون و پێنج كەس گیانیانلەدەستداوە".
سەرچاوەكە لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە، ئامادەنەبوو ناوی ئاشكرابكات، وتی "پێنج كەس لەو 127 نەخۆشە بەهۆی كاریگەریی خۆڵبارینەوە گیانیانلەدەستداوە، چوار لەو كەسانەش نەخۆشی درێژخایەنیان هەبووە، لەوانەش رەبۆ و نەخۆشییەكانی دڵ، تەمەنیشیان گەورە بووە".
ئەو پێنج كەسەی گیانیانلەدەستداوە چواریان لە سەروی 60 ساڵانەوەن و تەنیا یەك كەسیان تەمەنی 43 ساڵە و لەهەرسێ نەتەوەكەی شارەكەن، عەرەب، كورد و توركمان.
وتیشی "23 كەس تەندروستییەكان ناجێگیر بووە كە هێنراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج نەخۆش لە نەخۆشخانە هێڵدراونەتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست".
فەرمانگە تەندروستییەكان داوا لە هاوڵاتیان دەكەن تا تەواوبونی خۆڵبارین هاتوچۆ كەمبكەنەوە و لە ماڵەكانیان بمێننەوە، لەگەڵ بەكارهێنانی دەمامك كە هاوكارییان دەكات لە كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی خۆڵبارینەكە، كە بەپێی كەشناسی عیراق لە هەندێك پارێزگا كاریگەرییەكانی ئەم شەپۆلی خۆڵبارینە تا سبەی شەممە 9ی نیسان لە هەندێك پارێزگا بەردەوامدەبێت.