چیرۆكی رفاندنی پێنج شوان و دەستبەسەراگرتنی 400 مەڕ
دوزخورماتوو؛ چوار لە شوانەكان ئازادبون و یەكێكیان چارەنوسی نادیارە

كەركوك/ حوزەیرانی 2021/ رێگای نێوان گوندەكانی سەر بە ناحیەی ریاز لە قەزای حەویجە. فۆتۆ: كەركوك ناو

لەیلا ئەحمەد

دوو چەكدار بە ماتۆڕسكیلەوە پێنج شوان لە گوندی یەنگیجە سەر بە قەزای دوزخورماتوو دەستگیردەكەن و دەستبەسەر 400 سەر مەڕدا دەگرن. دواتر یەكێك لە شوانەكان لە دەستیان هەڵدێت و سیانی تریشیان بەچاو بەستراوی لە شوێنێكی چۆڵدا بەجێدەهێڵدرێن، بەڵام تائێستا چارەنوسی یەكێكیان دیار نییە.

ئەو روداوە پێنجشەممە 7ی نیسان لە گوندی یەنگیجە لە خۆرئاوای قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین رویداوە.

یەكێك لە شوانەكان، كە بە چاو و دەستبەستراوی لە شوێنێكی چۆڵدا بەجێهێڵدراوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر 8ی بەیانی بوو، هەر پێنجمان سەرقاڵی لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانمان بوین و پێكەوە بوین، دوو چەكدار كە ماتۆڕسكیلێكیان پێ بوو، میلی تفەنگیان هێنایەوە، خۆیان وەكو چەكداری داعش ناساند و داوایان لێكردین خۆمان بەدەستەوە بدەین".

دوو چەكدار كە ماتۆڕسكیلێكیان پێ بوو، میلی تفەنگیان هێنایەوە، خۆیان وەكو چەكداری داعش ناساند و داوایان لێكردین خۆمان بەدەستەوە بدەین

وتیشی "چەكدارەكان دەموچاویان پێچابوو، تەنیا هەردوو چاویان دیاربوو، دەستبەسەریان كردین، هەروەها دەستیان بەسەر ئاژەڵەكانیشدا گرت".

ئاماژەی بەوەشدا، كە یەكێك لە پێنج شوانەكە هەر ئەوكات فرسەتی هێناوە و لە دەستیان هەڵهاتووە.

"ئێمە كە چوار شوان لەدەستی چەكدارەكان ماینەوە، چاو و دەستمان بەسترایەوە و هەر بەپێ نزیكەی سێ كاتژمێر بەرەو شوێنێكی نادیار و چۆڵ بردراین كە نەماندەزانی كوێیە"، شوانەكە جەختیكردەوە "دواتر سیانمان هەر بە چاو و دەستبەستراوی لە شوێنێكی چۆڵدا بە جێهێڵدراین، تا  لەلایەن كەسوكارمانەوە دۆزراینەوە، بەڵام تائێستا چارەنوسی یەكێك لە شوانەكان دیار نییە كە لە گەڵ خۆیاندا بردیان".

ئەو شوانانە دەڵێن "ئەوانە چەكداری داعش بون"، ئەوەش هەمان بۆچونی بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی یەنگیجەیە.

عەدنان نعێم ئەحمەد، بەڕێوەبەرى بنکەى پۆلیسی یەنگیجە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو سێ شوانەی ئازادكراون لەبەرامبەر پارەدا نەبووە، پێمانوایە ئەمە كاری چەكدارانی داعشە... بەڵام نازانین مەبەستیان چی بووە لەو كارەدا و لە لێكۆڵینەوەی زیاترداین". وتیشی "چارەنوسی یەكێك لە شوانەكانیش هێشتا دیار نییە".

هەر پێنج شوانەكە لە نەتەوەی عەرەبن.

وتیشی "درەنگانێكی ئێوارە توانیویانە 400 سەر مەڕ و ماڵاتی شوانەكان بگێڕنەوە بۆ خاونەكانیان كە لەناوچەیەكی چۆڵدا لەلایەن ئەو چەكدارانەی داعشەوە بەجێهێڵدرابون".

ئەو چوار شوانەی رزگاریان بووە، لە بنكەی پۆلیسی یەنگیجە سكاڵایان تۆماركردووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT