"بازاڕی سەرەكی ناوەندی قەزای تەلەعفەر لە 2004ـەوە تائێستا چۆڵكراوە، چونكە بەردەوام لەلایەن گروپە تیرۆریستییەكانی قاعیدە و داعشەوە كراوەتە ئامانج، لەكاتێكدا وەك سییەكانی ئابوری شارەكە و تەواوی خۆرئاوای نەینەوا هەژمار دەكرێت، جگە لە خەڵكی تەلەعفەر، هاوڵاتیان لە ناوچەكانی شنگال، بەعاج، عەیازییە، رەبیعە و گوندەكانی دەوروبەرەوە سەردانیان دەكرد" تاریق ئەحمەد، دانیشتوی تەلەعفەر وادەڵێت.
ئەحمەد بە (كەركوك ناو)ـی وت "ژیاندنەوەی ئەم بازاڕە رۆڵی لە بوژاندنەوەی جوڵەی ئابوری و بازرگانی لە شارەكەدا هەیە، هەلیكار بۆ سەدان گەنجی بێكار دەڕەخسێنێت".
قەزای تەلەعفەر كە دانیشتوانەكەی 524 هەزار كەسن، لە ناوەندی قەزاكە و سێ ناحیە پێكهاتون، لە ناوەندی شار هەموی توركمان و لە ناوچەكانی دیكەش عەرەب و كورد هەن.
"وەك خاوەن دوكانەكانی بازاڕی سەرەكی تەلەعفەر زۆر حەز دەكەین بگەڕێینەوە بۆ دوكانمان و وەك سەرچاوەی بژێوی كاسبی تیادا بكەین، بەڵام دوكانەكان روبەڕوی وێرانكاری بونەتەوە و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە" بەوتەی مەحمود ساڵح، دوكانداری بازاڕی سەرەكی تەلەعفەر بۆ (كەركوك ناو).
هەروەها دەڵێت ئەو بازاڕە دەكەوێتە ناوەندی شار و چەندین دوكانی فرۆشتنی ماددە خۆراكییەكان، نوسینگەی چاپ و كۆپی، وێنەگر، نوسینگەكانی گواستنەوە، پێشانگەی كەلوپەلی یەدەگی ئۆتۆمبێل، چێشتخانە و قاوەخانەی میللی تیایدا بوو.
ساڵح (45 ساڵ) داوا لە حكومەت دەكات قەرەبوی دوكاندارانی ئەو بازاڕە بكاتەوە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش "دەستی هاوكاریمان بۆ درێژ بكەن و لە كردنەوەی دوكانەكانماندا پاڵپشتیمان بكەن".
پهرلهمانی عیراق، تهلهعفهری وهك شارێكی وێران ناساندووه بەهۆی شەڕی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش"ـەوە، كە جگە لە زیانی ماددی، دەیان هاوڵاتی قەزاكە كوژراون، هەزار و 300 كەسیش كە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن، چارەنوسیان نادیارە لە دوای رفاندنیانەوە لەلایەن داعشەوە، پێشتریش و لە سەردەمی رێكخراوی قاعیدە، ساڵانی 2004 بۆ 2010، قەزاكە روبەڕوی چەندین كردەوەی توندوتیژی و تەقینەوە بۆتەوە.
"دوبارە گەڕانەوەی جوڵەی بازرگانی بۆ بازاڕی گەورەی تەلەعفەر رۆڵی لە پتەوكردنی پێكەوەژیان و بنیاتنانی ئاشتی لە نێوان پێكهاتەكاندا دەبێت، جگە لە لایەنی ئابوری، چونكە ئەو بازاڕە خەڵكی ئێزیدی، عەرەب و كورد و توركمانی شارەكە سەردانیان دەكرد، تەنانەت لە بازاڕەكەدا بەش و دوكان بەناوی بازاڕی ئێزیدییەكان و بازاڕی عەرەب هەبوو" عامر عەبدوڵا، چالاكوانی مەدەنی لە تەلەعفەر وای وت.
عەبدوڵا بۆ (كەركوك ناو)ـی رونكردەوە كە ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییانەی كار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی و بەهێزكردنی پایەكانی ئاشتی دەكەن دەتوانن لەو بازاڕەدا وەبەرهێنان بكەن و بەوەش هەردوو ئامانجی مرۆیی و ئابوری لە یەككاتدا بەدیدەهێنن.
تەلەعفەر (69كم باكوری خۆرئاوای موسڵ)، لە حوزەیرانی 2014ـدا كەوتە دەستی داعش و بەهۆیەوە دەوروبەری 225 هەزار كەس ئاوارەبون و نزیكەی سەدا 60ـیان گەڕاونەتەوە، لە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكە لە ئابی 2017ـدا.
سەرچاوەی ئەمنی بەرپرس لە تەلەعفەر بۆ (كەركوك ناو) ئاشكرایكرد "بارودۆخی ئەمنی شارەكە سەقامگیری گەورەی بەخۆیەوە بینیووە و هیچ تەحەدییەك نییە لەبەردەم بوژاندنەوەی بازرگانی لە بازاڕی سەرەكی تەلەعفەر"، ئەوەشی خستەڕو هێزە ئەمنییەكان ئێستا لەو بازاڕەدا بڵاوەیانپێكراوە و ئامادەن بۆ بەهێزكردن و توندكردنەوەی رێكارەكان لە پێناو پاراستنی ژیانی هاوڵاتیاندا ئەگەر بۆ دوكانەكانیان گەڕانەوە.
"رێكخراوە تیرۆریستییەكان بەردەوام هاوڵاتیانی مەدەنییان لەم بازاڕەدا كردۆتە ئامانج و دەیان شەهید و برینداری لێكەوتۆتەوە" سەرچاوەكە باسی روداوێكی 25ـی كانونی یەكەمی 2018 دەكات كە بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە بازاڕەكەدا، دوو مەدەنی كوژران و 12 كەسی دیكە بریندار بون، سەرباری زیانی دارایی بە دوكان و ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە نزیكی بازاڕەكە بون.