بانكی ناوەندی عیراق بۆ كەركوك دەگەڕێتەوە

كەركوك/ 9ـی ئاداری 2022/ بەقاڵێكی فرۆشتنی سەوزە و میوە لە عەلوەی خان خورما كاردەكات. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

بانكی ناوەندی عیراق، داوا لە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە كەركوك دەكات، داواكاریی پێشكەش بكەن بۆ سەرلەنوێ مامەڵەكردن لەگەڵ بانكەكەیان. ئەوەش دوای هەشت ساڵ دێت لە راگرتنی هەموو جۆرە مامەڵەیەكیان لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە.

بانكی ناوەندی لە 13ی نیسانی ئەمساڵ، داوای لە كۆمپانیاكانی بواری دراو لە كەركوك كردووە، داواكاریی پێشکەش بکەن بۆ سەرلەنوێ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، ئەو رەزامەندییەش دوای داواكاری بەردەوامی كۆمپانیاكان دێت بۆ ئەو مەبەستە.

لە نوسراوەکەدا بۆ كۆمپانیاكان، هاتووە كە پێویستە ئارەزومەندی خۆتان دوپاتبکەنەوە بۆ دوبارە مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ بانكی ناوندی، ئەوەش لە پرسی گۆڕینەوەی دۆلاری ئەمریکی بەزوترین کات.

نەریمان نەسرەدین، خاوەنی کۆمپانیای ئاڵوگۆری دراو لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ساڵی 2015ەوە بەشێوەیەكی بەردەوام داواکاریمان هەبووە بۆ بانكی ناوەندی، بەڵام دوای هەشت ساڵ رەزامەندییان نیشاندا، ئەوەش بەهۆی شەڕی داعش و ترسی بانكی ناوەندی لە بەئامانجگرتنی ئەو پارەیەی كە بانكەكە لەگەڵ كۆمپانیاكانی كەركوكدا مامەڵەیان پێوە دەكرد".

بانكى ناوەندی عیراق 100 دۆلار بە 146 هەزار دینار بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو دەفرۆشێت.

"لەمەودوا هەروەكو پێش شەڕی داعش، دەتوانین مامەڵە لەگەڵ بانكی ناوەندی-دا بكەین و دۆلار بەو نرخە بگاتە كەركوك كە بانكی ناوەندی دەیفرۆشێت". نەریمان وای وت.

لەمەودوا هەروەكو پێش شەڕی داعش، دەتوانین مامەڵە لەگەڵ بانكی ناوەندی-دا بكەین

لەبارەی گرنگی ئەو هەوڵە بۆ سەر ژیانی خەڵك، نەریمان وتی "بەراورد بە رابردوو جیاوازی هەزار دینار دروستدەبێت کە ئەمەش لە بەرژەوەندی خەڵک و هەموو لایەکە، چونكە بە نرخێكی كەمتر دەتوانن دۆلار بەدەستبهێنن".

وتیشی "ئێمەش هەروەكو پارێزگاكانی تری عیراق سودمەند دەبین لە بانكی ناوەندی، چیتر پێویست ناكات بۆ دەستخستنی دۆلار پەنا بۆ پارێزگاكانی تر ببەین و خەرجی زیاتر بدەین، چونكە دواجار ئەو خەرجییە لەسەر ئێمە و هاوڵاتیان دەكەوت".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT