كەسوكاری قوتابییەك لە شاری كەركوك، بە چەك و بەرد هێرشدەكەنە سەر مامۆستایەكی سەرەتایی، بەهۆی ناوبژیوانیكردنی لە شەڕی دوو قوتابییدا، ئەوەش بەوتەی سێ سەرچاوە بۆ (كەركوك ناو).
ئەو مامۆستایە لە قوتابخانەی كەواكب-ـی سەرەتاییە، دوێنێ شەممە 16ـی نیسانی 2022، لەكاتی گەڕانەوەدا بۆ ماڵەوە ئاگاداری شەڕی دوو قوتابی بووە و ناوبژیوانی كردووە.
"ناوبژیوانیم كرد و بە هۆشدارییەوە بە قوتابییەكانم وت ئەگەر كۆتایی بەو شەڕە نەهێنن ئەوا هەردوكتان لە قوتابخانە فەسڵ دەكرێن" بەوتەی ئەحمەد شاكر مەحمود (30 ساڵ)، ئەو مامۆستایەی ناوبژیوانی كردووە و هێرشیكراوەتەسەر.
ئەحمەد كە چوار ساڵە لەو قوتابخانەیە مامۆستای وانەبێژە بە (كەركوك ناو)ـی وت "دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ئەو دوو قوتابییە گەڕانەوە ماڵەوە، پاش چەند خولەكێك لە دەرگای ماڵەكەم درا، بینیم باوكی یەكێك لەو دوو قوتابییە و دەستم درێژ كرد تا تەوقە بكەین، وامزانی بۆ دەستخۆشی هاتووە تا شەڕەكە گەورەتر نەبێت، بەڵام بۆكسێكی لێدام و منیش بەرگریم لە خۆم كرد".
"ئەوان سێ بۆ چوار كەس بون، یەكێكیان تەقەی كرد و باوكی بە كوڕە قوتابییەكەی وت بڕۆ بەردبارانی بكە بۆ ئەوەی لە بەردەمتدا چاوترسێن بێت" مامۆستا ئەحمەد وادەڵێت.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كامێرای چاودێری دەردەكەوێت ژمارەیەك هاوڵاتی هێرشدەكەنە سەر ئەو مامۆستایە لە بەردەم دەرگای ماڵەكەی لە گەڕەكی ئەسراو مەفقودین-ـی شاری كەركوك.
ڤیدیۆ: ساتی هێرشكردنە سەر مامۆستاكە لە كامێرای چاودێرییەوە دەردەكەوێت
(كەركوك ناو) نەیتوانی كەسوكاری ئەو قوتابییە وەربگرێت.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە (كەركوك ناو)ـی وت "كەسوكاری ئەو قوتابییە بە چەكەوە هێرشیانكردۆتە سەر مامۆستاكە و لێیانداوە، تەقەیان بەسەردا كردووە و بەردبارانیان كردووە، بۆیە مامۆستاكە لە بنكەی پۆلیسی دۆمیز سكاڵای تۆماركردووە".
ئەو مامۆستایە ئەمڕۆ سەردانی دادگای كەركوكی كرد بۆ ئەوەی وتەی لێوەربگیرێت.
مامۆستا ئەحمەد وتی "دەمەوێت دۆسیەكە بە یاسا چارەسەر بكرێت هەرچەندە كەسوكاری ئەو قوتابییە پەیوەندییان پێوەكردم و پێشنیازیان كرد بە سوڵحی عەشایەری چارەسەری بكەین"، هەروەها دەڵێت تائێستا (پێشنیوەڕۆی یەكشەممە) هیچ لایەنێك پەیوەندی پێوەنەكردووە و لە دۆسیەكەی نەپرسیووە، "ئێوەش یەكەم دەزگای میدیایی بون بەدەم دۆسیەكەوە هاتن و دەتانەوێت دەنگم بگەیەنن".
بەپێی ماددەی 4 لە یاسای پاراستنی مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی ژمارە 8ـی ساڵی 2018؛ سزای یەك ساڵ تا چوار زیندانی و غەرامە دانراوە بۆ هەر كەسێك هێرشبكاتە سەر مامۆستا و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی.
سەرچاوەیەك لە پەروەردەی كەركوك كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەمڕۆ پەیوەندی بەو مامۆستایەوە كراوە و لە دادگا بوو، بڕیاروایە سەردانی بەشی یاسایی پەروەردە بكات تا وتەی وەربگیرێت و دۆسیەكەی بۆ وەزارەتی پەروەردە بەرزبكرێتەوە".