دوو مەدەنی برینداربون
لە شنگال شەڕ لە نێوان سوپای عیراق و ئاسایشی ئێزیدخان رویدا

شنگال/ ئازاری 2021/‌ بازگه‌ی جیدالێی سنوری ناحیه‌ی گرعوێز، دوای بارگرژیی له‌ نێوان هێزه‌كانی سوپا و لایه‌نگرانی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عەمار عەزیز

شەڕ لە نێوان سوپای عیراق و ئاسایشی ئێزیدخان رویدا و بەهۆیەوە دوو مەدەنی برینداربون، باس لە برینداربونی لانیكەم سەربازێكی سوپای عیراقیش دەكرێت.

شەڕەكە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 18ی نیسان، لە دەروازەی دووگرێ سەر بە ناحیەی سنونێ لە قەزای شنگال رویداوە، ئەوەش دوای ئەوە هاتووە كە سوپای عیراق نزیكبونەتەوە لە خاڵێكی سەربازی ئاسایشی ئێزیدخان و بەپێی دوو سەرچاوە ویستویانە "خاڵە سەربازییەكەیان رادەستبكرێت".

خودێدا چوکى، بەڕێوەبەرى ناحیەى سنونێ بە (کەرکوک ناو)ی وت "سوپای عیراق ویستویانە ئەو خاڵە سەربازییەیان رادەستبكرێت كە لەژێر دەستی ئاسایشی ئێزیدخاندایە لە دەروازە دووگرێ، بەڵام ئاسایشی ئێزیدخان ئەوەیان قبوڵنەكردووە و روبەڕوبونەوە رویداوە".

سوپای عیراق ویستویانە ئەو خاڵە سەربازییەیان رادەستبكرێت كە لەژێر دەستی ئاسایشی ئێزیدخاندایە

ئاسایشی ئێزیدخان، ژماره‌یان زیاتر له‌ هه‌زار چه‌كداری ئێزیدی ده‌بێت، سه‌ر به‌ یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)ـن و فەرمان لە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال وەردەگرن، كە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن.

هاوكات خودێدا ئەلیاس، سەرۆکى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری لە ناحیەی سنونێ، بە (كەركوك ناو)ی وت "سوپاى عیراق سورە لەسەر ئەوەى ئاسایشى ئێزدیخان لە شنگال و دەوروبەرى دەربکات و تەواوى خاڵەکانى خۆى رادەستى سوپا بکات، شەڕەكەی ئەمڕۆش هەر لەو چوارچێوەیدا بووە، ئەمەش جێگەی قبوڵكردن نییە".

وتیشی "ئەمڕۆ دووشەممە هاتونەتە سەر خاڵێکى ئاسایشى ئێزدیخان و داوایانکردووە خاڵەکە رادەستى ئەوان بکەن، بەڵام ئاسایشى ئێزدیخان ئەوەیان قبوڵنەكردووە، دواى شەڕە قسە سوپاى عیراق دەستى بە تەقەکردن کردووە، هەڤاڵانى ئێمەش بەرگرییان لە خۆیان كردووە و شەڕ كاتژمێرێك بەردەوام بووە".

supa-6-2
نەینەوا/ كانونی یەكەمی 2021/ هێزێكی سوپای عیراق لە قەزای شنگال فۆتۆ: راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا

لەو شەڕەدا بەپێی وتەی خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ، دوو مەدەنی برینداربون و گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، لەگەڵ برینداربونی سەربازێكی سوپای عیراق.

بەڵام خودێدا ئەلیاس، سەرۆکى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری لە ناحیەی سنونێ، وتی "سێ سەربازی سوپای عیراق برینداربون، بەڵام نازانین لە ئاسایشی ئێزیدخان بریندار هەیە یاخود نا".

خودێدا چوكی، وتی "یەكێك لە مەدەنییەكان تەمەنی 10 ساڵ دەبێت، لە نەخۆشخانەی سنونێ سەردانم كردن، دۆخی تەندروستییان جێگیرە".

بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو) لەو شەڕەدا چەكی كڵاشینكۆف، بیكەیسی و هاوەن بەكارهاتووە.

هەرچەندە خودێدا ئەلیاس، وتی "تا ئەم خولەکە كاتژمێر (7:45) شەڕ رانەگیراوە"، بەڵام خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ جەختیكردەوە "شەڕ راگیراوە... هەموو کەسێک دڵنیا دەکەینەوە کە دۆخى ئەمنى لەژێر چاودێرى هێزە ئەمنییەکاندایە".

(كەركوك ناو)، نەیتوانی لێدوانی سوپای عیراق وەربگرێت لەسەر ئەو پرسە.

به‌پێی رێككه‌وتنی شنگال، كه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2020 هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانی قه‌زاكه‌ واژۆیانكرد؛ دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوه‌ندی شار به‌ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی و هه‌واڵگرییه‌وه‌ ده‌بێت، له‌ ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ش هێزه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی جێگیرده‌بن و هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستانیش هیچ رۆڵێكیان لە لە ئیدارەدانی ئەمنی و ئیداری قەزاكەدا نابێت و دەبێت ناوچەكە بەجێبهێڵن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT