بۆ سێیەمجار روبەڕوبونەوەی چەكداریی رویدا
دۆخی شنگال بەدەست سوپا و هێزەكانی نزیك لە پەكەكەوە جێگیر نییە

نه‌ینه‌وا، 2020، هێزی چه‌كداری سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی عیراق له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عەمار عەزیز

جاری سێیەم شەڕ لە سنوری قەزای شنگال لە نێوان سوپا و هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەستیپێكردەوە و رێككەوتنی كاتیش بۆ راگرتنی شەڕ كاریگەریی نەبووە.

كاتژمێر 4ی بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممە 19ی نیسان، شەڕ لە ناوچەكانی حەیالی، سكێنییە و جیدالی سەر بە ناحیەی گرعوزێر رویدا، هەر ئەمڕۆ كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ بۆ جاری سێیەم شەڕ دەستیپێكردەوە، ئەوەش دوای ئەوە هات كە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە پێكیانداداو بەهۆیەوە دوو مەدەنی برینداربون و باس لە برینداربونی لانیكەم سەربازێكی سوپای عیراق دەكرێت.

دەستپێكی شەڕەكە، بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، دوای ئەوە هات كە سوپای عیراق هەوڵیداوە خاڵێكی سەربازی لە ئاسایشی ئێزیدخان وەربگرنەوە، لە دەروازەی دووگرێ سەر بە ناحیەی سنونێ لە قەزای شنگال، بەهۆیەوە روبەڕوبونەوە رویدا.

حەسو ئیبراهیم، جێگرى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "سوپای عیراق بەبێ پرسكردن بە ئێمە چونەتە سەر خاڵێكی ئاسایشی ئێزیدخان و ویستویانە داگیری بكەن، لەكاتی گەیشتنیان بە خاڵەكە، هەڤاڵانی ئێمە وتویانە كەمێك بوەستن با تەلەفونێك بە سەروی خۆمانەوە بكەین، بەڵام ئەوان قبوڵیان نەكردووە و دەستیان بە تەقەكردن كردووە".

سوپای عیراق بەبێ پرسكردن بە ئێمە چونەتە سەر خاڵێكی ئاسایشی ئێزیدخان و ویستویانە داگیری بكەن

بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، لەو شەڕەدا چەكی كڵاشینكۆف، بیكەیسی و ئاڕپی جی بەكارهاتووە و دوو مەدەنی برینداربون كە یەكێكیان منداڵە و تەمەنی 10 ساڵە.

حەسو، جەختیكردەوە "کاتژمێر 12ى شەو لەگەڵ سوپا رێككەوتون شەڕ رابگیرێت، ئەو خاڵەى ئاسایشى ئێزیدیخانی لێبوو، بە هاوبەشی لە نێوان ئێمە و سوپای عیراق بەڕێوەبچێت و ئاسایشی لەوێ نەمێنێت".

xo-snwne-1
شنگال/ 12ی كانونی یەكەمی 2021/ بارگرژیی لە نێوان خۆپیشاندەران و سوپای عیراق وێنە: لە ڤیدیۆیەكی ئاژانسی رۆژنیوز وەرگیراوە

لەبارەی ئەوەی ئەوان وەكو كێ، ئەو وتی "کۆمەڵێک سەربازى خۆمان لە یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) هەیە كە سەر بەدەستەی گشتی حەشدی شەعبین، لەگەڵ سوپا لەو خاڵە جێگیردەبن".

یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان دوو هێزی نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و لە دوای دەركردنی داعش لە شنگال لە ساڵی 2015ەوە ئیدارەی قەزای شنگال دەدەن و زۆربەی هەرە زۆریان چەكدارەكانیان ئێزیدین.

ئەو دوو هێزە بڕیار لە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال وەردەگرن، ئەو ئەنجومەنەش لەلایەن ژمارەیەك لایەنی ئێزیدیی و عەرەبی و پێكهاتەكانی تری شنگال دامەزراوە و به‌ نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) هه‌ژمارده‌كرێت، هەر ئەوانیش ئێستا بەبێ دانپێدانانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، ئیدارەی بەشێك لە قەزاكە دەدەن.

حەسو ئیبراهیم وتی "هەرچەندە رێككەوتنمان لەگەڵ سوپادا كرد بۆ راگرتنی شەڕ، ئەوەش لەپێناو پاراستنى خەڵکى ناوچەكە، بەڵام سوپا رێككەوتنەكەیان شكاند و دوبارە تەقەیان لە ئاسایشی ئێزیدخان كردەوە".

قەحتان خەلەف، خەڵكی ناحیەی گرعوزێر و ساڵێك و چوار مانگە لە كەمپی ئاوارەییەوە بۆ ناوچەكە گەڕاوەتەوە و ئەمڕۆش دوجار شەڕ لە ناوچەكەی ئەودا رویداوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەنیازبوین بچینە چیاى شنگال بۆ سەردانی گوڕی کەسوکارمان، بەڵام لەبەر شەڕ لە بازگەى جیدالی سوپاى عیراق رێگەیان پێنەداین و ئێمەش گەڕاینەوە".

مستەفا حەسەن، نیشتەجێى ناوەندى ناحیەى گرعوزێر، ڤیدیۆیەكی شەڕەكەی تایبەت بۆ (كەركوك ناو)، ناردووە، كە تیایدا دەنگی تەقە دێت. ئەو وتی "کاتژمێر 12ى پێشنیوەڕۆ شەڕ گەیشتە ناوەندى ناحیەكەمان، تەنیا 50 مەتر لێمانەوە دور بوو، نازانم چەند کەس برینداربون، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێیەکى زۆر لەناو خەڵکدا دروستبووە".

بەپێی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی شنگال، لە ئێستادا جارێكی تر رێككەوتن كراوە، لە نێوان سوپا و هێزەكانی یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان بۆ راگرتنی شەڕ و وتی "هێزی ئەمنی تر هەوڵی ئارامكردنەوەی دۆخەكە دەدەن".

هێزی ئەمنی تر هەوڵی ئارامكردنەوەی دۆخەكە دەدەن

خودێدا ئەلیاس، سەرۆکى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری سنونێ، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشا شەڕ لە چەند ناوچەیەك بەردەوامە و چەكی قورس لەوانەش هاوەن و دۆشكە بەكاردێت".

تا ئێستا سوپای عیراق هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر ئەو شەڕە بڵاونەكردۆتەوە.

لە دوای شەڕی داعش لە عیراق – لە كۆتایی 2017ەوە- بەردەوام سوپای عیراق و هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان لە قەزای شنگال لە ناكۆكی قوڵدان و چەندینجار روبەڕوبونەتەوە. سوپا دەیەوێت هەژمونی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەكەدا بسەپێنێت، بەڵام ئەو هێزانە رێگرن.

به‌پێی رێككه‌وتنی شنگال، كه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2020 هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانی قه‌زاكه‌ واژۆیانكرد؛ دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوه‌ندی شار به‌ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی و هه‌واڵگرییه‌وه‌ ده‌بێت، له‌ ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ش هێزه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی جێگیرده‌بن و هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستانیش هیچ رۆڵێكیان لە لە ئیدارەدانی ئەمنی و ئیداری قەزاكەدا نابێت و دەبێت ناوچەكە بەجێبهێڵن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT