سێ چەكداری حەشدی عەشایەری لە قەرەتەپە كوژران و نۆ چەكداری دیكە برینداربون، بەهۆی هێرشێكی قەناس بەدەستەكانی داعش و بۆمبی چێنراوەوە، كە بەوتەی لێپرسراوانی ناوچەكە "یەكەمجارە شەڕێكی واقورس روبدات".
شەوی رابردوو 19ـی نیسانی 2022 ژمارەیەك چەكداری "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" هێرشیانكردە سەر خاڵێكی سەربازی هێزەكانی سەر بە لیوای نیدائـ دیالە-ـی حەشدی عەشایەری، لە گوندی كەشكەوڵی بچوك لە ناحیەی قەرەتەپە.
"هێرشەكە نزیكی كاتژمێر 8:30 خولەكی شەو بووە، بەهۆی شەڕ و روبەڕوبونەوەوە سێ چەكداری حەشد شەهید بون و نۆ چەكداری تر برینداربون" بەوتەی وەسفی تەمیمی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە بۆ (كەركوك ناو).
"لە ناو بریندارەكاندا خەڵكی گوندەكەش هەن، چونكە روبەڕوی داعش بونەوە و زیاتر لە 25 خولەك شەڕ بەردەوام بوو، شەڕێكی زۆر قورس بوو، یەكەمجارە شەڕی واقورس لەو ناوچەیە روبدات".
بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە دەڵێت "داعش لەو شەڕەدا چەكی قەناسی بەكارهێنا" و لەكاتی بەهاناوەچونی ئەو هێزەی حەشددا، هێزێكی دیكەش لەڕێگادا بۆمبی چێنراویان پێدا تەقیوەتەوە و زیانیان بەركەوتووە.
دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچەیە بەدەست هێزەكانی حەشدی عەشایەرییەوە كە بەشێكن لە دەستەی حەشدی شەعبی.
(كەركوك ناو)، نەیتوانی لێدوانی لیوای نیدائـ دیالەی حەشدی عەشایەری وەربگرێت و راگەیاندنی لیواكەش لە فەیسبوك جگە لە سەرەخۆشی و پرسەی قوربانیانی هێرشەكە، هیچ زانیارییەكی دیكەیان بڵاونەكرێتەوە.
"حەشد لەو ناوچەیە تەنانەت كامێرای حەرارییان نییە، ناوچەكەش زۆر شاخ و دۆڵە و تاریكە، بۆیە ئاگاداری جموجۆڵی داعش نەبون و ناشزانن چەند چەكدار لەو هێرشەدا بەشداربون" بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە وادەڵێت.
گوندی كەشكەوڵی بچوك بە دوری 15 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری خۆرهەڵاتی ناحیەی قەرەتەپەی قەزای خانەقین لە دیالە و نزیكەی 70 خێزانی عەرەبی تێدانیشتەجێیە.
عەقید شەماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی كۆكس -كە ئەركەكان دەكەوێتە نزیك سنوری ئەو ناوچەیەی هێرشەكە تیایدا رویداوە- بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو خاڵە سەربازییەكەی هێرشیكراوەتە سەر ناوی خاڵی سەربازی شۆكەیە و لە دەرەوەی گوندی كەشكەوڵی بچوكە،.. داعش سەرەتا بە قەناس هێرشیانكردووە و چەكدارێكی حەشد كوژراوە، دواتر خەڵكی گوندەكانی كەشكەوڵ و سەید سەعید بەهانایانەوە چون".
"شەڕەكە قورس بوو، یەكەمجارە شەڕێكی هاوشێوە لە قەرەتەپە روبدات، كاتێكیش هێزی دیكەی حەشد بەهانایانەوە چون بۆمیان پێدا تەقیوەتەوە".
عەقید شەماڵ دەڵێت بەپێی بەدواداچون و زانیاری ئەوان "هێرشەكەی داعش لەلایەن حەوت چەكدارەوە ئەنجامدراوە و جگە لە قەناس، چەكی جۆری كڵاشینكۆف و بیكەیسییان بەكارهێناوە"، ئاماژەی بەوەشدا وەك هێزەكانی پێشمەرگە بەهۆی شەڕەكەوە شەوی رابردوو لە ئامادەباشیدابون.
ناحیەی قەرەتەپە، دەكەوێتە باكوری پارێزگای دیالە و بەپێی دەستووری عیراق لە چوارچێوەی ناوچەكانی جێناكۆكدایە، دوای چەند مانگێك لە دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن داعشەوە، لە كۆتایی ساڵی 2014ـدا پێشمەرگە و حەشدی شەعبی كۆنتڕۆڵیانكردەوە.