جەمال محەمەد شوكر، بەڕێوەبەری پێشوتری شارەوانی كەركوك بە بڕیاری دادگا لە زیندانە و حوكمەكەی بۆ ساڵێكە.
دادگای تاوانەكانی كەركوك، دوێنێ 19ی نیسان بڕیاریدا بە زیندانیكردنی جەمال محەمەد شوكر، سەرۆكی پێشوتری شارەوانی كەركوك و پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی عیراق لە فركسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ ساڵێك، هاوكات دوو فەرمانبەری تری شارەوانیش بە هەمان شیوە سزادراون، بەڵام حوكمەكەیان جێبەجێنەكراوە.
لە خاڵی یەكەمی بڕیارەكەی دادگادا كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، تیایدا هاتووە "دادگا تاوانباریكردون و بڕیاریداوە بە ساڵێك زیندانی بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی".
هەروەها لە خاڵی دووەمدا هاتووە كە دادگا بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی هەردوو فەرمانبەرەكەی شارەوانی (كۆكجل سابير تەها، چنار یەشار سابر تەها)، لەبەرئەوەی ئافرەتن و پێشینەی تاوانیان نییە، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە لە داهاتودا ناگەڕێنەوە بۆ ئەنجامدانی تاوانی بە ئەنقەست، بۆیە دادگا بڕیاریدا بە راگرتنی جێبەجێكردنی حوكمی زیندانییەكەیان بۆ ماوەی سێ ساڵ".
بەڵام لەو ماوەیەدا دەبێت بەڵێننامە پڕبكەنەوە كە هەڵسوكەوت و مامەڵەیان باش بێت و هەریەكێكیان "200 دینار" لە سندوقی دڵنیایی دادەنێت دوای تەواوبونی ئەو سێ ساڵە بۆیان دەگەڕێتەوە، ئەگەر هیچ تاوان و كەتنێكی بە ئەنقەست بە درێژایی ئەو ماوەیەی دیاریكراوە ئەنجامنەدەن.
لە خاڵی سێیەمدا، ماف بە لایەنی سكاڵاكار دراوە، لەڕێی دادگای مەدەنییەوە داوای قەرەبووبكەن، دوای ئەوەی ئەو بڕیارە پلەی كۆتایی وەردەگرێت.
بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە كەیسەكە لە دادگای كەركوك، لە دوای دانيشتنی دادگا و بڕیارەكەی دادگاوە، جەمال محەمەد شوكر، كە لەپشكی یەكێتی لە پۆستی سەرۆكی شارەوانی بوو، خراوەتە زیندانەوە.
ئەو سكاڵایە لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان بووە، كە تایبەتە بە فرۆشتنی 10 پارچە زەوی لە زیادكردنی ئاشكرادا.
لەبارەی وردەكاریی كەیسەكەوە، سەرچاوەكە وتی "بەر لە روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، شارەوانی ئەوكاتی كەركوك 10 پارچە زەوی خستۆتە زیادكردنی ئاشكراوە و بۆ 10 كەس دەرچووە كە نزیك بون لە رژێمی ئەوكاتی بەعس، بەڵام شارەوانی كەركوك لە سەردەمی جەمال محەمەد شوكر-دا جارێكی تر زەوییەكانی لە زیادكردنێكی ئاشكرادا فرۆشتووە و دەستكاریی نرخی سەر مامەڵەكانی كردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نرخی ئەوكات و ئێستا زۆر جیاوازە".
جەمال شوکر، لەبارەی بڕیارەكەی دادگای تاوانەكانی كەركوكەوە، لەڕێی تەلەفونەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "کۆی بابەتەکە ناهەقییە دژ بە من و لەگەڵ پارێزەرەکەم رۆژی یەکشەممە بەفەرمی تانە لە بڕیارەکە دەدەین، چونکە من هیچ تاوانێکم تیادا نییە و نازانم بۆچی من بە ئامانجگیراوم".
وتیشی "لە سەرەتادا واژۆم لەسەر نوسراوەكانی پەیوەست بە فرۆشتنی زەوییەكان نەكرد، بەڵام وەزارەتی شارەوانی زۆری لێدەكردم واژۆیان بكەن، كارەكەش كە كراوە نایاسایی نییە و لە ئایندەیەكی نزیكدا هەموو بەڵگەكان بڵاودەكەمەوە".
بهپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی، هەر فەرمانبەرێك یان هەر راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندی ئەو شوێنە بگەیەنێت كە كاری تیا دەكات ئەوە سزادەدرێت بە زیندانی بۆ ماوەیەك لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.
تا بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە، تانە لە بڕیارەكەی دادگا نەدراوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەكەی (كەركوك ناو)، هەوڵی جدیی هەیە بۆ ئەوەی دەرچەیەكی یاسایی بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی جەمال شەكر بڕیارەكەی بەسەردا جێبەجێنەكرێت، هاوشێوەی هەردوو فەرمانبەرەكە.