وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: حكومەتی داهاتوی عیراق دەرفەت بۆ كەمینەكان و ئاوارەكان بڕەخسێنێت

جێنیفەر گاڤیتۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عیراق و ئێران

عومەر هیلالی

جێنیفەر گاڤیتۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عیراق و ئێران، پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای بۆ رێککەوتنی شنگال دوپاتكردەوە و جەختیكردەوە لە كاركردنی بەردەوام لەگەڵ هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بۆ بەرەوپێشچون لەو بوارەدا. بە گرنگیشی زانی حكومەتی داهاتوی عیراق دەرفەت بۆ كەمینەكان و ئاوارەكان بڕەخسێنێت.

ئەو وتانەی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عیراق و ئێران، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا هات كە لەڕێی تەلەفۆنەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رێکیخستبوو و (کەرکوک ناو)یش تیایدا بەشداربوو.

گاڤیتۆ وتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی زۆری پێشکەشکردوە لەماوەی چەند ساڵی رابردودا وپاراستنی کەمینەکان لە عیراق و زامنکردنی توانای گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان لەئەولەویەتە سەەرکییەکاندا بووە".

بەشێکی زۆر لە کەمینەکانی دەشتی نەینەوا، کەرکوک، خۆرهەڵاتی سەڵاحەدین و باکوری دیالە، کە بەپێی مادەی 140ی دەستوری عیراق بە ناوچەکانی جێناکۆکی نێوان حکومەتی ناوەند لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناودەبرێن، روبەڕوی ئاوارەبون بونەوە و ناوچەکانیان وێران بون، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراق وشام-داعش" لە ناوەڕاستی 2014دا.

"بەردەوامین لە پێشکەشکردنی یارمەتی هاوشێوە، پێمانوایە رێککەوتنی هەمیشەیی نێوان حکومەتی فیدراڵی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بەشداریپێکردنی کۆمەڵگە خۆجێییەکان، باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، بەتایبەتی لە دۆخێکی وەک ئەوەی شنگال"، بەوتەی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عیراق و ئێران.

گاڤیتۆ جەختیشیکردەوە،"لەڕاستیدا، هەستمان بە نائومێدی کرد چونکە هێشتا رێگەیەکی دورمان ماوە لەهەندێك بابەتی سەرەکی وەک ئاسایش و ئیدارەدان".

 جێنیفەر گاڤیتۆ لەئابی 2021ەوە پۆستی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عیراق وئێران وەرگرتووە و پێشتر راوێژکاری کاروباری سیاسی بووە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لەندەن.

 الامريكية

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

وتەكانی جێنیفەر گاڤیتۆ لەبارەی شنگال و پشتوانی خۆیان بۆ رێككەوتنی شنگال كە لە تشرینی یەكەمی 2020 لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان واژۆكراوە، لەكاتێكدایە هێشتا رێككەوتنەكە بە تەواوی جێبەجێنەكراوە و ناوبەناو شەڕ لە نێوان هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و سوپای عیراق لەو قەزایە رودەدات و دواین شەڕیان لە رۆژانی 18ەو 19ی نیسانی ئەمساڵ بوو كە بەهۆیەوە شەڕڤانێكی كوژرا و سیانی تریش برینداربون، لە سوپای عیراقیش 21 سەرباز برینداربون.

بەپێی رێککەوتنی شنگال، دۆسییەی ئەمنی ناوەندی شنگال، بەدەست پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگرییەوە دەبێت، لە دەوروبەری شنگالیش هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی فیدراڵی جێگیردەبن، هەرچی هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانە لەوانەش یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان هیچ رۆڵێکیان پێنەدراوە و بەپێی رێککەوتنە دەبێت شنگال بەجێبهێڵن.

بەڵام ئەو رێککەوتنە لەلایەن ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال-ەوە رەتکراوەتەوە، ئەو ئەنجومەنە لە ساڵی 2019ەوە لەلایەن پێکهاتە جیاوازەکانی قەزاکەوە پێکهێنراوە و ئامانج لێی ئیدارەدانی قەزاکەیە لەڕوی ئەمنی و ئیدارییەوە.

سەبارەت بە کەمینەکان و ئاوارەکان لە عیراقدا، جێنیفەر گاڤیتۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عیراق و ئێران وتی "یەکێک لەو بوارە سەرەکییانەی کە گرنگی پێکهێنانی حکومەت بەلامانەوە دەردەخات، کە گرنگیشە بۆ داهاتوی عیراق، ئەوەیە کە دەرفەت بۆ هەموو کەمینەکان و ئاوارەکان بڕەخسێت بۆ سودوەرگرتن لە دروستبوونی دەوڵەتێکی بەهێز لە عیراق کە بەڕاستی مایەی گەشبینی بێت".

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، گاڤیتۆ وتی "جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەتێک دەکەینەوە کە ئەولەوییەت بەم پرسە بدات". 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT