وەرگرتنی بەرتیل؛ لە فەرمانگە حكومییەكانی كەركوك كەمترە بەراورد بە چەندین شاری دیكەی عیراق، كە دەستەی نەزاهە بە قبوڵكراوی نازانێت و داوای چاودێری زیاتر دەكات.
بەپێی راپۆرتێكی دەستەی نەزاهەی عیراق كە ئەمڕۆ یەكشەممە 24ـی نیسانی 2022 بڵاویكردەوە، وەرگرتنی بەرتیل لە بەرانبەر راییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیاندا لە رێژەیەكی بەرزدایە و پێویستە حكومەت لەڕێی چاودێری و كەمكردنەوەی رۆتیناتەوە، هەوڵی بەرەنگاربونەوەی بدات.
تیمەكانی لێكۆڵینەوەی نەزاهە لەو راپۆرتەدا پشتیان بە ئەنجامی راپرسییەك بەستووە، كە لە چوارچێوەی 536 سەردانی مەیدانیدا بۆ 102 فەرمانگە ئەنجامدراوە، بۆ ئەوەش بۆچونی نزیكەی 10 هەزار هاوڵاتی وەرگیراوە.
لە ئەنجامی ئەو راپرسییەدا هاتووە زیاتر لە سەدا 12ـی بەشداربوان پێیانوایە بەرتیل هەیە و تێكڕای ئەو كەسانەی بۆ راییكردنی مامەڵەكانیان بەرتیل-ـیان داوە دەگاتە سەدا 5.6.
بەرزترین رێژەی مامەڵەكردن بە بەرتیل لەسەر ئاستی پارێزگاكاندا دەكەوێتە سێ فەرمانگەی بەسرە؛ لە مەعقەل سەدا 65ـە، زوبێر سەدا 45 و شەتلعەرەب سەدا 40ـە.
بەڵام فەرمانگەكانی كەركوك رێژەی مامەڵەكردن بە بەرتیل سەدا 1 و رمێسە سەدا 0.9 و حلە سەدا 1.1ـە.
هەروەها لە 17 فەرمانگەی پارێزگاكانی بابل، قادسیە، دیالە، نەجەف، سەڵاحەدین، زیقار، موسەنا و ئەنبار رێژەی وەرگرتنی بەرتیل سەدا سفر بووە.
لە فەرمانگە جێبەجێكارەكانی بەغدای پایتەخت، زۆرترین رێژەی بەرتیل دەكەوێتە رەسافە و زیاتر لە سەدا 27ـە، بەدوای ئەودا كەرادە، مەحمودییە، دۆرە و حسێنییە و ئەوانیتر دێن.
بەپێی راپۆرتەكەی دەستەی نەزاهە زیاتر لە سەدا 51ـی بەشداربوانی راپرسییەكە دەڵێن ئەو رێكارانەی لە فەرمانگەكاندا هەن دەبنە هۆی درەنگكەوتن و بەڕێكردنی مامەڵەكانیان و سەدا 63ـی ئەو كەسانەی دەڵێن بەرتیل-ـیان داوە، راستەوخۆ بەرتیلەكەیان لەلایەن فەرمانبەرەوە لێوەرگیراوە.
ئەو راپۆرتە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دادی عیراق كراوە، بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست و گۆڕانكاری لە شێوازی راییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیاندا.