وەزارەتی پەیوەندییەكانی عیراق، بۆ یەكەمجار هێڵی ئینتەرنێتی نیشتیمانیی لەڕێی راكێشانی ژێر زەوییەوە لە كەركوك تاقیكردەوە، ئەوەش دوای چوار مانگ دێت لە كاركردنی بەردەوام لەو پڕۆژەیەدا كە ئامانج ئەوەیە تا كۆتایی ئەمساڵ خزمەتگوزارییەكە بیگەیەننە 10 هەزار بەشداربوو.
ئەو پڕۆژەیە لە سەرەتای ئەمساڵ دەستیپێكردووە و دووشەممە 25ی نیسان لە ماڵێكی گەڕەكی غەرناتە ئەزمونكرا، بەپێی وتەی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، ئەو هەنگاوە بۆ "رزگاركردن"ی كەركوكە لەو "دابەشكارییە هەرەمەكیی و بێسەروبەرەییە"ی لە بواری خزمەتگوزاری ئینتەرنێتدا هەیە.
محەمەد قەیس، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی کەرکوک، لە سەروبەندی تاقیکردنەوەی پڕۆژەکەدا لە یەکێک لە ماڵەكانی گەڕەكی غەرناتە، بە (كەركوك ناو)ی وت "پڕۆژەی ئینتەرنێتی نیشتیمانیی لەڕێی راكێشانی ژێر زەوییەوە بۆ ماڵان، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عیراق، بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بۆ هەموو ماڵان".
پڕۆژەكە لە سێ قۆناغ پێكهاتووە، هەڵكەندن، راكێشانی كێبڵ و دانانی كابینە، قۆناغی سێیەمیش گەیاندنی خزمەتگوزارییەكەیە بۆ ماڵان، كە دووشەممە تاقیكرایەوە.
لە چوار مانگی رابردودا توانراوە ئامادەكارییەكانی گەیاندنی خزمەتگوزارییەكە بۆ چوار هەزار هاوبەش لە گەڕەكی غەرناتە تەواوبكرێت.
محەمەد قەیس، زیاتر وتی "پڕۆژەكە حكومەت سەرپەرشتی دەكات و داهاتەكەشی بۆ حكومەتە، بەشداریكردن ئارەزومەندانەیە، پێمانوایە سەرکەوتووتر دەبێت بەراورد بەو خزمەتگوزارییانەی ئینتەرنێت كە لە ئێستادا لە شارەكەدا هەن و كەرتی تایبەت سەرپەرشتییان دەكات".
پڕۆژەكە حكومەت سەرپەرشتی دەكات و داهاتەكەشی بۆ حكومەتە، بەشداریكردن ئارەزومەندانەیە
جیاوازییەكە ئەوەیە هێڵی ئینتەرنێتی نیشتیمانیی پشت بە بورج نابەستێت، محەمەد قەیس وتی "نرخەكەشی گونجاوە، خێراییەكەی 40 مێگا بۆ هەر مانگێك 45 هەزار دینار لە بەشداربووان وەردەگیرێت... بەڵام ئەو ئینتەرنێتەی ئێستا كۆمپانیاكان بە هاوڵاتیانی دەدەن خێراییەكەی 2 مێگایە و 35 هەزار دینار وەردەگرن و بەردەوامیش كێشەی گەیاندنی خزمەتگوزارییان هەیە".
ئینتەرنێتە نیشتیمانییەكە بۆ خێرایی 75 مێگا 65 هەزار دینار و 120 مێگا بە 100 هەزار دینارە.
بڕیارە لە هەفتەكانی داهاتودا پڕۆژەی هەڵكەندن و راكیشانی كێبڵ لە گەڕەكانی تر دەستپێبكات، لەوانەش گەڕەكی روناك، وەك دووەم گەڕەكی شارەكە.
محەمەد قەیس، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی کەرکوک، زیاتر رونیكردەوە "پڕۆژەكە سەرانسەری کەرکوک دەگرێتەوە، 300 كابینەی تایبەت دادەنرێت، پلانەكەمان ئەوەیە ئەمساڵ بگەینە 10 هەزار هاوبەش... لە ماوەی پێنج ساڵدا بگاتە هەموو ناوچەكانی پارێزگاكە".
راکان سەعید جبوری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک، لەكاتی ئەزمونكردنی هێڵەكە لە گەڕەكی غەرناتە، وتی "وەكو ئیدارەی كەركوك پاڵپشتی هەر هەنگاوێکی تەکنەلۆژی پێشکەوتوو دەكەین، ئەوەش لە پێناو خزمەتكردنی هاوڵاتیان... ئەم هەنگاوە بۆ کەرکوک زۆر گرنگە تا رزگارمان بێت لەو خزمەتگوزارییە هەڕەمەکییە بێ سەروبەرەییەی لە ماوەی رابردووەوە تا ئێستا بونی هەیە".
ئەم هەنگاوە بۆ کەرکوک زۆر گرنگە تا رزگارمان بێت لەو خزمەتگوزارییە هەڕەمەکییە بێ سەروبەرەییەی لە ماوەی رابردووەوە تا ئێستا بونی هەیە
ئەحمەد نازم، ئەو ماڵەی بۆیەكەمجار هێڵە نیشتیمانییەكەی لێ تاقیكرایەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشتا زووە بڕیار لەبارەی رێژەی سەرکەوتن و شکستی ئەم پڕۆژەیەوە بدەین، بەڵام بەپێی وتەی لێپرسراوان بێت بابەتەکە بۆ خزمەتی هاوڵاتییانە، ئێمەش چیمان دەوێت جگە لەوەی رزگارمان بێت لەو خزمەتگوزارییە ئاست نزمانەی ئینتەرنێت كە ماندوی کردوین و تێچوشیان زۆرە".
ئەو داوایكرد پڕۆژەكە پەلەی تێدا بكرێت و حکومەت چاودێری وردی بكات.