گرتەیەكی ڤیدیۆیی شەڕی ئامار و راگەیاندن لە نێوان ئەنجومەنی عەرەبی، بە سەرۆكایەتی راكان سەعید و دوو پەرلەمانتاری توركمانی بەدوادادێت و هەردولا خۆیان بە ستەم لێكراو دەزانن. ئەو دوو بەرەیە بۆ ئەوەی قەناعەت بە شەقامی كەركوك بهێنن دەست بۆ بڵاوكردنەوەی پشكی نەتەوەكان دەبەن لە پۆستە گرنگەكانی پارێزگاكەدا. لە نێویاندا پۆستەكانی نێو كۆمپانیای نەوتی باكور.
سەرەتای ئەو شەڕە كاتێك چووە نێو راگەیاندن و سۆسیال میدیاوە، كە هەریەكە لە پەرلەمانتاران ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی و غەریب عەسكەر پەرلەمانتاری توركمان لە هاوپەیمانێتی بەدر، بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی باكوریان بە "تائیفی و رەگەزپەرست" و هەروەها "بێویژان" ناوبرد.
دەستپێكی كێشەكە
ئەو دوو پەرلەمانتارە 26ی نیسان لەنێو بینای پارێزگای كەركوك، لەكاتێكدا قسەیان بۆ بەشێك لە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان دەكرد، لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی 43 چركەییدا دەركەوتن و تیایدا هێرشیانكردە سەر بورکان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی باكور لە نەتەوەی عەرەب.
سەرەتا ئەرشەد ساڵحى، روی كردە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان و وتی "ئێوە ئازادن هەر هەڵوێستێکتان هەبێت، چی دەكەن بیكەن، بەڵام هیچ سودێکى نییە لەگەڵ وەزارەت و کۆمپانیای نەوت، چونکە وەزارەتى نەوت و کۆمپانیاى نەوت نە جێگاى متمانەن و نە ویژدانیان هەیە".
وەزارەتى نەوت و کۆمپانیاى نەوت نە جێگاى متمانەن و نە ویژدانیان هەیە
لەوكاتەدا غەریب عەسكەر، پەرلەمانتاری توركمان، قسەكەی پێ دەبڕێت و دەڵێت "بورکان حەسەن کەسێکى رەگەزپەرست و تائیفییە، ئەگەر پێی بکرێت ناهێڵێت راهێنەران و ئەندازیاران و کادیران بمێنن".
ئەو دوو پەرلەمانتارە، قسەیان بۆ ئەو دەرچووانەی زانكۆ و پەیمانگەكان دەكرد، كە ماوەیەك وەكو راهێنەر و بە گرێبەستی كاتی لە كۆمپانیای نەوتی باكور كاریان دەكرد و دوای تەواوبونی گرێبەستەكەیان چەندینجار خۆپیشاندانیان كرد و داوای دامەزراندنیان دەكرد.
گرتە ڤیدیۆكەی پەرلەمانتاران ئەرشەد ساڵحی و غەریب عەسكەر لە 26ی نیسانی 2022
گرتە ڤیدیۆییەكە هەرزوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆوە و بەهۆیەوە هەمان رۆژ ئەنجومەنی عەرەبی لە كەركوك، كە راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت سەرۆكایەتی دەكات، لەڕێی بەیاننامەیەكەوە وەڵامی دانەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە "خەڵكی شارى کەرکوک لە ئێستادا بە برایەتى ژیانى رۆژانەی خۆیان بەسەر دەبەن، پەرلەمانتارانی تورکمان دژایەتی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی باکور دەکەن، هێرشێکی بێبنەما و بێ بەڵگەیە، بەتایبەت کە بەڕێوەبەرەکەی بە رەگەزپەرست و تائیفی تۆمەتباردەکەن".
هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە ئەو هێرشە لە كاتێكدایە "زۆرینەی پۆستە ئیدارییەكانی ئەو كۆمپانیایە لە نەتەوەی توركمانن".
زۆرینەی پۆستە ئیدارییەكانی ئەو كۆمپانیایە لە نەتەوەی توركمانن
ئەنجومەنی عەرەبی هۆشداری دەداتە هەردوو پەرلەمانتار ئەرشەد ساڵحی و غەریب عەسکەر و دەڵێت "قبوڵی ناکەین پارێزبەندی پەرلەمانتاری و کاری چاودێری، بە هەڵە و بۆ تانە و ناوزڕاندن بەکاربهێنرێت و خەڵک بۆ ئاژاوەگێڕیی دژی دامەزراوەکانی دەوڵەت هانبدرێت".
بە ژمارە وەڵامی یەكتر دەدەنەوە
لەگەڵ ئەو بەیاننامەیەی ئەنجومەنی عەرەبیی-دا، دکتۆر محەمەد نەسیر سەعدون جبورى، كاندیدی دەرنەچوی لیستی تەقەدوم لە پارێزگای كەركوك و كەسایەتی نێو هاوپەیمانی سیادە - هەردوو سەركردەی سوننە، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و خەمیس خەنجەر سەرۆكایەتی دەكەن و ئەنجومەنی عەرەبیش بەشێكە لەو هاوپەیمانێتییە -، ئامارێكی دابەشبونی پۆستە حكومییەكانی نێو شاری كەركوكی بڵاوكردەوە.
ئامارەكە، كە لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتەی فەسیبوك بڵاویكردەوە و نوسینگەكەیشی بۆ گروپی تایبەتی رۆژنامەنوسانی كەركوكی نارد، تیایدا ئاماژەی بەوەداوە كە زۆرینەی هەرە زۆری پۆستەكان بەدەست هەردوو پێكهاتەی كورد و توركمانەوەیە.
بەپێی ئامارەكە كورد لانیكەم 15 پۆستی نێو شاری كەركوكی هەیە و توركمانیش كەمتر لە 15 پۆست، بەڵام تەنیا ئاماژە بە چوار پۆست كراوە بۆ نەتەوەی عەرەب، بەبێ ئاماژەدان بۆ پۆستی پارێزگار.
دکتۆر محەمەد نەسیر جبورى، لە پۆستێكدا لەبارەی وتەكانی ئەرشەد ساڵحی و غەریب عەسكەر، دەڵێت كە هەندێك سیاسەتمەداری توركمان و كوردیش، "لە ماوەكانی رابردودا قسە لەسەر دابەشكاریی پۆستە حكومییەكانی كەركوك دەكەن لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە و گوایا ئەو دوو نەتەوەیە پشتگوێخراون، بۆیە دەمەوێت بە نەخشە و ناونیشان رونیبكەمەوە كە لەكۆی 33 پۆست، عەرەب تەنیا چوار پۆستی هەیە".
هەروەها دەڵێت "پۆستەكانی تر هەمویان لای توركمان و كوردن، تەنانەت جێگرەكانیشیان عەرەب نین".
پۆستەكانی تر هەمویان لای توركمان و كوردن، تەنانەت جێگرەكانیشیان عەرەب نین
محەمەد نەسیر جبوری، زیاتر دەڵێت "من ناتوانم هیچ بەڕێوەبەرێك بە کەمتەرخەمى تاوانبار بکەم، چونكە زۆربەیان هاوڕێمن، ئایا عەرەب لە پارێزگاكە بۆتە كەمینە كە لەسەدا 10ی پۆستەكانی بەدەستەوەیە".
"پێمخۆشە سەرژمێرییەک لەنێو كۆمپانیای نەوتی باكور بكرێت، لەسەرەوە بۆ خوارەوە، تا بزانرێت ئایا زۆرینەی فەرمانبەران لە نەتەوەی عەرەبن، باشە چۆن بەڕێوەبەرێكی عەرەب رێگریی لە دامەزراندنی راهێنراوان دەكات لەكاتێكدا زۆرینەی ئەوانەی داوا پێشكەش دەكەن عەرەبن، چونكە چەندین ساڵە بێبەشكراون لە دامەزراندن".
لە كۆتاییدا دەڵێت هیوادارم، پەرلەمانتاران رۆڵی چاودێری ببینن نەك لێدوانی رەگەزپەرستی.
دوابەدوای بڵاوكردنەوەی ئەو ئامارە، لە نوسینگەی ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری بەرەی توركمانییەوە، ئاماری دابەشبونی پۆستەكانی كۆمپانیای نەوتی باكور بەسەر نەتەوەكانی شارەكەدا بڵاوكرایەوە.
بەپێی ئامارەكە كە كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە و سەرچاوەیەكی نزیك لە ساڵحی پشتڕاستی بونی ئەو ئامارەی كردەوە، تیایدا لە كۆی 63 بەرپرسیارێتی لە كۆمپانیای نەوتی باكور، 39یان بەدەست عەرەبەوەیە، 14یان لای توركمان و هەشتیان لای كورد و دوو پۆست لای كریستیانین.
لە كۆمپانیای نەوتی باكور، عەرەب 39 پۆستی هەیە، توركمان 14 پۆست و كورد هەشت پۆست
ئەرشەد ساڵحی، هەرچەندە پەرلەمانتاری بەرەی توركمانییە، بەڵام لە ئێستادا جۆرێك لە ناكۆكی هەیە لەگەڵ سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی، چوارشەممە 27ی نیسان لە كەناڵی ئاسمانی شەرقییە و لەبارەی پرسی دامەزراندن لە كۆمپانیای نەوتی باكور، وتی "لە نێوان ئێمە و ئەواندا دادگا هەیە". وەك ئاماژەیەك بۆ بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی باكور.
ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ هەوڵی كۆمپانیای نەوتی باكور بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێك دژی وتەكانی ئەو دوو پەرلەمانتارە، بەڵام شەوی 27ی نیسان خۆپیشاندانەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، كە بڕیاربوو پێنجشەممە 28ی نیسان بەڕێوەبچێت.