زۆرێك لە دابونەریت و یارییە میللییەكانی كەركوك، هێشتا ماون و لە شەوانی هەموو رەمەزانێكدا زیندودەكرێنەوە، بە ئاهەنگ و پێشبڕكێ، لەنێویاندا سینی و زەرف كە زیاتر لە 125 ساڵی تەمەنە و بەناوبانگترینیانە.
یاری سینی و زەرف؛ بەشێكە لە كلتوری رەمەزانی كەركوك بە هەموو پێكهاتە جیاوازەكانیەوە، لە دوای نوێژی تەراویحەوە ئەو یارییە لە كافتریا و هۆڵە گەورەكاندا دەستپێدەكات و زۆربەی كات تا پارشێو درێژە دەكێشێت.
یارییەكی بە تەمەن؛ 11 فنجانی مس و یەك زار
سینی و زەرف لە زۆرترین شوێنی كەركوك هەیە، بێ جیاوازی كورد و عەرەب و توركمان ئەو یارییە دەكەن.
عەبدولكەریم خەلیفە، توێژەری مێژوو لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "كەركوك بە یەكێك لەو پارێزگایانە دادەنرێت توانیویەتی پارێزگاری لە مانەوەی كلتوری میللی و مێژویی شارەكە بكات، ئەوشە لەكاتی یارییەكانی مانگی رەمەزاندا بە رونی دەبینین، بەڵام بەناوبانگترینیان كە هەموو پێكهاتەكانی كۆكردۆتەوە یاری سینی و زەرفە".
یارییەكە، پێكدێت لە سینییەك و 11 زەرف (فنجانی مس)، لەگەڵ بونجوقێك (زار)، هەروەها بڕێك لوقم كە لێواری سینییەكەی پێ دادەپۆشرێت، تا بتوانرێت فنجانەكان بەشێوەیەكی باش لەسەر سینییەكە جێگیربكرێت.
زارەكە لەناو یەکێک لە زەرفەکاندا دەشاردرێتەوە و ئامادە دەکرێت بۆ یاریکردن، ئەو تیمە براوە دەبێت كە بزانێت زارەكە لەناو كام لە فنجانەكاندایە و بیدۆزێتەوە.
"ئەم یارییە لە باوباپیرانەوە ماوەتەوە، رەنگە زیاتر لە 125 ساڵ بێت و یەكێكە لە یارییە دێرینە كلتوری و میللییەكانی شاری كەركوك" بەوتەی خەلیفە.
یارییەكە لە نێوان دوو تیمدا دەكرێت؛ هەر تیمێكیان لە سێ كەس و زیاتر پێكدێن، هەندێكجار ئەندامانی تیمێك دەگاتە سەروو 10 كەس.
پارچە قوماشێک یاخود بەتانییەک بەکاردێت بۆ دروستکردنی بەربەست لە نێوان تیمەکان، تا ئەوكاتەی زارەكە لەناو یەكێك لە فنجانەكاندا دەشاردرێتەوە. بۆ ئەوەی تیمی بەرامبەر نەزانێت زارەكە لەكام فنجاندایە.
فەرمان جەلیل بەرزنجی، یاریزانێكی شارەزای سینی و زەرفە، دەڵێت ئەو یارییە بەربڵاوترینە لەناو هاوڵاتیانی كەركوك و لە هەموو رەمەزانێكدا دەستپێدەكاتەوە، ئەوەش لە شەواندا و دوای نوێژی عیشا و تەراویح.
"ئەمە كۆنترین یاری كەركوكە، گەنجان و بە تەمەنەكانیش لە رەمەزاندا چێژ لە كاتەكانی ئەو یارییە وەردەگرن" بەرزنجی بە (كەركوك ناو)ـی وت گرنگترین مەرجەكانی سینی و زەرف ئەوەیە؛ 11 كەسی شارەزا و وریا لە گەڕاندا بۆ هەر تیمێك دابنرێت، تا بەدوای زارەكەدا بگەڕێن و لە ژێر یەكێك لە فنجانەكاندا بیدۆزنەوە.
ئەو تیمەی زارەكە دەشارنەوە، سینییەكە لەسەر دەستی كاپتنی تیمەكە زیاد لە دەخولێننەوە، ئەوەش هەندێكجار بە دەم سەما و هەڵپەڕكێ و چەپڵەوە، دواتر سینییەكە لە بەردەم تیمی بەرانبەردا دادەنێت تا یەكێكیان بە هاوكاری ئەوانیتر بەدوای زارەكەدا بگەڕێت.
فەرمان جەلیل بەرزنجی وتی شەوانی ئەو یارییە بە موزیك و گۆرانی كۆنەوە بەڕێوەدەچێت، لە گۆرانی فۆلكلۆر و كۆنی كوردی، عەرەبی و توركمان، هەندێكجاریش یارییەكە بۆ ماوەیەك رادەوەستێت و هەڵپەڕكێ و سەما دەكەن، "هەندێك پاڵەوانێتی لەنێوان گەڕەكەكاندا بۆ سینی و زەرف رێكدەخەن بە درێژایی رەمەزان و براوەش دەبێتە خاوەنی خەڵاتی دارایی و سینی پاقلاوە و شیرینی جۆراجۆر".
جگە لە سینی و زەرف چەندین یاری دیكەی كلتوری و كۆن لە شەوانی رەمەزاندا هەن وەك محێبس، كە هاوشێوەی سینی و زەرف بریتییە لە شاردنەوەی مستیلەیەك لەناو لەپی دەست و كڵاوێن؛ كە یارییەكی كوردییە و هاوشێوەی محێبسە، لەگەڵ دۆمینە و تاوڵە و چەندین یاری تر.
عەلی بەیاتی، شارەزایەكی دیكەی سینی و زەرفە لە كەركوك، دەڵێت ئەو یارییە دڵخوازترینە لای دانیشتوانی شارەكە، بە كۆن و نوێوە، لەناو هەر تیمێكیشدا شارەزاترینیان دەبێتە سەرۆك و كاپتن، تا زارەكە دەدۆزێتەوە، بەوشێوەیە یارییەكە تاوەكو بەرەبەیان و پارشێو بەردەوامبێت، هەر تیمێك زۆرترین خاڵ كۆبكاتەوە، ئەو تیمە براوەیە.
ئەو یارییە تەنیا لە كەركوك نییە، لە هەندێك ناوچەی دیكەی عیراق و هەرێمی كوردستانیش هەیە.