چۆن خۆت دەپارێزیت؟
یەكەم حاڵەتی توشبون بە تای خوێنبەربون لە كەركوك تۆماركرا

كەركوك/ نیسانی 2022/ مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی كەركوك، توشبونی هاوڵاتییەكی شارەكەی بە تای خوێنبەربون راگەیاند، ئەوەش یەكەم حاڵەتی تۆماركراوە لە شارەكە.

نەبیل حەمدی بۆشناق، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (كەركوك ناو)ی وت "هاوڵاتییەكی 47 ساڵ، ئەمڕۆ یەكشەممە یەكی ئایار لە نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك پشكنینی بۆ كراوە و دەركەوتووە توشی تای خوێنبەربون بووە".

وتیشی "هاوڵاتییەكە 47 ساڵە و قەسابی گەڕۆكە، لە ئێستادا لە ژێر چاودێری تەندروستیدایە".

ئاماژەی بەوەشدا كە تیمەكانی تەندروستیی كەركوك خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە لە نەخۆشخانەكانی شارەكە، بە ئامانجی ئەوەی رێگریی لە بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربون بكەن.

"پشكنین بۆ هەندێك كەس دەكەین كە تێكەڵاویان لەگەڵ كەسی توشبودا هەبووە"، نەبیل حەمدی بوشناق وای وت، جەختیشیكردەوە كە ئەوە یەكەم حاڵەتی تۆماركراوە لەسەر ئاستی پارێزگاكە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت لە چەند هەفتەی رابردودا وەزارەتی تەندروستی عیراق بەڕەسمی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربونی لە عیراق راگەیاند.

تای خوێنبەربون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.

دیارترین نیشانەكانی

دڵ تێكهەڵاتن و رشانەوە، لەگەڵ ئازاری جومگەكان، سكچون، تا، هیلاكی و لاوازی لە نیشانە دیارەكانی تای خوێنبەربونن.

هەروەها چەند نیشانەیەكی نەخۆشییەكە دەریدەخات كە مەترسی لەسەر ژیانی توشبوەكە هەیە، لەوانە خوێنبەربونی ژێر پێست، دروستبونی كێشە لە دەماغ، بێهۆشبون، لەكاركەوتنی گورچیلە، دروستبونی كێشەی هەناسەدان و لەكاركەوتنی جگەر، ئەوەش بەپێی وەزارەتی تەدروستیی عیراق و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی.

ڤیدیۆ: هەڵمەتی نەهێشتنی سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەكانی كەركوك بە شێوەی نایاسایی كە مەترسی تەندروستی لێدەكرێت. ڤیدیۆ: كەركوك ناو

چۆن دەگوازرێتەوە؟

كاركردن یان تێكەڵبون لەگەڵ كەسانی توشبوو، سەربڕین و خواردنی ئاژەڵی توشبوو، بەكارهێنانی دەرزیی و ئامێری بەكارهاتوی توشبوو، لە هۆكارەكانی گواستنەوەی نەخۆشییەكەن، لەگەڵ سێكسكردن لەگەڵ كەسانی توشبوو بەبێ خۆپارێزی.

مێش و مەگەز، جرج و مشك، شەمشەمەكوێرە و گەنە هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربونن، هەروەها مرۆڤی توشبوش.

چۆن خۆت دەپارێزیت؟

بەپێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عیراق، بۆ خۆپارێزی، پێویستە گۆشت بە باشی دابپۆشیت و بیپارێزی لە مێش و مەگەز، دوركەوتنەوە و خۆپارێزی لە كەسانی توشبوو، بە باشی پاككردنەوەی سەتڵی خۆڵ و خاشاك و داپۆشینی، لەگەڵ دانانی تەلمێش بۆ دەرگا و پەنجەرە.

وەزارەتی تەدروستیی عیراق و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، رێنمایی هاوڵاتیان دەكەن چیمەنی ماڵەكانیان ببڕن، لە پێناو رێگریی لە مێش و مەگەز و بڵاوبونەوەیان.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT