743 كەس بەهۆی كاریگەریی خۆڵبارینەوە رەوانەی نەخۆشخانەكانی كەركوك كراون

دیالە/ 5ی ئایاری 2022/ شەقامێكی سەرەكی قەزای خانەقین لەكاتی خۆڵباریندا. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

كەركوك ناو

لە شەوی رابردووەوە تا بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 114 كەس لە كەركوك بەهۆی كاریگەری خۆڵبارینەوە رەوانەی نەخۆشخانە كراون، ئەوەش بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی تەندروستی كە تایبەت بە (كەركوك ناو) دراوە، لە پێنج رۆژی رابردوشدا 743 حاڵەتی تەنگەنەفەسبون تۆماركراوە.

نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوك، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی ناوچەکانی عیراق و لە نێویاندا پارێزگای کەرکوکی گرتۆتەوە، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان هەیە، بەشێوەیەك لە ماوەی کاتژمێر 8ی شەوی رابردوو تا کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ هەینی 6ی ئایار، 114 کەس بەهۆکاری تەنگەنەفەسی سەردانی نەخۆشخانەکانی کەرکوکیان کردووە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر".

"زۆربەی ئەو کەسانەی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە تەمەنیان لەسەروی 40 ساڵییەوە بووە، هەندێك كەسیش بەهۆی قەڵەوی یان توشبونی بە نەخۆشی رەبۆوە خۆڵبارینەكە كێشەی بۆ دروستكردوە و ناچار بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە"، نەبیل حەمدی بوشناق وایوت.

زۆربەی ئەو کەسانەی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە تەمەنیان لەسەروی 40 ساڵییەوە بووە

هەر بەپێی ئاماری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، لە دووشەممە دووی ئایار (یەكەم رۆژی جەژنەوە)، تا ئەمڕۆ هەینی 743 كەس هەر بەهۆی كاریگەری شەپۆلی خۆڵبارینەوە لە كەركوك سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە.

نەبیل حەمدی، وتی "بەشێك لە نەخۆشەكان دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە، بەڵام بەشێكیان دۆخی تەندروستییان خراپ بووە و تا سێ رۆژ لەژێر چادێری تەندروستیدا بون"، بەڵام هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان بەو هۆیەوە تۆمارنەكراوە.

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی عیراق، بە درێژایی ئەم مانگە ناوبەناو خۆڵبارین لە پارێزگا جیاوازەكانی عیراق بەردەوامدەبێت و ئەگەری بارانبارینیش هەیە.

حەمدی بوشناق داوای لە هاوڵاتیانكرد خۆیان بپارێزن، بە مانەوە لە ماڵەكانیان، یان بەستنی دەمامك لەكاتی چونە دەرەوەیاندا، بۆ ئەوەی كاریگەری خۆڵبارینەكە لەسەریان كەمبێتەوە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT