ئەو كەسەی لە شاری كەركوك توشی تای خوێنبەربون بوو، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 6ی ئایار گیانیلەدەستدا، ئەوەش بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو).
سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، بە (كەركوك ناز)ی وت "بەداخەوە ئەو کەسەی چەند رۆژێك لەمەوبەر توشی تای خوێنبەربون بوو، نیوەڕۆی ئەمڕۆ گیانیلەدەستدا".
جەختیشیكردەوە "ماوەی چەند رۆژێک بوو باری تەندروستی ناجێگیر بوو و بەهۆیەوە لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدا بوو".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا كە تەرمی توشبووەكە شۆردراوە و لە چاوەڕوانی تیمی پزیشكی داد-دان بۆ هەڵگرتنەوە و دواتر ناشتنی تەرمەكە.
نەبیل حەمدی بۆشناق، لە یەكی ئایار و لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (كەركوك ناو)، یەكەم حاڵەتی توشبون بە تای خوێنبەربونی لە پارێزگاكە راگەیاند.
ئەو هاوڵاتییەی بە تای خوێنبەربون مردووە، تەمەنی 47 ساڵە و قەسابی گەڕۆك بووە. پێنج رۆژ بوو لە نەخۆشخانەی ئازادی لەژێر چاودێری تەندروستیدا مابۆوە.
ئەوەش یەكەم حاڵەتی مردن و توشبون بوو بە تای خوێنبەربون لە پارێزگای كەركوك،
لە چەند هەفتەی رابردودا وەزارەتی تەندروستی عیراق بەڕەسمی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربونی لە عیراق راگەیاند.
تای خوێنبەربون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.
دیارترین نیشانەكانی
دڵ تێكهەڵاتن و رشانەوە، لەگەڵ ئازاری جومگەكان، سكچون، تا، هیلاكی و لاوازی لە نیشانە دیارەكانی تای خوێنبەربونن.
هەروەها چەند نیشانەیەكی نەخۆشییەكە دەریدەخات كە مەترسی لەسەر ژیانی توشبوەكە هەیە، لەوانە خوێنبەربونی ژێر پێست، دروستبونی كێشە لە دەماغ، بێهۆشبون، لەكاركەوتنی گورچیلە، دروستبونی كێشەی هەناسەدان و لەكاركەوتنی جگەر، ئەوەش بەپێی وەزارەتی تەدروستیی عیراق و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی.
چۆن دەگوازرێتەوە؟
كاركردن یان تێكەڵبون لەگەڵ كەسانی توشبوو، سەربڕین و خواردنی ئاژەڵی توشبوو، بەكارهێنانی دەرزیی و ئامێری بەكارهاتوی توشبوو، لە هۆكارەكانی گواستنەوەی نەخۆشییەكەن، لەگەڵ سێكسكردن لەگەڵ كەسانی توشبوو بەبێ خۆپارێزی.
مێش و مەگەز، جرج و مشك، شەمشەمەكوێرە و گەنە هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربونن، هەروەها مرۆڤی توشبوش.
چۆن خۆت دەپارێزیت؟
بەپێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عیراق، بۆ خۆپارێزی، پێویستە گۆشت بە باشی دابپۆشیت و بیپارێزی لە مێش و مەگەز، دوركەوتنەوە و خۆپارێزی لە كەسانی توشبوو، بە باشی پاككردنەوەی سەتڵی خۆڵ و خاشاك و داپۆشینی، لەگەڵ دانانی تەلمێش بۆ دەرگا و پەنجەرە.
وەزارەتی تەدروستیی عیراق و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، رێنمایی هاوڵاتیان دەكەن چیمەنی ماڵەكانیان ببڕن، لە پێناو رێگریی لە مێش و مەگەز و بڵاوبونەوەیان.