فەرەیدون عادل، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك، جەختدەكاتەوە لەوەی چایخانەی مەجیدیە لە ناوەندی شاری كەركوك "بەهیچ شێوەیەك ناڕوخێنرێت"، بەڵكو وتی "نۆژەندەكرێتەوە".
ئەو وتانەی فەرەیدون عادل، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، ئەوەش دوابەدوای دەستكردن بوو بە روخاندن و كاركردن لە بینایەكی نزیكی چایخانەی مەجیدیە لەلایەن وەبەرهێنەرێكەوە، كە بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، بڕیارە بكرێت بە مۆڵێكی گەورەی بازرگانی.
هەروەها دوابەدوای ئەو دەنگۆیانە هات لەناو هاوڵاتیانی شارەكە، گوایا چایخانەی مەجیدیە بە یەكجاریی دەڕوخێنرێت.
فەرەیدون عادل، ئەمڕۆ شەممە 7ی ئایار، بە (كەركوك ناو)ی وت "چایخانەی مەجیدیە بەهیچ شێوەیەک ناڕوخێنرێت، بەڵکو لە ماوەیەكی نزیكدا نۆژەندەکرێتەوە لەسەر شێوازە کەلتورییە تایبەتییەکەی خۆی".
چایخانەی مەجیدیە یەكێكە لە چایخانە بەناوبانگ و هەرە كۆنەكانی شاری كەركوك، بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژویی دروستكردنی بۆ ساڵی 1928 دەگەڕێتەوە، ئەوەش لە سەردەمی عەبدولمەجید پاشا، بەڕێوەبەری ئەوكاتی شارەوانی كەركوك. ناوبراو لە پێكهاتەی كورد بووە.
چایخانەكە شوێنی دانیشتنی نزیکەی 250 كەسی لێدەبۆوە، هەروەها حەوزێکی ئاویشی تێدا بووە.
رۆشنیبریان و ئەدیبات لە دەوری حەوزەكەدا كۆدەبونەوە و كۆڕی رۆشنیبریی و ئەدەبییان دەبەست، هەروەها شوێنی كۆبونەوە و دانیشتن و یەكتربینینی خەڵكی شارەكە بووە.
شوێنی چایخانەكە موڵكی شارەوانییە و لە ساڵی 2003وە چایخانەكە داخراوە و تائێستا چۆڵە، بەڵام بەڕێوەبەری شارەوانی دەڵێت لەسەر هەمان شێوازی كۆن نۆژەندەكرێتەوە و جارێكی تر دەكرێتەوە. بەبێ ئەوەی كاتی نۆژەنكردنەوەكەی دیاریبكات.