سەلامەتی و كاریگەرییە لاوەكییەكان
"٥٠ ملیۆن ڤاكسینی كۆڤید-١٩ تێكەڵكراوە لەگەڵ پڕۆتینی ڤایرۆسی ئەیدز (HIV)، ئێستاش حكومەت دەڵێت ئەمە مەترسی دروستناكات، ئەمە بۆ دوو مەبەستە؛ یان بۆ پارە پەیداكردن یان بۆ ئەوەی ئەو خەڵكە تووشی نەخۆشی ئەیدز بكەن" ئەمە بەزمانی كوردی لە ئەكاونتێكی كەسی پۆست كراوە -١٣ جار شێر كراوە و زیاتر لە ١٠٠ لایكیشی بۆ هاتووە-.
چی لەپشت ئەم دەنگۆیەوەیە؟
لە دەستپێكی پرۆسەی كوتانەوە، لە ئاداری ٢٠٢١ـەوە، چەندین دەنگۆ لەبارەی سەلامەتی ڤاكسینەكان لە عیراق بڵاوكراونەتەوە، چەند ئەكاونتێكی بەناوبانگی سۆشیال میدیا، بەتایبەتی لە فەیسبوك، ئەو جۆرە دەنگۆ و زانیارییە چەوتانە لەبارەی كۆڤید-١٩ و پێکووتەکەیەوە بڵاودەكەنەوە بە زمانی كوردی یان بەزمانی رۆژانەی (جڵفەی) عیراقی كە ئێستا پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا ناتوانن چاودێرییان بكەن و سانسۆر بخەنە سەریان، بەهۆی تایبەتمەندییەكانی ئەو پیتانەی لەزمان و زاراوەكان بەكاردەهێنرێن، ئەم ئەكاونتانە زۆرجار ڤیدیۆی كورت بە زمانی تر بڵاودەكەنەوە، بەڵام وەرگێڕانی هەڵە و زانیارای ناراست دەكەنە ژێرنووس بۆ ئەو ڤیدیۆیانە.
ئەو ئەكاونتەی چەند دەنگۆیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا ڤاكسینی كۆڤید-١٩ی گرێدابوو بە پرۆتینی (HIV) دەیویست ترسی ئەوە لەناو خەڵكدا بڵاوبكاتەوە كە وەرگرتنی ڤاكسین مەترسی گەورە لەسەر تەندروستییان دروستدەكات لەداهاتوودا، ئەو دەنگۆیە دوای ئەوەهات كە توێژینەوەیەك لە هۆڵەندا بڵاوكرایەوە و باس لەوەدەكات "لەمیانەی توێژینەوەیەك بەسەرپەرشتی زانكۆی ئۆكسفۆرد، گۆڕاوێكی نوێی HIV دۆزراوەتەوە كە قوورەسترە و كاریگەری تەندروستی زیانبەخشتری هەیە".
بەستنەوەی نەخۆشی ئەیدز بە كۆڤید-١٩ دەنگۆیەكە مایەی نیگەرانییە، چونكە بەلای زۆربەی كۆمەڵگە موسوڵمانەكانەوە، نەخۆشی ئەیدز وەك شتێكی تابۆ و ئابڕوبەر سەیر دەكرێت، ئەوانەی ئەم دەنگۆیە بڵاودەكەنەوە دەزانن چەند خێرا دوودڵی و بێتمانەیی دروستدەكات بە تایبەتی لەنێو ئەو كۆمەڵانەی خوێندەوارییان كەمە و كەمتر توانای ئەوەیان هەیە دڵنیاببنەوە لەراست و دروستی ئەو زانیارییانەی پەیوەندییان بە دەنگۆكەوە هەیە.
ناتوانرێت ڤایرۆسێكی دیاریكراو بخرێتە ناو ڤاكسین و پێکووتەی ڤایرۆسێكی ترەوە
دڵنیابوونەوە لە راستییەكان
رێكخراوی تۆڕی سەلامەتی ڤاكسین - سەرچاوەیەكی متمانەپێكراوە و لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە دانپێدانراوە- وەڵامی ئەو دەنگۆیەی دایەوە كە لە چەندین وڵاتدا بڵاوبووەتەوە و رایگەیاند؛ ڤاكسینی كۆڤید-١٩ هیچ جۆرە بەكتیریایەك یاخود (HIV)ـی تیادا نییە، ڤاكسینەكە توانای كاردانەوەی لەشی مرۆڤ بۆ هۆكارەكانی نەخۆشی بەهێزتر دەكات، نەك كەمیبكاتەوە.
دكتۆر كەمال ئۆلەری، رێكخەری گروپە تەندروستییەكان لە كوردستان و عیراق، لە وەڵامی ئەو دەنگۆیەدا رونیكردەوە "ناتوانرێت ڤایرۆسێكی دیاریكراو بخرێتە ناو ڤاكسین و پێکووتەی ڤایرۆسێكی ترەوە، لەئەنجامدا، پرۆتینی (HIV) لە ڤاكسینی كۆڤید-١٩دا بونی نییە".
گرنگی ئەمە لە چیدایە؟
نەخۆشی ئەیدز، لە عیراق بە ئابڕوبەر تەماشادەكرێت و ئەو بۆچونە نەرێنییانەی لەبارەیەوە هەن بۆتە بەربەستێكی سەرەكی، بەڵگە هەیە ئەم دەنگۆیە بەربڵاو بووە و تاڕادەیەك هانی خەڵك دەدات كەسانی تر قایل بكەن ڤاكسینی كۆڤید-١٩ وەرنەگرن. یەكێك لەو كۆمێنتانەی لەژێر ئەم پۆستەدا نوسراوە دەڵێت "من ژەمی دووەمی ڤاكسینەكەشم وەرگرتووە، ئەمە مانای ئەوەی تەواو ژیانم فەوتا"، یەكێكی دیكەش نوسیویەتی "ئێستا چی بكەم؟ بۆچی پێشوەخت ئەمەتان پێنەوتین". یەكێكیش نوسیویەتی "لەوكاتەوی ئەم هەواڵەم بیستووە، بەردەوام خەڵك هاندەدەم هیچ پێکووتەیەك وەرنەگرن".
گرنگە وەڵامی ئەم قسانە بدرێتەوە كە لەدەنگۆكەدا ئاماژەی پێكراوە، بە ئامانجی رێگرتن لەبڵاوبوونەوەی لە داهاتوودا، گرنگە باسی ئەوە بكرێت ئەو هەواڵەی لەبارەی دۆزینەوەی گۆڕاوێكی نوێی ڤایرۆسی ئەیدز بڵاوكرایەوە و بووە هۆی دروستبونی ئەم دەنگۆیە هیچ پەیوەندییەكی بە پێکووتەکەوە نییە، چونكە توێژەرەكان لەو بڕوایەدان گۆراوە نوێیەكەی (HIV) لە ماوەی نێوان هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا لە هۆڵەندا سەریهەڵداوە و لە ١٠ ساڵی رابردوودا پاشەكشێی كردووە.