هاوڵاتیانی قەزای دوزخورماتوو جەختدەكەنەوە لەسەر ئەوەی ئاوی خواردنەوەی پاكیان دەستناكەوێت و دەڵێن "زێراب و پاشەڕۆی دەواجن تێكەڵ بە پڕۆژەی ئاوی قەزاكە دەبێت"، بەڵام بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاو، دەڵێت ئەو زانیارییانە "راست نین"، بەڵام زیاتر لە 10 ساڵە پڕۆژەكە پاكنەكراوەتەوە.
پڕۆژەی ئاوی دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی ناوچەكە كە ئاوی خواردنەوە بۆ تەواوی قەزای دوزخورماتوو و قەزای كفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان لە سلێمانی دابیندەكات، كە ئەو دوو قەزایە ژمارەی دانیشتووانەكانیان 207 هەزار و 244 كەسە.
گۆران عبدولوەهاب، دانیشتوى گەڕەكی كۆماری لە قەزاى دوزخورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەندین ساڵە پڕۆژەكە پاكنەكراوەتەوە، لە هەندێك شوێن زێرابی ماڵان و پاشەڕۆی دەواجنی تێدەچێت، یان خۆڵ و خاشاكی ناوچەكە تێكەڵ بە ئاوی پڕۆژەكە دەبێت... بەڕاستی دەمەوێت بڵێم بە كەڵكی خواردنەوە نایات".
"كە سەیری ئاوەكە دەكەم دەڵێم باشە دەبێت ئێمە ئەمە بخۆینەوە، باشە چۆن ماوین لە ژیاندا"، گۆران لەبارەی ئەوەی ئایا ئەوان ئاوی چی دەخۆنەوە؟ وتی كە هەندێك كەس فلتەری داناوە و هەندێك كەسیش ئاوی خواردنەوە دەكڕن، بەڵام خێزان هەیە ئاوەكە بۆ خواردنەوە بەكاردەهێنێت.
كە سەیری ئاوەكە دەكەم دەڵێم باشە دەبێت ئێمە ئەمە بخۆینەوە، باشە چۆن ماوین لە ژیاندا
پڕۆژەی ئاوی دوزخورماتوو، ئاو بۆ دوزخورماتوو، كفری و ناحیەكانی جەبارە، سەنگاو، ئامرلی و قەرەتەپە و سەدان گوند دابیندەكات، بەڵام لەئێستادا ئاوەكە بەباشی ناگاتە هەندێك ناوچە، لەوانەش ناو شاری كفری.
بەپێی وتەی ئەحمەد خەیروڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی دوزخورماتوو، پێویستە 10 ساڵ جارێك پڕۆژەكە پاكبكرێتەوە، بەڵام زیاتر لە 10 ساڵە بەهیچ شێوەیەك پڕۆژەكە پاكنەكراوەتەوە.
ئەحمەد بە (كەركوك ناو)ی وت "جگە لە دوزخورماتوو، لەم پڕۆژەیەوە ئاو بۆ بەشێك لە قەزاكانی داقوق، كفری و حەویجەش دابیندەكرێت، ئاوەكە پاكە و كێشەی پیسبونی نییە، بەڵام زیاتر لە 10 ساڵە پاكنەكراوەتەوە، هۆكارەكەی كەمی ئامێری پێویستە لەگەڵ هۆكاری تر لەوانە دەبێت یەك مانگ گەیاندنی ئاو لە پڕۆژەكەوە رابگیرێت، ئەوەش كارێكی زۆر قورسە".
لە بارەی كێشەی ئاوی پڕۆژەكەوە كە هاوڵاتیان دەڵێن پیسبووە و بە كەڵكی خواردنەوە نایات، ئەحمەد خەیروڵا، وتی "تەنیا روەكێك ناو رێڕەوی پڕۆژەكەی گرتووە و بە ئاسانی ناتوانرێت پاكبكرێتەوە، بۆ پاککردنەوەى پڕۆژەكە لەو رووەكە، پێویستە شوفڵ و ئامێر بەكاربهێنرێت، بەڵام ئەوە مانگێكی دەوێت و ناكرێت مانگێك ئاو لە هاوڵاتیان ببڕین".
قەزای كفری-یش كە یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك و لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانییە، كێشەی دەستنكەوتنی ئاوی خورادنەوەیان هەیە، كە تا ساڵی رابردوو سەرچاوەی سەرەكی ئاویان لە پڕۆژەی ئاوی دوزخورماتوو بوو.
سەرکەوت حەمید، لە گەڕەكی باوەشاسوار دەژیت لە كفری، وتی "بەڕاستی من نازانم سەرچاوەی ئاوەكەم چییە، بەڵام بەكەڵكی خواردنەوە نایات، ناچار فلتەری پاككردنەوەی ئاو بەكاردەهێنین".
بەڕاستی من نازانم سەرچاوەی ئاوەكەم چییە، بەڵام بەكەڵكی خواردنەوە نایات، ناچار فلتەری پاككردنەوەی ئاو بەكاردەهێنین
بیری ئیرتیوازیی و پڕۆژەی ئاوی دوزخورماتوو، دوو سەرچاوەی سەرەكی ئاوی خواردنەوەن بۆ قەزای كفری، بەڵام لەئێستادا ئاوی ئەو پڕۆژەیە ناگاتە كفری، ئەوەش قەزاكەی روبەڕوی كێشە كردۆتەوە.
حەمید رەشید، لێپرسراوى فەرمانگەى ئاوى کفرى، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا تەنیا پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستین لەڕێی بیری ئیرتیوازییەوە، ساڵانی رابردوو ئاوی پڕۆژەی دوزخورماتومان پێدەگەیشت، بەڵام ئەمساڵ ئاوەكەیان لەسەر بڕیوین و تەنیا دەگاتە ناحیەی جەبارە و شەش گوندی دەوروبەری".
ئەوە لەكاتێكدایە، ئەحمەد خەیروڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی دوزخورماتوو، دەڵێت "تا ئێستا ئاوى خواردنەوە بۆ کفرى دەنێرین و هیچ کێشە و گرفتێک نییە".
بەڵام بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، ئەو ئاوەی بەناوی كفرییەوە لە پڕۆژەی ئاوی دوزخورماتووەوە بەردەدرێتەوە، لە سنوری ناحیەی جەبارە زیادەڕۆیی زۆری كراوەتەسەر و بەهۆیەوە ئاوەكە ناگاتە قەزای كفری.
لەبارەی ئەو ئاوەی ئێستا لە كفری دەدرێت بە هاوڵاتیان، حەمید رەشید، لێپرسراوى فەرمانگەى ئاوى کفرى، وتی "ئاوی ژێر زەوییە و لەڕێی بیری ئیرتیوازییەوە بۆیان دابیندەكرێت، بەڵام كلسی زۆرە و شۆرە، خەڵك بۆ خواردنەوەی فلتەر بەكاردەهێنن".