هەریەكە لە ئاسایشی نیشتیمانی و خوێندنی كوردی لە كەركوك لێكۆڵینەوە دەكەن لە كەیسی گرتەیەكی ڤیدیۆیی تایبەت بە چاتی نێوان ئەكاونتی مامۆستایەكی ئامادەیی و خوێندكارێكی كچ، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبۆوە، ئەوەش لەكاتێكدایە مامۆستاكە بێتاوانی خۆی رادەگەیەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش سكاڵای تۆماركردووە و دەڵێت "ستەمم لێدەكرێت".
گرتە ڤیدیۆكە تایبەتە بە تۆماركردنی چەند نامەیەك كە لە ئەكاونتی تایبەتی مامۆستا رزگار عوسمان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە بۆ كچە خوێندكارێكی هەمان ئامادەیی رۆیشتووە كە مامۆستا رزگار تیایدا مامۆستایە و تیایدا داوای كاری نەشیاو و رێگەپێنەدراوی لێدەكات و ڤیدیۆكەش لەچەند ئەكاونت و پەیجێك بڵاوكرایەوە.
مامۆستا رزگار لەو ئامادەییە وانەی كوردی دەڵێتەوە و ناوی ئامادەییەكە لای (كەركوك ناو) پارێزراوە.
چیرۆكەكە چۆن بوو؟
بەپێی وتەی مامۆستا رزگار، لە کاتژمێر 2ی بەرەبەیانی 8ی ئایار، ئەكاونتەكەی بە "مۆبایلێكی جیاواز كراوەتەوە" و لەوێوە نامە بۆ ژمارەیەك خوێندكاری كچ و هەروەها كەسی تریش نێردراوە، "نامەوێت وردەكاری زیاتر بدركێنم، چونكە هەندێك سەرەداو دەستكەوتووە و كارەكەم بۆ لیژنەكانی لێكۆڵینەوە بەجێهێشتووە"، مامۆستا رزگار وایوت.
دواتر هەر هەمان رۆژ، گرتەیەكی ڤیدیۆیی یەكێك لە چاتەكان بڵاوكرایەوە و ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێی لای كەسوكاری خوێندكارانی ئەو خوێندنگەیە و خوێندنی كوردی لە كەركوك دروستكرد، هەر زوو ئاسایشیی نیشتیمانیی كەركوك و خوێندنی كوردی هاتنەسەرخەت.
گرتە ڤیدیۆكە هەر زوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سڕدرایەوە و پەیامنێری (كەركوك ناو) گرتەكەی بینیوە.
رزگار عوسمان، ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئایار بە (كەركوك ناو)ی وت "نامەكان ئاراستەی چەند كچە خوێندكارێكی ئامادەییەكە كراوە و بە ناوی منەوە داوای كاری بەدڕەوەشتییان لێكراوە".
نامەكان ئاراستەی چەند كچە خوێندكارێكی ئامادەییەكە كراوە و بە ناوی منەوە داوای كاری بەدڕەوەشتییان لێكراوە
"دور و نزیک پەیوەندیم بەو بابەتەوە نییە و لێی بێئاگام، ئامادەم بێتاوانی خۆم بسەلمێنم و سكاڵام دژی ئەو پەیج و ئەكاونتانەش تۆماركردووە كە بڵاویانكردۆتەوە"، مامۆستا رزگار وایوت.
بۆ هەمان مەبەست ئەو مامۆستایە چۆتە ئاسایشیی نیشتیمانیی عیراق و ئەوان بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەیان پێكهێناوە.
مامۆستا رزگار وتیشی "من بەئامانجگیراوم، كێشەم لەگەڵ كەس نییە و سكاڵاكەم تەنیا دژی ئەو پەیج و ئەكاونتانەیە كە بابەتەكەیان بڵاوكردۆتەوە". جەختیشیكردەوە "دور و نزیك ئەو كچە خوێندكارە ناناسم".
هاوكات خوێندنی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە و بڕیارە لە 24 كاتژمێری داهاتودا ئەنجامەكەی رابگەیەنێت.
پەروین فاتیح، سەرپەرشتیاری یەكەی خوێندنی کوردی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو كەیسە بۆ ئێمە شۆك بوو، لە مێژوی خوێندنی کوردیدا ئەمە یەکەمجارە کەیسی لەو شێوەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبێتەوە".
پەروین فاتیح وتی "لیژنەكەمان سەردانی خوێندنگەكەی كردووە، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان پێمانوایە ئەو بابەتە بەوشێوەیە نییە كە بڵاوكراوەتەوە"، نەیویست زانیاریی زیاتر لەسەر لێكۆڵینەوەكانیان ئاشكرابكات، تەنیا وتی "لە دونیای ئەمڕۆماندا وایلێهاتووە هەموو کەسێک دەتوانێت خەڵكی تر لەڕێی سۆسیال میدیاوە بكاتە ئامانج".
وتیشی "كەسوكاری ئەو كچەی كە ڤیدیۆی چاتەكەی بڵاوكراوەتەوە كە بۆ كچەكەیان چووە، هیچ سكاڵایەكیان تۆمارنەكردووە، بەڵام ئێمە بەردەوامین لە لێكۆڵینەوەی خۆمان".