زیاتر لە 250 باخ زیانیان بەركەوتووە
جوتیارانی گوندی خاڵۆبازیانی داوای قەرەبوو دەكەن

كەركوك/ 3ی ئایاری 2022/ جوتیارانی گوندی خاڵۆبازیانی لە ناحیەی قەرەهەنجیر لەناو باخەكانیاندا كە بەهۆی لافاوەوە لەناوچووە. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

جوتیارانی گوندی خاڵۆبازیانی سەر بە ناحیەی قەرەهەنجیر لە پارێزگای كەركوك داوای قەرەبوو دەكەن، دوای لەناوچونی 70 باخی میوە بەهۆی لافاوەوە. بەگشتی لە هەردوو ناحیەی قەرەهەنجیر و لەیلان 250 بۆ 300 باخ زیانیان بەركەوتووە، ئەوەش بەپێی ئاماری فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك.

ئەو 70 باخەی گوندی خاڵۆبازیانی، لە دوی ئایاری ئەمساڵ بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبونی لافاوەوە بە نزیكەیی تەواوی باخەكەیان لەناوچون، كە بریتی بون لە باخی هەنجیر، هەنار و قەیسی و جۆری تری میوە.

مەهدی هوزەیم،  دووەم رۆژی جەژن بە خاكەناز پاشماوەی رەز و باخەكەی پاكدەكردەوە، وتی "رەنجی 20 ساڵم فەوتا".

رەنجی 20 ساڵم فەوتا

مەهدی 65 ساڵ، تەمەنی باخەكەی 20 ساڵە، وتی "لەچەند خولەكێكی كەم هەموی لەناوچوو، ئەوەتا هەموو درەختەكان لەگەڵ زەوی تەخت بون و بیری ئاوەكانیشمان پڕبونەوە".

بەپێی ئامارێكی نافەرمی، كە (كەركوك ناو) لە جوتیارانی گوندەكەی وەرگرتووە، 70 باخ لەو گوندە لەناوچون. كە بژێوی یەكەمی ئەو خێزانانە لەسەر ئەو باخانە بوو.

"دەمانەوێت حكومەت قەرەبوومان بكاتەوە، چونكە زیانی زۆرمان بەركەوتووە"، مەهدی هوزەیم وایوت.

 جوتیارانی گوندی خاڵۆبازیانی، باسی زیانی باخەكانیان دەكەن. ڤیدیۆ: كەركوك ناو

خەڵكی گوندەكە زیانەكان بە ملیارێك دینار دەخەمڵێنن، بەڵام فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك دەڵێت، زیادەڕۆیی لەو خەمڵاندنەدا كراوە.

گوندی خاڵۆبازیانی سەر بە ناحیەی قەرەهەنجیرە، دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری كەركوك، گوندەكە دەكەوێتە دۆڵێكەوە و سروشتەكەی لەبارە بۆ باخداری، بەتایبەت هەنجیرەكەی بەناوبانگە.

رێبوار سامی، جوتیارێكی تری گوندەكە، وتی "تەنیا درەختەكان زیانیان بەرنەكەوتووە، بەڵكو زیان بە ئامێر، ریگاوبان و كانیاوەكانیش گەیشتووە و داوادەكەین حكومەت رێگاوبان و كانیاوەكان چاكبكاتەوە و ئامێری پێویست بۆ ئەو مەبەستە رەوانە بكات، هەروەها قەرەبوی جوتیاران بكاتەوە".

هەر بەهۆی لافاوەكەوە نزیكەی 25كم زیان بەر رێگای سەرەكی گوندەكە گەیشتووە، ئەوە رێگای سەرەكی دەیان گوندی تری ناوچەكەیە.

سەباح حەبیب، نوێنەرێكی كەركوك لە پەرلەمانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەدواداچونمان بۆ ئەو زیانانە كردووە، بەداخەوە زیانەكان زۆرن، ئێستا سەرقاڵی نوسینی راپۆرتێكم لەوبارەیەوە تا ئاراستەی حكومەتی عیراقی بكەین بۆ قەرەبوكردنەوەی جوتیاران".

زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "هۆبە کشتوکاڵییەکانمان راسپاردووە کۆی ئەو زیانانە بخەمڵێنن کە بەر زەوییە کشوکاڵییەکانی هەردوو ناحیەی قەرەهەجیر و لەیلان كەوتووە"، زیاتر وتی "بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوەوە سێ هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لەو دوو ناحیەیە زیانیان بەركەوتووە".

هۆبە کشتوکاڵییەکانمان راسپاردووە کۆی ئەو زیانانە بخەمڵێنن کە بەر زەوییە کشوکاڵییەکانی هەردوو ناحیەی قەرەهەجیر و لەیلان كەوتووە

بەپێی ئاماری كشتوكاڵی كەركوك بەگشتی لە هەردوو ناحیەی قەرەهەنجیر و لەیلان 250 بۆ 300 باخ زیانیان بەركەوتووە.

"ئێمە خەمڵاندنی خۆمان دەكەین و بڕی زیانەكان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەكەین، تاوەكو ئەوانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ قەرەبویان بكەنەوە... ئامانجی ئێستای ئێمە ئەوەیە رەزامەندی حكومەت بۆ قەرەبوكردنەوەیان بەدەستبهێنین"، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT