تەرمی مێردمنداڵێك لە باشیك دەدۆزرێتەوە، كە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوەیە و سەری بڕاوە، ئەوەش دوای چەند كاتژمێرێك لە بێسەروشوێنبونی.
عەدنان نەشوان سەلمان (16 ساڵ)، شەوی سێشەممە 10ـی ئایار لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و دیارنامێنێت، دوای ئاگاداركردنەوەی هێزە ئەمنییەكان، بۆ رۆژی دواتر تەرمەكەی دەدۆزرێتەوە.
"عەدنان بە چەقۆ كوژراوە، شوێنەواری زۆری چەقۆی پێوەیە، بە دەست و قاچەكانی و ئەندامەكانی تری جەستەیەوە شوێنی چەقۆ هەیە" بەوتەی عومەر باجەلان، پورزای كوژراوەكە بۆ (كەركوك ناو).
ئەو دەڵێت مێردمنداڵەكە كاتژمێر 9ـی شەوی سێشەممە لە ماڵ چۆتە دەرەوە، خێزانەكەی لە كاتژمێر 11ـی هەمان شەو بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوەدەكەن وەڵامناداتەوە، دوای سۆراغكردن و نەبونی هیچ زانیارییەك، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەكان لە بێسەروشوێنبونی ئاگاداردەكەنەوە.
خێزانەكەی عەدنان لە پێكهاتەی شەبەك-ـن، لە گوندی عومەر قاپچی ناحیەی باشیك نیشتەجێن و تەرمەكەش لە باخێكی دەوروبەری گوندەكەدا دۆزراوەتەوە.
"ئەو شەوەی عەدنان لە ماڵ چۆتە دەرەوە، یەكەمجار چۆتە چایخانەیەك و دوای كاتژمێرێك لەوێ نەماوە و بێسەروشوێن بووە" عومەر باجەلان دەڵێت "كوڕێكی تا بڵێی رێكوپێك بوو، خێزانەكەشی لەگەڵ كەسدا كێشەیان نییە و خەڵكی گوندەكە هەموو كەسوكاری یەكترین".
ئەو مێردمنداڵە، باوكی لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش"ـەوە كوژراوە، بۆ هاوكاری خێزانەكەی رۆژانە كرێكاری دەكرد و وازی لە خوێندن هێناوە.
"تەنیا داواكارییمان ئەوەیە تاوانبارەكە بە زوترین كات بدۆزرێتەوە و سزای خۆی وەربگرێت" عومەر وای وت.
هێزە ئەمنییەكان بەهۆی لێكۆڵینەوە ئامادەنین لەسەر روداوەكە هیچ لێدوانێك بدەن، كەسوكاریشی گومانیان لە كەس نییە و هیچ تۆمەتبارێك لەو روداوەدا دەستگیرنەكراوە.
زەنون یونس، بەرێوەبەری ناحیەی باشیك بە (كەركوك ناو)ـی وت "تەرمی ئەو مێردمنداڵە بەیانی چوارشەممە 11ـی ئایار بە سەربڕاوی دۆزرایەوە، ئەوەش دوای چەند كاتژمێرێك لە بێسەروشوێنبونی دێت، كە تائێستا نازانرێت بۆچی كوژراوە و كێ تۆمەتبارە، بەڵام لێكۆڵینەوە بەردەوامە و كەسوكاری دڵنیادەكەینەوە لە نزیكترین كاتدا بكوژەكە دەدۆزینەوە".
هەروەها وتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەوە یەكەم روداوی كوشتنە لە ناحیەی باشیك تۆماربكرێت.
گوندی عومەر قاپچی؛ گوندێكی شەبەك نشینە لە باكوری خۆرئاوای ناحیەی باشیك (12كم باكوری خۆرههڵاتی موسڵ) و دانیشتوانەكەی لە هەزار و 300 خێزان پێكهاتون.