لە دوو روداوی جیاوازدا؛ شوانێك لە قەزای حەویجە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراوەوە گیانیلەدەستدا و ژنێكیش بە فیشەك "كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا"، بەوتەی سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو).
هەردوو روداوەكە 13ـی ئایار لە قەزای حەویجە (55كم باشوری خۆرئاوای كەركوك) بوون.
سەرچاوەكەی (كەركوك ناو) وتی "بۆمبێكی چێنراوی داعش لە رێگای نێوان گوندەكانی عەلەویە و شالخ-ـی ناحیەی ریاز لە حەویجە تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە منداڵێكی تەمەن هەشت ساڵ گیانیلەدەستداوە".
ئەو منداڵە ناوی (ئەنمار عەبدولقادر ئەحمەد)، خەڵكی گوندی وەیسە و شوان بووە، تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادوەری كەركوك كراوە.
هەر لە قەزای حەویجە بەوتەی سەرچاوەكە "ژنێك لە گوندی ئەمینیەی قەزاكە فیشەكی كڵاشینكۆفی بە سكی خۆیەوە ناوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی گشتی حەویجە لەلایەن كەسوكاریەوە، بەهۆی ناجێگیری تەندروستییەوە گیانیلەدەستداوە".
ئەو ژنە لە دایكبوی ساڵی 2001ـە و بەوتەی سەرچاوەكە "بارودۆخی دەرونی باش نەبووە".