سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا، دەیانەوێت پێكەوە داواكاری خەڵكی ناوچەكە بۆ خزمەتگوزاری و بەرەنگاربونەوەی وشكەساڵیی بە بەغدا بگەیەنن، هەوڵیی بەهێزكردنی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی بدەن.
ئەو دەستپێشخەرییە لە چوارچێوەی كۆنگرەیەكدا هات، كە 10ـی ئایاری 2022 لە ناوەندی قەزای تەلەعفەر بەڕێوەچوو، بە ئامادەبونی لێپرسراوانی حكومەتی خۆجێیی و نوێنەرانی عەشیرەتە عەرەبیی، توركمانیی، كوردیی و ئێزدییەكان، بۆ تاوتوێكردنی تاوتوێی بارودۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاریی لە ناوچەكەدا.
ئەحمەد یوسف، قایمقامی بەعاج بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەشداربوانی كۆبونەوەكە جەختیان لە بەرەوپێشبردن و پتەوكردنی پێكەوەژیانی ئاشتی لە ناوچەكانی خۆرئاوای نەینەوا و بەرەنگاربونەوەی توندڕەوی كردەوە، هەروەها گفتوگۆیان لەسەر چەند دۆسیەیەكی تر كرد بۆ روبەڕوبونەوەی وشكەساڵیی و بە بیابانبون".
لەو كۆبونەوەیەدا قایمقامەكانی تەلەعفەر، بەعاج، حەزەر و شنگال لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەكانی عەیازییە، زومار، رەبیعە، مەحلەبییە، تەل عەبتە و قەیرەوان بەشداربون، جگە لە نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
"شاندێكی رەسمی و میللی پێكدەهێنرێت بۆ گواستنەوەی نەهامەتییەكانی خەڵكی ئەم ناوچانە بۆ حكومەتی فیدراڵی، بە ئامانجی قەرەبوكردنەوەی جوتیاران و ئەوانەی مەڕوماڵاتیان هەیە بەهۆی ئەو زیانانەی لە وشكەساڵیدا بەریانكەوتووە" یوسف دةڵووت تاوتوێی نەبونی خزمەتگوزاری لە قەزاكانی خۆرئاوای نەینەوا و گرنگی هەماهەنگی بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەكە كراوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە لە چەندین ناوچەی خۆرئاوای نەینەوا، جگە لە جموجۆڵی ناوبەناوی "چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش"، بارگرژی دیكەی چەكداریی هەن، وەك روداوەكانی سەرەتای ئەم مانگەی شنگال لە نێوان یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و سوپا.
عەبدولجەبار زوهێری، چاركوانی مەدەنی بە (كەركوك ناو)ـی وت لە كۆنگرەكەدا بەشداربوان رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ئامادەكاری بەستنی كۆنگرەیەكی گەورەتر تا رێككەوتن لەسەر ئەو بنەمایانە بكرێت كە خەڵكی ناوچەكە و چارەنوسیان پێكەوە دەبەستێتەوە، ئەوەش بۆ كەمكردنەوەی قەیرانەكان".
هەروەها رونیكردەوە بەشداربوان كۆكبون لەسەر هەماهەنگی نێوان ئیدارەكانی خۆرئاوای نەینەوا لە بوارەكانی ئیداریی، ئەمنیی و كۆمەڵگەییدا.
"ئەم كۆنگرەیە دەرفەتێكی راستەقینە و پەیامێكی رونە بۆ حكومەتی فیدراڵی و ناوخۆیی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە پێویستی گرنگیدان بەو ناوچانە، رێزگرتن لە تایبەتمەندییەكانیان بە ئامانجی بەهێزكردنی پێكەوەژیان و ئاشتی، بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی و توندڕەوی و چارەسەری كێشەكانی كۆمەڵگە لەڕێی دیالۆگ و كاركردن لەسەر بنەمای نیشتمانی دوور لە ئاڕاستەی سیاسی".
ناوچەكانی خۆرئاوای نەینەوا بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ژێر دەستی داعشدا بون و بەهۆی شەڕەوە روبەڕوی وێرانكاریی بونەوە.
قاسم محەمەد شەریف، قایمقامی قەزای تەلەعفەر بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەموو دامەزراوە رەسمیی، ئیداریی و ئەمنییەكانی تەلەعفەرمان راسپارد هەموو هەوڵێك بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ناوچەكانی خۆرئاوای نەینەوا بدەن و كەمتەرخەم نەبن".
كۆنگرەی داهاتووی ئیدارە خۆجێییەكان و خەڵكی خۆرئاوای نەینەوا بڕیارە لە قەزای بەعاج بەڕێوەبچێت بە بەشداری تێكەڵەیەك لە پێكهاتەكانی ناوچەكە لە نێویاندا كورد و عەرەب و توركمان و ئێزیدی.
"جێی خۆشحاڵیی ئیدارە و كۆمەڵگەی تەلەعفەرە كە دەستپێشخەریی پێكەوەژیان و ئاشتی پێشكەشبكەن، پێمانوایە خەڵكی خۆرئاوای نەینەوا زۆر پێویستیان پێیە چونكە ئامانج لێی نەهێشتنی توندوتیژی و توندڕەوییە، هەموان لەو پێناوەدا هەوڵدەدەن" قایمقامی تەلەعفەر وادەڵێت.
قەزای تەلەعفەر (69كم باكوری خۆرئاوای موسڵ) كە دانیشتوانەكەی 524 هەزار كەسن، لە ناوەندی قەزاكە و سێ ناحیە پێكهاتون، لە ناوەندی شار هەموی توركمان و لە ناوچەكانی دیكەش عەرەب و كورد هەن.