ژیانی ئاوارەیی، زەینەب محەمەد ماندوو دەكات، بەڵام بێهیوای نەكردووە

زەینەب محەمەد (39 ساڵ) لەگەڵ لەیلا ئەحمەد پەیامنێری (كەركوك ناو). فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

لەیلا ئەحمەد – كفری

زەینەب محەمەد (39 ساڵ)، وەك نمونەی خانمێكی كۆڵنەدەر دەردەكەوێت كە لە ژیانی ئاوارەییدا روبەڕوی دەیان بەربەست بۆتەوە، بەڵام توانیویەتی لەسەر پێیەكانی خۆی بوەستێت. ئەو لە نێو ژیانی سەختی ئاوارەیی و جیابونەوە لە هاوسەرەكەی، خەونی گەورەی هەیە، لەوانەش پێگەیاندنی منداڵەكانی و بەردەوامبونیان لە خوێندن، هەرچەندە بۆ ئەو كارێكی سەختە.

لە ناوەڕاستی 2014، كاتێك چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)، گەیشتنە پارێزگای دیالە، زەینەب و هاوسەرەكەی كە لەسەر مەزهەبی سوننەن، لەگەڵ هەرسێ منداڵەكەیان شاری بەعقوبە – مەڵەبندی پارێزگای دیالە –یان بەجێهێشت و ئاوارەی قەزای كفری بون لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی. ئەوەش لەترسی ژیانی خۆیان.

ماوەیەك لەناو شاری كفری مانەوە، بەڵام ژیان بۆ ئەوان زۆر قورس بوو، كرێی خانوو و بێكاریی، وایلێكردن بچنە ناحیەی سەرقەڵا، كە سەر بە قەزای كفرییە و یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق.

لەوێ زەینەب لە كێڵگەیەكی كشتوكاڵیدا كاری دەكرد، هاوسەرەكەشی كرێكاری دەكرد.

دوای ماوەیەك و لە ناو ساڵی 2016، زەینەب روبەڕوی نەهامەتییەكی تر دەبێتەوە، كاتێك پیاوەكەی لێی جیادەبێتەوە و هەرسێ منداڵەكەش بەسەر ئەودا بەجێدەهێڵێت.

"رۆژێك چوو بۆ كاركردن و ئیتر نەگەڕایەوە، دوای ماوەیەك بۆم دەركەوت، ژنێكی تری هێناوە و لەگەڵ ئەودا دەژیت"، ئەو هیچ زانیارییەكی تری لەسەر هاوسەرەكەی نەبوو، تەنیا وتی "چیتر ناگەڕێتەوە، لەو بەیانییەی كە بەجێیهێشتوین نەمبینیوەتەوە، تەنانەت هیچ هاوكارییەكیشمان ناكات بۆ بەخێوكردنی ئەو سێ منداڵە".

منداڵەكانی زەینەب دوو كچ و كوڕێكە، كوڕەكە ئێستا 11 ساڵە و كچەكانیش یەكێكیان نۆ ساڵ و ئەوەی تر شەش ساڵانە.

awara.kalar
كفری/ ئازاری 2021/ زەینەب محەمەد لەكاتی كاركردندا لە كێڵگەیەكی كشتوكاڵی لە گوندێكی قەزاكە. فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

"كە هاوسەرەكەم بەجێیهێشتم، بەڵێنمدا بەدیار منداڵەكانمەوە دابنیشم و بەخێویان بكەم، لە كێڵگەیەكی كشتوكاڵیدا بە كرێی رۆژانە لە گوندێكی سەرقەڵا كارم دەكرد و تائێستاش بەردەوامم، هەروەها كاری بەخێوكردنی ئاژەڵیش دەكەم".

یەكەم شت دوای جیابونەوەی لە هاوسەرەكەی، كە زەینەب بیری لێدەكاتەوە، ئەوەیە ئایندەی منداڵەكانی نەفەوتێت و بیانخاتە خوێندن، بەتایبەت دوای ئەوەی منداڵەكانی گەورەبون.

بۆ ئەوەش دەبوو منداڵەكانی بنێرێتە گوندێكی تر بۆ خوێندن، كە پێویستی بە كرێی هاتوچۆ هەبوو، لانیكەم مانگانە 50 بۆ 60 هەزار دینارێك، جگە لە پێداویستی خوێندن. ئەو كارەكەی كرد، بەڵام نەیتوانی بەردەوامی پێبدات، وەك خۆی دەڵێت لەبەر كرێی هاتوچۆ. بۆیە دوای چەند مانگێك منداڵەكانی لە خوێندن دەرهێنا.

زەینەب كۆڵنادات

زەینەب رۆژانە لە كاتژمێر حەوتی بەیانی كاردەكات تا 12:30ی نیوەڕۆ، دوای كاتژمێرێك لە پشودان دەستدەكاتەوە بە كاركردن، تا كاتژمێر پێنجی ئێوارە، بۆ ئەوەش مانگانە بڕی 390 هەزار دیناری پێدەدرێت، "ئەمە ژیانی هەموو رۆژێكی منە".

كارەكەی بریتییە لە چاندنی سەوزە و خزمەتكردن و رنین لە چەند خانویەكی پلاستیكیدا.

"هەموو شەو و رۆژێك بیرم دەكردەوە، ئەگەر منداڵەكانم نەخوێنن، ئایندەیان دەفەوتێت، نەمدەزانی چی بكەم"، زەینەب وتی "رۆژێك بیرمكردەوە داوای هاوكاریی لە پورێكم بكەم كە لە شاری بەغدا دەژیت".

زەینەب وتی "پێموت با دوو منداڵە گەورەكەم لە ماڵی ئێوە بمێننەوە و بخوێنن، ئەویش داواكەی قبوڵكرد، وتم خۆم خەرجییان پێدەدەم، تەنیا با لەماڵی ئێوەبن". ساڵی رابردوو زەینەب هەردوو منداڵە گەورەكەی نارد بۆ بەغدا، ئێستا لە پۆلی دووی سەرەتایی دەخوێنن.

"دوو سێ مانگ جارێك دەیانبینم، رۆژانەش لەڕێی فەیسبوكەوە قسە دەكەین"، زەینەب وتی "گرنگ لای من ئەوەیە خوێندنەكەیان نەفەوتێت".

گرنگ لای من ئەوەیە خوێندنەكەیان نەفەوتێت

زەینەب دەڵێت ئەو پارەیەی رۆژانە وەریدەگرێت بەشێكی بۆ خەرجی منداڵەكانی دەنێرێت و بەشەكەی تری، پێداویستی رۆژانەی خۆیان دەكڕن.

زەینەب نمونەی سەدان ژنی تری ئاوارەییە، كە بەهۆی شەڕ و ئاوارەیی، یان هۆكاری ترەوە هاوژینەكانیان لەدەستداوە، بەڵام هەموو توانای خۆیان بۆ بەخێوكردنی منداڵەكانیان تەرخانكردووە.

زەینەب وتی "ئاسودەم كە دوو منداڵەكەم چونەوە خوێندن، بەڵام ئێستا خەمی كچە بچوكەكەمە، كە شەش ساڵانە و ساڵێكی تر دەبێت بخوێنن، ئێستا بیر لەو دەكەمەوە".

"نامەوێت ئایندەیان وەك خۆم بێت، منیش یەك ساڵ خوێندم و دواتر لە خوێندن دەرهێنرام، ئێستا ئەمە ژیانی منە". زەینەب وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT