باڵیۆزی ئەمریکا بۆ (كەركوك ناو): دەوڵەت بە دەوڵەتی ئاسایی دانانرێت ئەگەر لەدەرەوەی دەسەڵاتیدا هێزی چەکدار هەبێت

هەولێر/15ی ئایاری 2022/ كۆبونەوەی ماسیۆ توڵەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لەگەڵ نوێنەری ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن. فۆتۆ: راگەیاندنی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر

سەلام عومەر

ماسیۆ توڵەر، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لە عیراق رایدەگەیەنێت كە هیچ دەوڵەتێک بە دەوڵەتێکی ئاسایی دانانرێت، ئەگەر چەك و هێزی چەكدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا هەبێت، داواشیكرد حكومەتی عیراق بە تەنگ ئەو پرسەوە بچێت و "مامەڵەیەكی حەکیمانە"ی بكات.

ئەو وتەیەی باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق، لە وەڵامی پرسیارێكی سەلام عومەر، پەیامنێری (كەركوك ناو)دا هات كە لە گفتوگۆیەكی كراوەدا خستیەڕوو، كە بۆ ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن رێكخرابوو و ئەمڕۆ یەكشەممە 15ی ئایار، لە هەولێر بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنەكەدا، كە رۆبەرت پاڵەدینۆ، کونسوڵی گشتیی کونسوڵخانەی ئەمریکا ئامادەی بوو، ماسیۆ توڵەر باسی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی حكومەتی ئەمریكای كرد لەگەڵ عیراق، لەگەڵ باسكردنی دەستوەردانی حكومەتی ئێران لە كاروباری عیراق، ئەوەش لەڕێی هاوكاریكردنی گروپە چەكدارەكانەوە.

ماسیۆ توڵەر، لە گفتوگۆكەدا پێشنیاز و راسپاردەکانی خستەڕوو سەبارەت بەو دۆخەی لە ئێستادا لە ناوچەكانی جێناكۆك رودەدەن بەتایبەت لە شنگال و دەشتی نەینەوا، كە بەهۆیەوە كۆچیی پێچەوانە دەستیپێكردۆتەوە و لەوەڵامی پەیامنێری (كەركوك ناو)دا وتی "ئاماژەت بە بابەتێکی زۆر گرنگ کردووە لە ناوچەکانی جێناکۆک کە یەکێکە لەو کێشانەی بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و دەبوو بەپێی دەستوری عیراق یەکلاییبکرایەتەوە... پێمانوایە پێویستە ئیرادەیەکی سیاسی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی وەک کێشەی ناوچەکانی جێناکۆک کە چەندین لایەنی تری ئابوری، ئەمنی و سیاسی لەخۆدەگرێت. دەبێت خەڵکی عیراق خۆیان لە چوارچێوەی دەستووردا ئەو کێشانە چارەسەر بکەن".

ڤیدیۆ: هەولێر/15ی ئایاری 2022/ بەشێك لە گفتوگۆی كراوەی ماسیۆ توڵەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لەگەڵ نوێنەری ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن.

سەبارەت بە بەهێزبونی میلیشاكان لەڕوی چەك و ئابورییەوە، بەتایبەت لە ناوچەكانی جێناكۆك، وتی "هیچ دەوڵەتێک بە دەوڵەتێکی ئاسایی دانانرێت ئەگەر چەک و هێزی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا هەبێت، ئەمەش بەزەقی لە شنگال بەدیکراوە، بەڵام ئەوە دیاردەیەکە تەنانەت پێش سەرهەڵدانی داعش هەبووە، لە دوای هاتنی داعشیش بەشێکی زۆر لەو میلیشیانەی پێشتر هەبون هەوڵی ئەوەیاندا لە سایەی حەشدی شەعبی شەرعیەت بەدەستبهێنن".

ماسیۆ توڵەر زیاتر وتی "پێویستە حکومەتی عیراق بەتەنگ ئەم بابەتەوە بێت، کە بەدڵنیاییەوە پێویستی بەوەیە بە سیاسەتێکی حەکیمانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەتایبەتی کاتێک مامەڵە لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارانە دەکەیت کە پەلیانکێشاوەتە ناو دامەزراوە ئابوریی و ئەمنییەکانی دەوڵەت و چەکی خۆیان هەیە".

ماسیۆ توڵەر، لەبارەی پرسی شنگالەوە، وتی "هەرچەندە فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی عیراق، جەختیکردەوە لەسەر جێبەجێکردنی رێکەوتنی شنگال، بەڵام هەموو ئەو هێزانەی لەوێن سەر بە دامەزراوە ئەمنییەکانی عیراق نین، بەشێکیان حەشدی شەعبین، یان گروپی چەکداری یاخود میلیشیان، بەڵام نابێت هیچ گروپێکی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بمێنێت، کەواتە ئەمە دەبێتە پرسێکی سەرەکی کە پێویستە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کاری بۆ بكەن بۆ ئەوەی بیانخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە".

"پێموانییە دەستوەردانی ئەمریکا لەم بابەتە سودی هەبێت، بەڵکو پێویستە عیراقییەکان خۆیان چارەسەری بکەن، کە باش دەزانن ئەم بابەتە وەک بۆمبێک وایە کە پێویستە زۆر بەوریاییەوە پوچەڵبکرێتەوە".

kunswlxana2
هەولێر/15ی ئایاری 2022/ كۆبونەوەی ماسیۆ توڵەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لەگەڵ نوێنەری ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن. فۆتۆ: راگەیاندنی کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر

ئەو گفتوگۆیە لەگەڵ ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن، بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەیەوە بوو وەكو باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق، كە بڕیارە سەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵ ئەلینا رۆمانۆڤسکی، کە دیپلۆماتێکی خاوەن ئەزمونی 40 ساڵەیە، جێی باڵیۆز ماسیۆ توڵەر بگرێتەوە.

ماسیۆ توڵەر باسی چاوەڕوانییەكانی حكومەتی ئەمریكاشی كرد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، تا لەو رێیەوە هاوكاریی و پەیوەندییەكانیان باشتر بكەن.

هەروەها وتیشی بەداخەوەیە عیراق بەجێدەهێڵێت، بەڵام وتی، "بەدڵنیاییەوە هەموو شتێکی باش هەر دەبێت کۆتایی بێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر دڵنیام ئەو کەسەی دوای من دەستبەکاردەبێت و ئەو تیمانەی لێرە لەهەولێر و لەبەغدا کاردەکەن هیچ درێخییەک ناکەن". جەختیشكردەوە دروستكردنی كونسوڵخانەی نوێ لە هەولێر بەڕێوەیە و وتی "ئێمە لێرەین و ناچین بۆ هیچ شوێنێكی تر".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT