پێنج چالاكوانی شیلادزێ بە دوو ساڵ زیندانی حوكمدران

هەولێر/ 16ی ئایاری 2022/ كەسوكار و ژمارەیەك لە چالاكوانان لەبەردەم دادگای كەتنی دووی هەولێر، دوای بڕیاری سزادانی پێنج چالاكوان. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دادگای كەتنی دووی هەولێر بڕیاریدا بە سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ هەریەكە لە پێنج چالاكوانی ناحیەی شیلادزێ لە پارێزگای دهۆك، ئەوەش بەپێی ماددەی یەكی یاسای ژمارە 21 و بە تۆمەتی "ئاژاوەگێڕیی و نانەوەی پەشێوی".

دادگا ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئایار لە دانیشتنێكدا ئەو بڕیارەی دەركرد، ئەوەش لەڕێوشوێنێكی ئەمنی توند-دا لەناو هۆڵی دادگا، بەپێی پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئاسایش بە چەكەوە لەناو هۆڵی دادگایكردنەكەدا بوو.

دادگاییكردنەكە كاتژمێر 10:30 دەستیپێكرد، بەڵام لەبەرئەوەی تیمی پارێزەران كە بەرگرییان لە مافی ئەو دەستگیركراوانە دەكرد، دۆسییەكەیان پێنەدرابوو بیبینن، دادوەر تەنیا 10 خولەكی پێدان تا دۆسییەكە بخوێننەوە، ئەوەش بەوتەی بەشدار حەسەن، ئەندامێكی تیمی پارێزەران بۆ بەرگریكردن لە دەستگیركراوانی بادینان.

بەشدار وتی "پێنج هەواڵدەر بۆ شایەتیدان لەسەر ئەو پێنج دەستگیركراوە هەبون، كە سیانیان هەواڵدەری نهێنی بون، بەڵام لەو پێنج كەسە كەسیان ئامادەی دانیشتنەكەی دادگا نەبون و تەنیا وتەكانیان خوێنرایەوە".

پێنج هەواڵدەر بۆ شایەتیدان لەسەر ئەو پێنج دەستگیركراوە هەبون، بەڵام كەسیان ئامادەی دانیشتنەكەی دادگا نەبون

بەپێی تۆمەتەكان كە بەر لە بڕیاری دادگا خوێنرایەوە، ئەو پێنج چالاكوانە لەڕێی گروپی مەسنجەر و ئینستگرامەوە، "خەڵكیان هانداوە بۆ خۆپیشاناندان و بە ئامانجگرتنی لێپرسراوانی ناوچەكە و هەڵكوتانە سەر بەرپرسان و بارەگا حزبییەكا".

دواتر دادگا بەپێی ماددەی یەكی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 بڕیاریدا بە دوو ساڵ زیندانی بۆ هەر چالاكوانێك.

ئەو پێنج چالاكوانە (مەحمود ناجی سدیق، نێچیرڤان بەدیع حاجی، كوڤان تارق جبرائیل، یوسف شەریف ئیبراهیم و ئەمجەد یوسف مستەفا". كە لە مانگی 12ی ساڵی 2020 دەستگیركراون.

لە دانیشتنەكەی دادگادا، ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران، نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ ئامادەی بون.

بەشدار حەسەن وتی "بە حوكمی ئەوەی 17 مانگە لە زیندانن، ئەگەر ئازادكردنی مەرجدار بیانگرێتەوە (سێ مانگ لێخۆشبون بۆ هەر ساڵێك)، ئەوا دوای جێگیركردنی بڕیارەكەی دادگا و وەرگرتنی ئازادكردنی مەرجدار لەلایەن دادوەرە، دەبێت 40 رۆژی تر هەر پێنجیان ئازادبكرێن".

یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 كە ئەو پێنج چالاكوانە و پێشتریش ژمارەیەك چالاكوانی تری بادینانی پێ سزادراوە، هەمان ئەو ماددەیە یاساییەیە، بەر لە 2003 سەدام حسێن، وەك سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بەسەر پێشمەرگە و ئۆپۆزسیۆنی رژێمەكەیدا جێبەجێیدەکرد. بەڵام بە گۆڕانكارییەكی كەمی پەرلەمانی كوردستانەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT