"ژنانی سەركەوتوو لە هەناوی نەهامەتییەوە"
خانمانی كەركوك چیرۆكی سەركەوتنی خۆیان بڵاودەكەنەوە

كەركوك/ 10ی ئایاری 2022/ ژمارەیەك لەو خانمانەی كەركوك كە لە چوارچێوەی كتێبێكدا چیرۆكی سەركەوتنی خۆیان دەگێڕنەوە. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

"ئیش نەما نەیكەم، نەهامەتی نەما نەیچێژم... رۆژێك لە ئارایشتگا شاگرد بوم، رۆژێك لە دوكانی فرۆشتنی جلوبەرگ و رۆژێكیش لە دایەنگە"، تولین سەلام فایەق بڕیاریدا پڕۆژەیەكی تایبەت بە خۆی هەبێت و لەوەشدا سەركەوتوو بوو، بەڵام بە چەندین نەهامەتیدا تێپەڕی.

لە مەراسیمێكدا 10ی ئایار، چیرۆكی 17 ژنی سەركەوتوی كەركوك لە چوارچێوەی كتێبێكدا بڵاوكراوەیە، ئەو خانمانە لەو ژنانەن بە تواناو پێداگری خۆیان و بە نەهامەتی زۆردا تێپەڕبون تا بون بە كارو پیشەی خۆیان، تولین سەلام یەكێك بوو لە چیرۆكەكانی نێو كتێبەكە.

تولین دوای تەواوكردنی ئامادەیی بازرگانی، هاوسەرگیری كردووە و بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان هاوشانی هاوژینەكەی كاری كردووە. بەهۆی ئەوەی بارودۆخی داراییان زۆر خراپ بووە، وەك خۆی دەڵێت.

"سەرەتا لە دوكانی فرۆشتنی جلوبەرگدا كارمدەكرد، دواتر لە ئارایشتگایەك و پاشان لە باخچەیەكی ساوایان".

دوای حەوت ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری منداڵێكیان دەبێت و لە دوای ئەوەوە بیردەكاتەوە كە دەبێت پڕۆژەیەكی تایبەت بەخۆی هەبێت.

"بیرمكردەوە لە چێشتخانەیەكی بچوكدا نانی بەیانی پێشكەش بكەم، بۆ ئەوەش شەقامی قودس-م لە كەركوك هەڵبژارد، پڕۆژەكە ئێستا زۆر سەركەوتووە و خۆم خاوەنی كارەكەمم"، تولین سەلام وتی "بەڵام بە نەهامەتی زۆردا تێپەڕبوم".

بیرمكردەوە لە چێشتخانەیەكی بچوكدا نانی بەیانی پێشكەش بكەم

یەكێك لەو نەهامەتییانەی كە لە دوای كردنەوەی پڕۆژەكەی روبەڕوی تولین بۆوە، هاككردنی پەیجەكەی بوو، "لەگەڵ بردنی 400 وێنەی خێزانیم، هەڕەشەیان كرد ئەگەر پارە نەدەم، وێنەكان بڵاودەكەنەوە و پەیجەكەم پێنادەن"، تولین وتی "لەگەڵ هاوسەرەكەم بڕیارماندا بڕە پارەیەكیان پێدەبن، ئەوەش لەپێناو وێنە و پەیجەكەشم كە تیایدا رێكلامم بۆ پڕۆژەكەم دەكرد"، بەڵام ئەو نەچووە ناو وردەكاریی ئەوەی چۆن وێنەكان بردراون و بۆچی سكاڵای نەكردووە. وتی "گرنگە ئەوەیە كۆڵندەیەت و ئەو شتانە سارددنەكەنەوە".

هەرچۆنێك بێت تولین، سەرەڕای ئەو نەهامەتییانە ئێستا پڕۆژەیەكی تایبەت بەخۆی هەیە و وەك خانمێكی سەركەوتوی كەركوك چیرۆكەكەی لە نێو كتێبی (ناجحات من رحم المعاناە) بڵاوكرایەوە.

rafel.obaidy
كەركوك/ 10ی ئایاری 2022/ رەفل عوبەیدی، یەكێك لە خانمە سەركەوتووەكانی كەركوك. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

ئەو كتێبە بەشێكە لە پڕۆژەیەكی رێکخراوى کوردستان بۆ چاودێریکردنى مافەکانى مرۆڤ، كە تیایدا هانی گەنجان بەتایبەت خانمان دەدات كۆڵنەدەن و بەربەستەكان لە بەدیهێنانی خەونەكانیان رایاننەگرێت.

پڕۆژەكە لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار ئەنجامدەدرێت كە خۆی لە چەندین چالاكیدا دەبینێتەوە، چالاكییەكەی كەركوك راهێنانی 40 كوڕ و كچ بوو بۆ دۆزینەوە و چاوپێكەوتن بوو لەگەڵ 17 خانی سەركەوتووە، ئەوەش بەپێی وتەی سەمیرە خالید، سەرپەرشتیارى پڕۆژەكە.

ئەو خانمانەی لە كتێبەكەدا چیرۆكەكانیان گێڕاوەتەوە لە هەموو نەتەوە و ئایینەكانی شارەكە بون، بۆ نمونە تولین سەلام توركمانە.

مهتاب ماجد کاکەیی، یەكێكی ترە لەو خانمانەی چیرۆكی خۆی گێڕاوەتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە منداڵییەوە حەز و خولیام بۆ میوزیك و ژەنینی ئامێر میوزیكییەكان هەبوو، بۆیە خوێندنەكەم هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو، سەرەتا پەیمانگەی هونەرە جوانەكانم لە كەركوك تەواوكرد، دواتر كۆلێژی هونەرم لە سلێمانی خوێند".

میهتاب دوای تەواوكردنی خوێندن، بیری لەوە كردەوە ببێتە خاوەن پڕۆژەیەكی تایبەت بەخۆی، بۆیە فێرگەیەكی میوزیكی لە كەركوك كردەوە.

mihtab
كەركوك/ 10ی ئایاری 2022/ میهتاب كاكەیی، یەكێك لە خانمە سەركەوتووەكانی كەركوك. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

"پڕۆژەكە سەركەوتووە، ئەوانەی خوازیارن فێری ئامێرە میوزیكییەكانیان بكەم، لە هەموو تەمەنێكن، دەمەوێت لەو كتێبەدا بڵێن كە هیچ شتێك ناتوانێت ببێتە رێگر لە بەدیهێنانی خەونەكان، ئەگەر پێداگری لە بەدیهێنانی بكەیت"، میهتاب زیاتر وتی "تانەی كۆمەڵگە ناتوانێت ژنان رابگرێت".

سیڤا حیکمەت ئیسحاق، لە ئایینی كریستیان و یەكێكی تر لە پاڵەوانانی كتێبەكە، دەڵێت بە نەهامەتی زۆردا تێپەڕبووە، لەوانەش لە تەمەنی 16 ساڵیدا بەبێ خواستی خۆی هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێكدا پێكراوە كە سەرباز بووە و خاوەن پێداویستی تایبەت بووە. دوای چەند ساڵێك جیابۆتەوە.

"رێگری لێدەكردم بخوێنم، دەیوت دەبێت وازبهێنیت، بەڵام من خەونی ئەوەم هەبوو خوێندن تەواوبكەم، سەرەتا ناچاربوم دەست لە خوێندن هەڵبگرم، بەڵام دواتر بڕیارمدا دوای خەونەكەم بكەوم".

رێگری لێدەكردم بخوێنم، دەیوت دەبێت وازبهێنیت

سیڤا دوای جیابونەوەی، دەچێتەوە خوێندن، بەشی فەلسەفە لە كۆلێژی ئاداب تەواو دەكات و ئێستا یەكێكە لە چالاكوانەكانی كۆمەڵی مەدەنی و داكۆكیكردن لە مافی ژنان.

پڕۆژەی بڵاوكردنەوەی چیرۆكی ژنانی خاوەنكار و سەركەوتوو لە كەركوك، نیشاندانی توانای گەنجانە بۆ ئەوەی ببێت بەوانەیەك بۆ ئەوانەی خەونی بەدیهێنانی خەونەكانیان هەیە، وەك سەمیرە خالید، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە بە (كەركوك ناو)ی وت.

hawar.fars
كەركوك/ 10ی ئایاری 2022/ هەوار فارس، یەكێكی تر لە خانمە سەركەوتووەكانی كەركوك. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

سەمیرە وتی "ئەو 40 گەنجەی كە كتێبەكەیان ئامادەكردووە، پێشتر خول و كۆرسی چۆنیەتی دروستبونی تیم و نوسینی پڕۆپۆزەل و كاری رێكخراوەییان بینیوە، نوسینی كتێبەكە بەشێك بووە لە چالاكییەكی ئەو كۆرس و خولانە".

ئەو پێنج پارێزگایەی پڕۆژەكەی تێدا ئەنجامدراوە، لە حوزەیرانی 2014 بەشێكی یان تەواوی پارێزگاكە كەوتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)، كە ژنان یەكێك بون لە قوربانییەكانی دەستی ئەو رێكخراوە چەكدارییە.

ئەو 17 خانمە، لە ڕێی سۆسیال میدیا و بەدواداچونی مەیدانییەوە دۆزراونەتەوە و چاوپێكەوتنیان لەگەڵداكراوە.

"بەداخەوە لەم شارە ئافرەتی سەركەوتومان زۆر زۆرە، بەڵام کۆمەڵگە رێگەى پێنەداون دەربکەون، دەمانەوێت لە داهانودا كاری زیاتر بكەین بۆ دەركەوتنی خانمانی سەركەوتوی كەركوك تا وەك هاندانێك چیرۆكەكانیان بۆ خەڵكی تر بڵاوبكەینەوە و ئەوانیش بەربەستەكانی بەردەمیان تێكبشكێنن"، سەمیرە خالید وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT