كوڕ و باوكێك كە 19 ساڵە ئاوارەن لە قەزای كەلار، لە ماوەی یەك كاتژمێردا هەردوكیان گیانیانلەدەستدا. بەپێی سەرچاوەیەكی پزیشكی لە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە كەلار، هەردوكیان بە جەڵتەی دڵ مردون.
حسێن ئەحمەد (71 ساڵ) و كوڕەكەی محەمەد حسێن (31ساڵ)، هەردوكیان 16ی ئایار لەناو نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە بەشی فریاكەوتن گیانیانلەدەستدا.
سەڵاح فەلاح، زاواى ئەو خێزانە، بە (كەركوك ناو)ی وت "خەزورم، دواینیوەڕۆی دوێنێ چۆتە بازاڕ بۆ ئاڵۆگۆڕكردنی دراو، لەوێ لەبەردەم دوكانێكی ئاڵۆگۆڕی دراودا كەوتۆتە سەر زەویی و هەندێك كەس بە پەلە گەیاندویانەتە نەخۆشخانەی پزیشكی كەلار - ئەهلییە-، دواتر كاتژمێر 7:30ی بۆ بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی شەهید هەژار گوازراوەتەوە، چونكە باری تەندروستی باش نەبووە". وتیشی "لەوێ گیانیلدەستداوە".
"لەوكاتەی گیانلەدەستدەدات، كوڕێكی لابووە بە ناوی محەمەد حسێن و مامۆستایە، ئەویش لەپڕ و لەناو نەخۆشخانە كەوتووە بەزەویدا و ئەویش گیانیلدەستداوە"، سەلاح كە خۆی كوردە و زاوای ئەو خێزانە عەرەبەیە، وتی "ئەو كوڕە باوكی زۆر خۆشدەویست، رەنگە تەحەمولی مردنی باوكی نەكردبێت".
ئەو كوڕە باوكی زۆر خۆشدەویست، رەنگە تەحەمولی مردنی باوكی نەكردبێت
ئەو خێزانە خەڵكی ناوچەی حەمرینن لە سنوری پارێزگای سەڵاحەدین و لە ساڵی 2003و لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە ئاوارەی قەزای كەلار بون و لەوێ دەژین.
سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە كەلار، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو كوڕ و باوكە هەردوكیان بە جەڵتەی دڵ مردون، كە باوكەكەیان هێنا لە هۆش خۆی چووبوو، ئەوەی پێویست بوو بۆمانكرد، بەڵام گیانیلەدەستدا، پێشتر نەخۆشی دڵی هەبووە".
لەبارەی گیانلەدەستدانی كوڕەكەی، سەرچاوەكە كە ئامادەنەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، بەهۆی ئەوەی مافی لێدوانی نییە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، وتی "كوڕەكەشی هەر لەناو بەشی فریاكەوتن كەوتە سەر زەوی، خێرا فریای كەوتین، بەڵام ئەویش گیانیلەدەستدا".
"پشكنینمان بۆ كوڕەكەی كرد، دەركەوت ئەویش بە جەڵتەی دڵ مردووە، پێدەچێت ئەم خێزانە بۆماوەیی نەخۆشی دڵیان هەبێت"، پزیشكەكە وایوت.
هەر شەوی رابردوو تەرمی كوڕ و باوكەكە بۆ زێدی خۆیان بەڕێكران.