جوتیاران ترسیان لێنێشتووە
خۆڵبارین گەشەی بەروبومە كشتوكاڵییەكان رادەگرێت

نەینەوا/ ئایاری 2022/ تیمێكی فەرمانگەی كشتوكاڵی موسڵ لەناو كێڵگەیەكی دانەوێڵەی گەنم-دا، كە بەهۆی كاریگەریی وشكەساڵی و خۆڵبارینەوە لەناوچووە. فۆتۆ: راگەیاندنی كشتوكاڵی موسڵ

عەمار عەزیز و لەیلا ئەحمەد

جوتیارانی عیراق دادوبێدادیانە بەدەست شەپۆلی خۆڵبارین كە ترسیان هەیە تەواو یان بەشێكی زۆری بەروبومە كشتوكاڵییەكانیان لەناوببات، كە لەئێستادا لە قۆناغی گەشەكردندایە بەرەو پێگەیشتن، لەوانەش سەوز و میوە.

شەپۆلێكی تری خۆڵبارین، لە هەینی 20ی ئایارەوە چەند پارێزگایەكی عیراقی گرتۆتەوە، ئەوەش دوای تەنیا چوار رۆژ دێت لە شەپۆلێكی چڕ، ئەوە جوتیارانی عیراقی ترساندووە و خەمی ئەوەیان هەیە، رەنجی ئەمساڵیان بفەوتێت و داوای هاوكاریی لە حكومەت دەكەن.

نازم عابد هورمز، جوتیارێکى کریستیانییە لە ناحیەى ئەلقوش لە دەشتی نەینەوا، ئەمساڵ 20 دۆنم زەوی بە تەماتە چاندووە، كەمتر لەوەش بە خەیار، وتی "ئەمە چوارەمجارە لە ئەمساڵدا خۆڵبارین دەشتی نەینەوا دەگرێتەوە، خۆڵبارین گەشەی كشتوكاڵەكەی راگرتوم، لەمكاتەدا كە وەرزی پێگەیشتنی تەماتە و خەیارە كاریگەری كردۆتە سەر بەرهەمەكان، بەكتریا و میكرۆب زیاد دەكات"، ئەو زیاتر رونیكردەوە "خۆڵبارین لەسەر گەڵای روەكەكان دەنیشێت، ئەوەش دەبێتەهۆی ئەوەی گەشەی رابگرێت".

خۆڵبارین گەشەی كشتوكاڵەكەی راگرتوم، لەمكاتەدا كە وەرزی پێگەیشتنی تەماتە و خەیارە كاریگەری كردۆتە سەر بەرهەمەكان

وەك چارەسەرێكی كاتی، بۆ ئەوەی خۆڵبارین كشتوكاڵەكە و بەرهەمەكانی نەسوتێنێت، نازم عابد كشتوكاڵەكە بە ئاو دەڕشێنێت و خۆڵەكەی لادەبات.

"بەداخەوە حکومەت هاوکاریمان ناکات، یان رێگای پێویستمان پێنیشاننادات، بەهۆی خۆڵبارینەوە هەندێك جوتیار دەڵێن دورنییە نیوەی بەرهەمەكانمان لەناوبچێت".

بەپێی ئاماری فەرمانگەی كشتوكاڵی ناوچەكە، 90 هەزار دۆنم زەوی لە ئەلقوش كراوە بە گەنم، زیاتر لەوەش بە سەوزە و میوە، لەوانەش خەیارو تەماتە بە پلەی یەكەم.

تەماتە، خەیار، كولەكە و بانجان، لەو بەرهەمانەت كە لەناو مانگی حوزەیراندا پێدەگەن، لە ئێستادا كە خۆڵبارین دەستیپێكردۆتەوە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت بۆ سەر گوڵ و بەرهەمەكانی.

tre-1
كەركوك/ ئەیلولی 2021/ باخێكی ترێ لە سنوری داقوق، بەرهەمەكەی نزیكە لەوەی بە تەواوی وشكبێت. فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس 

بەپێی پێشبینی فەرمانگەی كەشناسی عیراق خۆڵبارینی ئەمجارە دوو تا سێ رۆژ دەخایەنێت و لە هەندێك ناوچە چڕدەبێت.

شاکر یەحیا، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى چاندن لە ناحیەى باشیک بە (کەرکوک ناو)ى وت "كەمی بارانبارین هۆكاری سەرەكی خۆڵبارینە، خۆڵبارینیش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەربومە كشتوكاڵییەكان هەیە، لەوانەش سەوزە و میوە، بەتایبەت تەماتە و خەیار كە روەكەكانیان ناسكن و لە ئێستادا لە قۆناغی پێگەیشتنی بەرهەمەكانیانن، ئەو خۆڵە ئەگەر كشتوكاڵەكەش لەناونەبات، كاریگەری دەبێت لەسەر كواڵیتی بەرهەمەكە و بەروبومەكەی كەمدەكات".

"كاتێك خۆڵ لەسەر گەڵا و قەدی روەكەكان دەنیشێت، وادەكات كرداری رۆشنە پێكهاتن لە روەكدا بەباشی كاری خۆی نەكات، ئەوەش وادەكات رووەك بەباشی دوانۆكسیدی كاربۆن وەرنەگرێت و ئاڵوگۆڕی هەوا نەكات و كاریگەری لەسەر گەشەی رووەك دەبێت"، شاكر یەحیا كە دەرچوی كۆلێژی كشتوكاڵییە وایوت.

وتیشی "خۆڵبارین دەبێتەهۆی بڵاوبونەوە و گەشەكردنی بەكتریا و میكرۆب لەسەر جۆرەكانی كشتوكاڵ و لەناویان دەبات".

خۆڵبارین دەبێتەهۆی بڵاوبونەوە و گەشەكردنی بەكتریا و میكرۆب لەسەر جۆرەكانی كشتوكاڵ و لەناویان دەبات

بەڕێوەبەرى فەرمانگەى چاندن لە ناحیەى باشیک پشتڕاستی قسەی جوتیارانی كردەوە و وتی "حكومەت هیچ هەنگاوێك نانێت، حكومەت لانیكەم دەتوانێت، ئامێری رشاندن بدات بە جوتیاران تا دوای خۆڵبارین خۆڵ و تۆز لەسەر كشتوكاڵییەكانیان لاببەن، یان پێدانی دەرمانی دژە بەكتریا".

كەمی بارانبارین و دواتریش خۆڵبارین، كاریگەری راستەوخۆی كردۆتە سەر بەرهەمی كشتوكاڵی هەندێك ناوچە، بۆ نمونە ساڵی رابردوو كە بەهەمان شێوە بڕی باران لە قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا كەم بوو، بەڵام بۆ هەر دۆنمێك گەنم 800 بۆ 900 كیلۆ بەرهەمی هەبوو، بەڵام ئەمساڵ بە 600 كیلۆ خەمڵێنراوە، ئەوەش بەپێێ وتەی بەرەکات عیسا، بەڕێوەبەری هۆبەى كشتوكاڵ لە ناحیەى سنونێ لە شنگال.

ئەمساڵ لە قەزای شنگال 640 دۆنم زەوی كراوە بە گەنم و جۆ.

بەرەکات عیسا، وتی "ئەمساڵ سێجار خۆڵبارین لەم ناوچەیە رویداوە، هێشتا خەمڵاندنمان بۆ بەرهەمی ئەمساڵ نەكردووە، بەڵام دڵنیام زۆر لە ساڵی رابردوو بەرهەم كەمتر دەبێت".

وەرزی درۆێنە لە قەزای داقوق لە پارێزگای كەركوك. ئەم گەنمە بەرهەمی ئاوی باران نییە، جوتیاران خۆیان بەرێگای تر ئاویان داوە. ڤیدیۆ: كەركوك ناو

هەڵکەوت محەمەد، جوتیارێكی قەزای دوخورماتووە لە پارێزگای سەڵاحەدین، وتی كە كێشەی ساڵی رابردویان ئەوە بوو كە وشكەساڵی بوو، بەڵام ئەمساڵ وشكەساڵی و خۆڵبارینە.

"خۆڵبارینەكەی سەڵاحەدین زۆر چڕبوو، راستەوخۆ گەڵای شوتی و تەماتە و خەیارەكەی سوتاندووە و بەروبومەكەی زیانی بەركەوتووە، بۆ نمونە بەرهەمی خەیارەكە  وشكبۆتەوە و سیس بووە، لە بازاڕ پارە ناگات، گەنم و جۆیەكەش بووە بە تۆز".

گەڵای شوتی و تەماتە و خەیارەكەی سوتاندووە و بەروبومەكەی زیانی بەركەوتووە

بەگشتی لەو پارێزگایە ئەو دانەوێڵەیەی كە پشتی بە باران دەبەست بەرهەمەكەی نەبوو، تەنیا ئەوانە نەبێت كە جوتیاران بە رێگەی جیاواز خۆیان ئاویان دەدا.

"هیچ رێگەیەكمان نەماوە، حكومەت زۆر بێ پلانە و هاوكاری جوتیاران ناكات".

جگە لە سەوزە و دانەوێڵە، خۆڵبارین كاریگەری راستەوخۆی كردوتە سەر میوەجات، وەك محەمەد عزەت جوتیار لە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە جەختیكردەوە.

ئەو 101 دۆنم زەوی كشتوكاڵی هەیە و زۆرینەی باخە، لەوانەش خورما، وتی "پار بێئاوی تەنگی پێهەڵچنیم، ئەمساڵ خۆڵبارینیشی هاتەسەر".

"خورماكانم دوبازیان كردووە، دوباز بریتییە لە شیلەیەك كە لەسەر گەڵاكان دەچۆڕێت و دێتە خوارەوە، رەنگەكەی لە شێوەی هەنگوینە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی دارەكە توشی نەخۆشی بووە و هەر ساڵێك ئەو نەخۆشییە لێی بدات بەرهەمەكەی بەكەڵك نایات و خورماكە وشكدەبێت"، محەمەد عزەت وایوت.

محەمەد وتی "بەڕاستی چاوەڕێی رەحمەت خواین، حكومەت هیچ ناكات".

بەڕاستی چاوەڕێی رەحمەت خواین، حكومەت هیچ ناكات

بەگشتی هێشتا هیچ ئامارێكی رەسمی نییە، كە زیانەكانی خۆڵبارین لەسەر كشتوكاڵ و باخداری لە عیراق یان پارێزگا جیاوازەكان بخاتەڕوو، بەڵام ئاماژەكانی ئەو زیانانە لە ئێستاوە لەنێو بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دەبینرێن.

عەلی عومەر، جێگری پارێزگاری نەینەوا، وتی "هیچ روپێوییەك نەكراوە تا بزانرێت زیانەكان چەندن و چۆنن، بەڵام دەزانین خۆڵبارین زیانێكی گەورە لە جوتیاران دەدات، هیچ ئاماژەیەكیش نییە لەوەی جوتیارن قەرەبووبكرێنەوە"، جەختیشیكردەوە كە هیچ هەنگاوێك بە ئاراستەی هاوكاریكردنی جوتیاران لەو پرسەدا نەنراوە.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمە گرنگترین باسە كە ئێوە ئیشی لەسەر دەكەن، پرسەكە ترسناكە و هەقی ئەوەی هەیە حكومەت و پەرلەمان بجوڵێن".

"لەگەڵ بەشیك لە پەرلەمانتاران لە مشتومڕی ئەو باسەداین، دەمانەوێت بەپەلە پرسی زیانەكانی خۆڵبارین بیخەینە ناو گفتوگۆكانی پەرلەمانەوە، بۆ ئەوەی حكومەت ناچاربكەین هەنگاوێك بنێت و بەئاگابێتەوە لەو پرسە مەترسیدارە".

بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی "ئەو مەترسییە لەكاتێكدایە دۆخی سیاسیی عیراق شێواوە و هیچ بەرنامەو  پلانێك نییە بۆ رێگریكردن لە زیانەكانی خۆڵبارین و گۆڕانی كەشوهەوا".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT