بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە تابلۆكانی ناونیشان لەناو شاری كەركوك دابنرێنەوە، ئەمجارە بەهەر چوار زمانی عەرەبی، كوردی، توركمانی و سریانی دەبێت، ئەوەش بەپێی وتەی فەریدون عادل، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك.
فەرەیدون عادل لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "لە هەفتەی داهاتووەوە تەواوی ئەو تابلۆیانە لەناو شار و شەقامەكان دادەنێینەوە كە لە مانگی یەكی ئەمساڵ بەهۆی نەبونی زمانی كوردی لە شەقامەكاندا لابردران".
لە هەفتەی داهاتووەوە تابلۆكانی ناو شار لە كەركوك بەهەر چوار زمان دادەنرێنەوە
وتیشی "ئەمجارە زمانی كوردی زیادكراوە و بە چوار زمانی خەڵكی پارێزگاكە نوسراون". رونیشیكردەوە "دەبوو چەند مانگێك لەمەوبەر تەواوی تابلۆكانی ناونیشان لەناو شاری كەركوكدا هەڵبواسرێن، بەڵام بەهۆی نەبونی زمانی كوردی لەسەر تابلۆكان كارەكە راگیرا".
لە سەرەتای كانونی دووەمی ئەمساڵ، ژمارەیەك تابلۆی ناونیشان لە شەقامێكی كەركوك دانران، بەڵام تەنیا بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی نوسرابون و زمانی كوردی و زمانە لۆكاڵییەكانی تری پارێزگاكەی لەسەر نەبوو، ئەوەش ناڕەزایی لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیا-دا دروستكرد و بەهۆیەوە هەمان رۆژ لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە لابران.
فەرەیدون زەنگەنە، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك، ئەوكات لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی كەركوك، جەختیكردەوە لەوەی ئەركی ئامادەكردن و نوسین و هەڵواسینی تابلۆكان لای بەشی ئەندازەی هاتوچۆی شارەوانی كەركوكە، کارەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ هاتوچۆی كەركوك و بەڵێندەرێک ئەنجامداوە... "بەڵام هەڵەیەكی هونەری رویداوە، ئەویش ئەوەیە گوایا ئەگەر بە یەك زمان تابلۆكان بنوسرێت شۆفێر دەتوانێت بە ئاسانی بیانخوێنێتەوە، چونكە نوسینەکە گەورەتر دەبێت، بەڵام ئێمە ئەوەمان قبوڵ نییە".
ئیدارەی كەركوكیش هەر ئەوكات و دوای دروستبونی ناڕەزایی لەسەر نەبونی زمانی كوردی، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا داوایكرد هەمووان پەیڕەوی بەكارهێنانی زمانەكانی (عەرەبی، كوردی، توركمانی و سریانی) بكەن، لهسهر هەموو تابلۆكانی فهرمانگهكان و رێگاوبان و پردهكان و یهكه ئیدارییهكانی سهر به پارێزگای كهركوك.
"ههر كەسێك به پێچهوانهی ئهو راسپارده و رێنماییانه كار بكات جا له تابلۆی فهرمانگهدا بێت یان تابلۆی ڕێگاوبان و هاتوچۆ، به كارێكی تێكدهرانه ههژمار دهكرێت".
پڕۆژەی گۆڕین و نوێكردنەوەی تابلۆكانی ناونیشان بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ئەمساڵدا چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەر لەو گۆڕانكارییە نوسینی تابلۆكان بەهەرسێ زمانی عەرەبی، كوردی و ئینگلیزی بون.
پرسی بونی تابلۆكان بە زمانە لۆكاڵییەكانی پارێزگاكە بەلای هاوڵاتیانەوە، گرنگە، بەتایبەت ئەوانەی تەنیا زمانی دایك دەزانن.
بۆ نمونە موسا فواد، دوكاندارە لە كەركوك و لە نەتەوەی كوردە، دەڵێت ئەو خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بە زمانی كوردی خوێندووە و زمانی عەرەبی تێناگات، بۆیە وتی "گرنگە بە زمانی كوردیش بنوسرێت تا بتوانین بە ئاسانیی رێگاوبان و شوێنەكان شارەزابین".