باخەكانی تەلەعفەر
لە ناوچەیەکی گەشتیاریی و سامانێکی ئابورییەوە بەرەو بیابانێکی پشتگوێخراو

نەینەوا/ 2020 / كانیاوی سوباشی. سەرچاوەی ئاودێری باخەکانی قەزای تەلەعفەر.فۆتۆ: کەرکوک ناو

کەرکوک ناو – نەینەوا

"ئەم باخانە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی چەندین جۆری جیاواز و دەگمەنی میوە و سەوزە بون، بە تایبەتی هەنجیر، هەنار، توو و ترێ، چەندین خێزان پشتیان بە داهاتەکەی دەبەست"، عەبدولڕەزاق وەرەقە، بەمشێوەیە باسی باخەكەی كرد لە قەزای تەلەعفەر، بەڵام وتی "ئێستا پەراوێزخراوە و پێویستی بە پشتیوانیی و پاڵپشتی دامەزراوە کشتوکاڵییە پەیوەندیدارەکان هەیە، بۆ ئەوەی لە روبەرێكی سەوزەوە نەبێت بە بیابانێکی مردوو".

باخەکانی تەلەعفەر لە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا، ناوبانگیان لە پارێزگاكەدا هەیە، روبەرەكەی دەگاتە لانیكەم 500 دۆنم زەویی و لە كانیاوی سوباشییەوە ئاویان پێدەگات كە سەرچاوەی ئاوی باخەكانە.

باخەكان بژێوی ژیانی هەزاران خێزان دابیندەكات، بەرهەمەكەشی بۆ ناوخۆی قەزاكە و تەواوی پارێزگاكە رەوانە دەكات، بەڵام لە ئێستادا بایەخی ئەوتۆیان پێنادرێت، دوای ئەوەی لە سەردەمی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) روبەڕوی وێرانكاریی بونەوە.

وەرەقە بەردەوامبوو لە باسكردنی باخەكان "جۆرە دەگمەنەکانی هەنجیر لە باخەکانی تەلەعفەر بەرهەمدێن"، ئەو ناوی چەند جۆرێكی هێنا، (ئەحمەد قەرە، ئاغ ئاغاج، قزڵەر ئاغاج، بیس قەرە...)، هەروەها باسی بەرهەمی هەنارەكەیی و جۆرەكانیی بۆ پەیامنێری (كەركوك ناو) كرد.

"جوتیارەکان توانای پێویستیان لەبەردەستدا نییە بۆ بوژاندنەوەی باخەکانیان، بەشێکیان دەستبەرداری جوتیاری بون و رویانكردۆتەوە کارو پیشەی تر بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان"، ئەوەش دوای گەڕانەوەیان لە ئاوارەییدا كە بەهۆی شەڕی داعشەوە زیاتر لە سێ ساڵ ناوچەكانیان چۆڵكرد و زۆرێك لە باخەكان روبەڕوی لەناوچون بونەوە.

قەزای تەلەعفەر کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 524 هەزار كەس دەبێت، بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ ساڵی 2019، دابەشبون بەسەر سەنتەری قەزاکە و سێ ناحیەدا و بەدوری 69كم دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای موسڵ.

tlaafr-3-1-1
تەلەعفەر/ 2019/ بەشێک لە بەروبومەکانی باخەکانی تەلەعفەر لەبازاڕەکانی قەزاکەدا. فۆتۆ: کەرکوک ناو

جاسم محەمەد یونس، بەڕێوەبەری پێشووی ئاودێری تەلەعفەر دەڵێت، کەشوهەوای تەلەعفەر و خاكە بەپیتەكەی گونجاوە بۆ كاری كشتوكاڵی و باخداریی و وتی "زۆربەی زەوییەکانی تەلەعفەر بە کەڵکی کشتوکاڵ دێن، بۆیە خەڵکەکەی بەگشتی کاری کشتوکاڵکردنیان هەڵبژاردووە، لەوانەش پەموو، شوتی و كاڵەك... هەروەها دانەوێڵەی گەنم و جۆ، بەڵام زیاتر تەلەعفەر بە هەنجیر و هەنار بەناوبانگە".

لە ساڵانی ئاساییدا لە تەلەعفەر لە نێوان 150 تا 400ملم باران دەبارێت، ئەو بڕەش وەك شارەزایانی كشتوكاڵ و باخداری دەڵێن یارمەتیدەرە بۆ بوژاندنەوەی كانیاوەكانی نزیك لە باخەكە، لە نێویاندا كانیاوی سوباشی.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی نەینەوا، بەر لەدەستبەسەرداگرتنی قەزاکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، نزیکەی 100 هەزار دار هەنجیر و 70 هەزار دار هەنار لە تەلەعفەردا هەبوو کە پشتیان بەکانیاوی سوباشی دەبەست.

کانیاوی سوباشی لە بەشی خواروی قەڵای تەلەعفەرەوە هەڵدەقوڵێت بە بڕی یەك تا سێ مەتر لە چركەیەكدا و روبەری 500 دۆنم زەوی لە رەز و باخەكانی تەلەعفەر ئاودەدات، بەپێی وتەی بەڕێوەبەری پێشوی ئاودێری تەلەعفەر. ئەوە جگە لە چەندان دۆنمی چێندراو بە بەروبومی سەوزە هەر لەسەر كانیاوی سوباشی.

"ئاوی كانیاوەکە سودی لێ وەردەگیرێت بۆ ئاودێریکردنی باخەکان و بەروبومی سەوزە لە ماوەی نێوان 18ی ئایار تا 18ی تشرینی یەکەم، دواتر بەکاردەهێنرێت بۆ ئاودانی سەوزە زستانییەکان لەنێوان 19ی تشرینی یەکەم تا 17ی ئایاری ساڵی دواتر".

تەلەعفەر لە حوزەیرانی 2014ـدا کەوتە دەستی داعش و بەهۆیەوە دەوروبەری 225 هەزار کەس ئاوارەبون، لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی قەزاكە لە ئابی 2017ەوە تا ئێستادا نزیکەی سەدا 60ی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە.

tlaafr-5
تەلەعفەر/ 2021 / ژمارەیک گەنج و منداڵ لە کانیاوی سوباشی قەزاکەدا کۆبونەوە، سوباشی سەرچاوەی ئاوی باخەكانی قەزاكەیە. فۆتۆ: کەرکوک ناو

رەشید عەبدولقادر، مێژونوسێکی تورکمانە، دەڵێت "باخەكان مێژوویەكی كۆنیان هەیە و موڵکی دانیشتوانی تەلەعفەرن، كاتی خۆی لە فەرمانگەی تاپۆی عوسمانییەكان تۆمارکرابوو، روبەرێکی سەوزی فراوان پێکدەهێنێت کە لەباشوری سەنتەری قەزاکەوە دەستپێدەکات و روبەرەکەی 500 دۆنم زەوی کشتوکاڵی بە پیت و چێندراوە بە چەندین جۆر داری هەنجیر و هەنار کە تەلەعفەر پێی ناسراوە".

زیاتر وتی "ئەو باخانە هەر ئەوكات بە کانیاوی سوباشی ئاودەدرێن، سستمی ئاودێرییەکە پشت دەبەستێت بە شێوازی دابەشبونی باخەکان و خشتەی کاتی ورد دیاریکراوە بۆ ئاودانی هەر بەشێک لەو زەوییانە، بەجۆرێک هەر باخێک لەمانگێکدا چوار جار ئاودەدرێت، روبەری باخەکەش بە پێوانەی مشارە دیاری دەکرێت کە وشەیەکی تورکمانییە ئاماژە بۆ کۆمەڵە دارێکی هەنجیر یان هەنار دەکات ژمارەیان 15 تا 30 دار دەبێت".

لەپاڵ گرنگی باخەكان لەڕوی ئابوریی و بژێوی ژیانەوە، بە سامانێکی گەشتیاریی دادەنرێت.

رەشید وتی "پێویستە پارێزگاری لەو باخانە بکرێت، چونكە رۆڵیشی هەیە لە کەمکردنەوەی بە بیابانبون و پیسبونی ژینگە و کاریگەرییەکانی خۆڵبارین، بە یەکێک لەسیما دیارەکانی شارەکەش دادەنرێت".

پێویستە پارێزگاری لەو باخانە بکرێت، چونكە رۆڵیشی هەیە لە کەمکردنەوەی بە بیابانبون و پیسبونی ژینگە و کاریگەرییەکانی خۆڵبارین

هاوكات محەمەد عەلی، پسپۆڕی كشتوكاڵ و ئابوری لە تەلەعفەر، دەڵێت "کەشی باخەکان دڵڕفێنە و ئاسودەییت پێدەبەخشێت، سەرچاوەیەکە بۆ جوانی و ئارامی، بەڵام بەداخەوە لەدوای 2014 روبەڕوی وێرانکاری بووەوە و پێویستە دەستی ئاوەدانی و ژیانەوەی پێبگات بۆ ئەوەی وەک جارانی لێبێت و بکرێت بە شوێنێکی گەشتیاریی کە خەڵک لە دەرەوەی شارەکەوە روی تێبکەن". 

"ئەم باخانە دوچاری سوتان وتێکدان و لەناوبردن بون لەسەر دەستی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، هەروەها چەکدارەکانی ئەو رێکخراوە باخەکانیان وەک حەشارگەیەک بەکاردەهێنا لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بۆیە ببووە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکەکان و بەهۆیەوە زیانێکی گەورەی پێگەیشت... ئومێدەوارین ئەو رۆژانە بگەڕێتەوە کە تیایدا خێزانەکان لەشارە جیاجیاکانەوە بۆ گەشت ڕوویان لەناوچەکە دەکرد ومنداڵەکانمان بگەڕێنەوە بۆ گەمە ویاریکردن لەنێو ئەوپانتاییە سەوزانەدا"، بەوتەی رەشید عبدولڕەزاق.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT