(كەركوك ناو) دانپێدانانی لێپرسراوێكی داعش بڵاودەكاتەوە:
لە تۆڵەی كوشتنی براكەم، هەموو پێشمەرگە دیلەكانمان سەربڕی

كەركوك/ 2015/ ناوچەی مەكتەب خالید، ئەو شوێنەی لەكاتی هێرشێكی داعشدا ژمارەیەك پێشمەرگەی تیادا بێسەروشوێن بون فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

فەرماندەی سرییەی لەسێدارەدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، لە ویلایەتی كەركوك، داندەنێت بەوەی پێشمەرگە دیلەكانی لە قەزای حەویجە سەربڕیوە، ئەوەش ماوەیەكی كەم لە دوای نمایشكردنیان لەناو قەفەسی ئاسندا، جەختیشكردەوە "ئەو كارەم لە تۆڵەی كوشتنی براكەم بووە".

ئەو لێپرسراوە لە سەرەتای ئەمساڵ لەسەر دۆسییەی كوشتنی ئامۆزایەكی خۆی بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی لە هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكان لە باشوری كەركوك دەستگیركراوە و دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعشدا لە قەزای حەویجە لێپرسراوێتی هەبووە، لەوانەش فەرماندەی سرییەی لە سێدارەدان.

هەروەها دانیبەوەداناوە كە دەستی هەبووە لە چەندین تاواندا لە نێویاندا سەربڕینی پێشمەرگە دیلەكان، كوشتنی ئامۆزایەكی خۆی، كوشتنی موختارێك و هەوڵدان بۆ كوشتنی مامێكی، بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، لەگەڵ بەشداریكردنی لەچەند شەڕێكدا دژی سوپا و هێزی پێشمەرگە لە نێوان ساڵانی 2014 – 2017.

چۆنیەتی ئاشكرابونی

ئەو فەرماندەیە لە دوای دەستگیركردنی لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی كەركوك، لەسەر كوشتنی ئامۆزایەكی. لەنێو زیندان سەردانیكەری زۆر بووە، ئەوەش بۆ هێزە ئەمنییەكان جێی گومان بووە، بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو).

یەكێك لە سەرچاوەكان جەختیكردەوە "بەو هۆیەوە هێزە ئەمنییەكان چاودێرییان كردووە و بەدواداچونیان بۆ كردووە، لەگەڵئەوەشدا سكاڵای لەدژ هەبووە لەلایەن هەندێك كەسەوە بەوەی لە سەردەمی داعشدا بەیعەتی بەو رێكخراوە داوە  لە قەزای حەویجە و لەگەڵیاندا كاری كردووە".

دوای زیادبونی گومانەكان، هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكەن و دان بەهەندێك لە كردەوەكانیدا دەنێت، لەگەڵ داننان بەوەی لە زیندانیشدا سەرقاڵی رێكخستنی شانە نوستووەكانی داعش بووە.

دانپێدانانەكان

بەپێی دانپێدانانەكان كە دەست (كەركوك ناو)، كەوتووە، ئەو فەرماندەیە دانیبەوەداناوە كە دەستی هەبووە لە كوشتنی ئامۆزاكەیدا و وتویەتی "لەبەرئەوەی لە سنوری كەركوك و قەزای دوبز لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا كاریكردووە".

sarbazgay bagara
كەركوك/ 2018/ سەربازگەی بەگارە لە نزیكی قەزای حەویجە كە ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵی تێدا دۆزراوەتەوە و گوماندەكرێت روفاتی بەشێك لە پێشمەرگە دیلەكانی تێدابێت فۆتۆ: كاروان ساڵحی

هەروەها وتویەتی "پلانی بۆ سەربڕینی مامێكی داناوە، بەڵام پلانەكەی سەرینەگرتووە". ئەو مامەی بەپێی وتەی لێپرسراوەكەی داعش، شۆفڵی هەبوو و ساتری بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دروستكردووە، كاتێك پێشمەرگە لەگەڵ داعش لە شەڕدابون.

لەساڵی 2017 ئەو فەرماندەیە كە خەڵكی قەزای حەویجەیە، بەپێی دانپێدانانەكانی، لەگەڵ هێزێكی داعشدا چونەتە پشت سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە لە گوندی قوشقایە لە سنوری قەزای دوبز لە باكوری خۆرئاوای كەركوك و موختاری گوندەكەیان كوشتووە و لە گەڕانەوەشیاندا، ئەندازیارێكی جیولۆجی سەر بە كێڵگەی نەوتی خەبازەیان كوشتووە.

"لە تۆڵەی كوشتنی براكەم، بڕیارمدا پێشمەرگە دیلەكان سەربڕین"

لە بەرەبەیانی 30ی كانونی دووەمی 2015دا، چەكدارانی داعش، لە چوارقۆڵەوە (مریەم بەگ، مەلا عەبدوڵا، مەكتەب خالید و تەلوەرد) هێرشیانكردە سەر كەركوك، دوای كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەك و نزیكبونەوەیان لە كەركوك تێكشكان.

لەو شەڕەدا 17 پێشمەرگە كە زۆرینەیان خەڵكی كەركوك بون، بە دیلی كەوتنە دەست چەكدارانی داعش.

لێپرسراوەكەی داعش كە ئێستا لە زیندانە، لەو شەڕەدا بەشداربووە و لێپرسراوێتی هەبووە. هەروەها یەكێك لە براكانی كە لەو شەڕەدا سەركردایەتی كەتیبەی ئینغماسین بووە، كوژراوە، ئەو كەتیبەیە زیاتر بە گروپێكی خۆكوژی بەناوبانگ بون.

لە دانپێدانانەكانیدا لێپرسراوە دەستگیركراوەكەی داعش دەڵێت "براكەم لەو شەڕەدا بەدەستی هێزەكانی پێشمەرگە كوژراوە... بۆیە بڕیاردرا دەستبەجێ هێزێكی هەڵكوتانەسەر بە هانای كەتیبەی ئینغماسین-ەوە بچن، بۆ ئەوەی تەرمەكانیان نەكەوێتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە و لەوەشدا سەركەوتوبوین".

براكەم لەو شەڕەدا بەدەستی هێزەكانی پێشمەرگە كوژراوە... بۆیە بڕیاردرا دەستبەجێ هێزێكی هەڵكوتانەسەر كە خۆم سەركردایەتیم دەركرد بە هانای كەتیبەی ئینغماسین-ەوە بچن

هەر ئەو هێزە، پێشمەرگە دیلەكان لەگەڵ خۆیاندا دەگەیەننە قەزای حەویجە بەدوری 55كم لە باشوری خۆرئاوای كەركوك.

ئەو لێپرسراوەی داعش، دەڵێت "لە حەویجە قەفەسی ئاسنینمان بۆ دیلەكان دروستكرد، جلی پرتەقاڵیمان كردە بەریان و لەنێو بازاڕی حەویجەدا نمایشمانكردن"، زیاتر وتی "لە تۆڵەی كوشتنی براكەم، دوای چەند رۆژێك بڕیارمدا بە سەربڕین و كوشتنی پێشمەرگە دیلەكان"، بەو پێیەی ئەو لێپرسراوی سرییەی لە سێدارەدان بووە لە ویلایەتی كەركوكی رێكخراوی داعش.

ڤیدیۆ: ناوبازاڕی حەویجە، ئەو شوێنەی داعش لە 2015دا ژمارەیەك پێشمەرگەی دیلی تیادا نمایشكرد / ئەرشیفی كەركوك ناو

"هەر جارە و چەند پێشمەرگەیەكمان سەردەبڕی، خۆم سەرپەرشتی پرۆسەكەم دەكرد و بەدیاریانەوە بوم".

داعش هەر لەوكاتەدا وێنەی سەربڕینی یەك دوو پێشمەرگەی بڵاوكردەوە.

له‌ ناوه‌ڕاستی 2014وه‌ و تا كۆتایی ساڵی 2017 كە حكومەتی عیراق كۆتاییپێهێنانی داعشی لە عیراق راگەیاند، زیاتر له‌ 62 پێشمه‌رگه‌ به‌ دیل كه‌وتنه‌ ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ یان بێسەروشوێن بون، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم، كە 21 كەسیان خەڵكی كەركوك بون.

لێپرسراوەكەی داعش جەختیكردۆتەوە لەوەی، تەرمی پێشمەرگەكان بەشێكیان لە گوندی بەگارەیە لە نزیك قەزای حەویجە وبەشێكی تریان لە خانوی ماڵی دادوەرێكن هەر لەو قەزایە.

حەویجە دواین قەزای عیراق بوو كە لەژێر دەستی داعشدا دەرهێنرا لەتشرینی یەكەمی 2017.

شاخەوان زاهیر، برای ئاسۆ كە یەكێكە لە پێشمەرگە دیلەكانی دەستی داعش بە (كەركوك ناو)ی وت "لەم رۆژانەدا ئاسۆ مامەند، لێپرسراوی رێكخستنەكانی یەكێتی لە كەركوك و سەڵاحەدین، سەردانی كردین، ئێمە داوامان لێكرد یەكێتی هاوكاریمان بكات، لە هێنانەوەی روفاتی رۆڵەكانمان".

شاخەوان پێشتر لە راپۆرتێكی (كەركوك ناو)دا وتی كە دوای هەوڵێكی زۆر توانیویەتی لە نێو زیندانێكی كەركوك چاوی بە سەركردەیەكی دەستگیركراوی داعش بكەوێت و لەزاری ئەوەوە زانیویەتی روفاتی چەندین پێشمەرگەی دیل لە چەند گۆڕێكی قەزای حەویجە و سەربازگەی بەگارەی كەركوكن.

"ئەو بەرپرسەی داعش بە وردی باسی ئەوەیكرد چۆن پێشمەرگەكان شەهیدكراون، تەنانەت وتی روفاتی 10 پێشمەرگە لە گۆڕەكانی بەگارەیە و چوار روفاتیش لە نێو باخی ماڵی دادوەری حەویجەیە"، بەوتەی شاخەوان.

ئەو بەرپرسەی داعش بە وردی باسی ئەوەیكرد چۆن پێشمەرگەكان شەهیدكراون

شاخەوان چوارشەممە 9ی ئایار، بە (كەركوك ناو)ی وت "من جارێكی تر ئەو قسانەم بە ئاسۆ مامەند وت، ئەویش بەڵێنى پێداین کە بەزوترین کات لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان کارى لەسەر بكەن و لە مەراسیمێكدا تەرمەكان بۆ شاری كەركوك بگەڕێننەوە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی رابردوەوە لە هەوڵدایە شەهیدانە بۆ پێشمەرگە دیل و بێسەروشوێنەكانی شەڕی داعش ببڕێتەوە، لەكاتێكدا هێشتا كەسوكاری بەشێكیان بەدوایاندا دەگەڕێن و ئومێدیان ماوە لە ژیاندابن، یان لانیكەم لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا تەرمەكانیان بدۆزنەوە.

لێپرسراوی سریەی لە سێدارەدانی داعش، لەگەڵ داننان بەو كردەوانەیدا، دانیبەوەشداناوە كە دوای دەستگیركردنی لەناو زیندان، سەرقاڵی رێكخستنەوەی شانە نوستووەكانی داعش بووە، لەگەڵ ئەو زیندانیانەی كە سەر بەو رێكخراوە بون، هەر بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو).

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT