روئا ئەفەندی.. ئەو كچە توركمانەی رادەستی كۆت و بەندەكانی كۆمەڵگە نابێت

نەینەوا/ ئاداری 2022/ روئا ئەفەندی لەكاتی خوێندنەوەی دەقێكی ئەدەبی لە فێستیڤاڵێكی تەلەعفەر فۆتۆ:كەركوك ناو

كەركوك ناو – نەینەوا

روئا ئەفەندی، لە كۆت و بەندەكانی كۆمەڵگەكەی بەهێزتر دەردەكەوێت؛ نەك هەر بەسەریاندا زاڵ دەبێت، بەڵكو هاوكاری كچانی دیكەش دەكات بەربەستەكان تێپەڕێنن.

ئەو كچێكی توركمانی فرە بەهرە و بەتوانای ناسراوی قەزای تەلەعفەرە لە خۆرئاوای نەینەوا، لەنێو كۆمەڵگەیەكی پارێزگار بە دابوریتەوە كە چەندین كۆت و بەندیان لەسەر جموجۆڵ و چالاكی ژنان داناوە.

لە منداڵییەوە دەستیكردووە بە نوسین، چونكە پێیوایە ئامرازێكە بۆ دەربڕینی غەم و خۆشی و هەستەكانیی، "لەگەڵ هەر كتێبێكدا دەژیم كە دەیخوێندمەوە، رۆحی تیایدا دەدۆزمەوە و بەڵكو لەناو وشەكانیدا نقوم دەبم" روئا وای وت.

لە ساڵی 1990ـدا لە دایكبووە، لە خێزانێكی توركمانی مامناوەندی ناوچەی حەسەنكۆی ناوەندی تەلەعفەر، هەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی تەواو كردووە، تا دواتر چۆتە ناوەندی و ئامادەیی.

"لە 13 ساڵیدا باوكم لەدەستدا، شۆكێكی گەورە بوو بۆ من، لەكاتێكدا دایكیشم بەهۆی نەخۆشییەوە پێویستی بە چاودێری بوو، تا قەدەر ئەویشی لێسەندم و دوەم گەورەترین شۆكی ژیانم توش بوو لەدوای كۆچی باوكمەوە".

1-32
نەینەوا/ نیسانی 2022/ روئا لە رێكخستنی پێشانگەیەكی وێنەكێشانی منداڵان لە چالاكییەكانی شۆستەی كتێب لە قەزای تەلەعفەر فۆتۆ: كەركوك ناو

روئا؛ ئەزمونی ئاوارەییش دەكات دوای هێرشەكانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش" بۆ نەینەوا، ئەو بۆ (كەركوك ناو)ـی گێڕایەوە "ئاوارەییەكە لێكەوتەی نەرێنی لەسەر ژیانم دانا، چونكە لە سەروبەندی تەواوكردنی خوێندندا بوم، كاتێك روداوە تراژیدییەكانی هاوینی 2014 رویاندا و داعش دەستی بەسەر شارەكەماندا گرت، بەهۆیەوە هەموو شتێكمان بەجێهێشت و رومانكردوە كەركوك".

چەند ساڵێك بە ئاوارەیی لە كەركوك دەمێننەوە، دواتر دەچێتە موسڵ و لەوێ زانكۆ تەواو دەكات، دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی/ بیركاری.

"پێنج ساڵە بێبەرانبەر وانەبێژم، لە هەمانكاتدا لە باخچەیەكی ئەهلی منداڵاندا دەوام دەكەم، جگەلەوەی خۆبەخشم لە تیمێكی ناوخۆیی بۆ فریاگوزاری خێزانی كەمدەرامەت و چالاكی مرۆیی، لە رێكخستنی چالاكییەكانی شۆستەی كتێبیشدا رۆڵم هەیە، بەشێك لە كاتەكانی رۆژانەم بۆ نوسینی دەقی ئەدەبی و كورتە چیرۆك تەرخاندەكەم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەركی بەڕێوەبردنی ماڵەوەم لەسەرە" روئا وای وت.

بەشێك لە كاتەكانی رۆژانەم بۆ نوسینی دەقی ئەدەبی و كورتە چیرۆك تەرخاندەكەم

روئا هاوكات ئەندامی چەندین دامەزراوەی رۆشنبیری و مرۆییە.

لەبارەی شێوازی نوسینەكانیەوە دەڵێت "زیاتر تیشكدەخاتە سەر هەستەكانم، خەیاڵ و گێڕانەوەن، هەوڵدەدەم خەیاڵ بە واقیعەوە ببەستمەوە، تا بتوانم لەگەڵ ئەو دەقەدا بژیم كە دەینوسم".

"لای من كاتێكی دیاریكراو بۆ نوسین نییە، رەنگە وێنەیەك، یان روداوێك و تەنانەت بێدەنگی سەرچاوەی ئیلهامی نوسینەكانم بن".

لە كۆمەڵگەكەی روئا؛ دەرفەتی زۆر بۆ ژنان نییە تا تواناكانی خۆیان دەربخەن، ئەو پێیوایە "ژنان هەوڵیانداوە ئازادبن، خەباتیان كردووە تا خۆیان بسەلمێنین، هەوڵیش دەدەن وەك مرۆڤێكی سروشتی بژین كە مافەكانی كاركردن و دەربڕین و داهێنانیان گرەنتی بێت، تەحەدای نێرسالاری و دابونەریتەكانیش بكەن".

2-16
نەینەوا/ ئاداری 2022/ روئا لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وتارێك دەخوێنێتەوە لەبەردەم مونتەدای گەنجانی تەلەعفەر فۆتۆ: كەركوك ناو

روئا دەڵێت نوسینی ژنان؛ "رەنگدانەوەی هەستەكانی ناخیانە، كە خەیاڵێكی بەپیت و هەستێكی ناسك وبەهێزیان هەیە، وایدەبینم ژنان لە بابەتە ئەدەبییەكاندا هاوبەشی پیاوان دەكەن و جیاواز نین، نە لە پەخشان نە لە شیعریشدا، هەردولا واقیع بە خەیاڵەوە دەبەستنەوە".

دوو زنجیرە نوسینی بڵاوبۆتەوە یەكێكیان بە ناونیشانی (خۆشەویستی لە یەكەم زستاندا) ساڵی 2021 و ئەویتر بەناونیشانی (روداوەكانی نیشتمانی عەرەبی) ساڵی 2022، ئامادەكاری بۆ بڵاوكراوەیەكی دیكەش دەكات.

ئەو بە زمانی عەرەبی دەنوسێت لە پاڵ زمانی دایك (توركمانی).

روئا گروپێك بەناوی "ژنانی داهێنەری تەلەعفەر" بەڕێوەدەبات، لەگەڵ هاوڕێكانیدا دەست لەناو دەست كار بۆ پێشخستنی توانای داهێنان و رێكخستنی چالاكی و بەشداریكردنیان لە فێستیڤاڵەكاندا دەكەن، رۆڵیشیان هەیە لە قایلكردنی خێزانەكانیاندا تا هانیان بدەن و چاودێری بەهرەكانیان بكەن.

"ئاواتی گەورەم ئەوەیە جێ پەنجەیەكی رون بەجێبهێڵم و تۆوێكی بەرهەمدار بچێنم، دەستی هەموو كچێكیش بگرم كە هەوڵدەدات بە توانا بەستووەكانیی ئاشنابێت و بەهرەكانی دەربخات" روئا وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT