توركیا لەڕێی درۆنەوە دوجار بۆردومانی بارەگایەكی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال دەكات لە ناحیەی سنونێ، بەهۆیەوە چوار كەس كوژران كە یەكێكیان منداڵێكی تەمەن 12 ساڵانە.
بۆردومانەكە چوارشەممە 15ی حوزەیران كرایە سەر بارەگاكە كە دەكەوێتە ناوەندی ناحیەی سنونێ لە شنگال. دوابەدوای دەرهێنانی تەرمی كوژراو و بریندارەكان بەشێك لە خەڵكی ناحییەكە گردبونەوە و داوایانكرد بارەگای هێزەكان بچێتە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبون.
خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری لە ناحیەی سنونێ، بە (كەركوك ناو)ی وت "چوار كەس لە بۆردومانەكەدا كوژران، سیانیان ئەندامی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)ن و ئەوەی تر منداڵێكی تەمەن 12 ساڵانە".
چوار كەس لە بۆردومانەكەدا كوژران، سیانیان ئەندامی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)ن و ئەوەی تر منداڵێكی تەمەن 12 ساڵانە
تەمەنی ئەندامە كوژراوەكانی یەبەشە، لە نێوان 18 بۆ 40 ساڵیدایە. هەروەها چوار كەس برینداربون، كە وەكو میوان لە نێو بارەگاكەدا بون، بەڵام خودێدا ئەلیاس نەیوت ئەو چوار كەسە كێ بون.
بارەگاى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ، تەنیا 100 مەتر لە بارەگای ئاسایشی نیشتیمانی عیراقەوە دورە، هەروەها نزیكە لە بازاڕ، نەخۆشخانەی گشتی ناحیەكە و بەڕێوەبەرایەتی ناحیە.
ئەلیاس وتی "چەند دوکانێکى دەوروبەرى بارەگاكەمان زیانیان بەركەوتووە، چەندینجار داومان لە نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی عیراق كردووە، سنورێك بۆ هێرشەكانی توركیا دابنرێت، بەڵام توركیا بەردەوامە لەو هێرشانە".
ڤیدیۆ: ساتی بۆردومانكردنی بارەگای ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە.
خودێدا چوکى، بەڕێوەبەرى ناحیەى سنونێ، لەبارەی دۆخی تەندروستی بریندارەكانەوە، وتی "هەندێکیان برینەكانیان سەختە و تەندروستییان باش نییە، لەیەكەم بۆردوماندا سەردانی شوێنەكەمان كرد، هەوڵماندا ئەو مێردمنداڵە 12 ساڵانە رزگاربكەین و تەرمی كوژراو و بریندارەكان لەژێر بینا روخاوەكە دەربهێنین، بەڵام لەناکاو فڕۆکەى تورکیا بۆ جارى دووەم بیناكەی بۆردومانكرد".
دوابەدواى روداوەکە، ژمارەیەك لە خەڵكی سنونێ چونە بەردەم بارەگا بۆردومانكراوەكە و داوایانكرد تەواوی بارەگای هێزەكان لەناو شار نەمێنێت.
حەسەن خەلەف، یەكێك لە ئەندامانی ئەو گردبونەوەیە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەگەر گروپە چەکدارەکان، وەکو حەشدى شەعبى، یەبەشە و ئاسایشى ئێزدیخان و تەواوى هێزەکانى تر لە شنگال نەمێنن، توركیا بۆردومانی ناوەندی شارەكان ناكات... بۆیە هەمومان پێکەوە بە دەنگێکى بەرز داوامان کرد هەموو هێزە چەکدارەکان لە شنگال نەمێنن و بچنە دەرەوە".
"دەمانەوێت تەنیا پۆلیس و ئاسایشی نیشتیمانى پاراستنى شارە بگرنەئەستۆ"، حەسەن خەلەف وایوت.